فێستیڤاڵی كولتووری كوردی سكانده‌ناڤیا له‌ ستۆكهۆڵم سازكرا

٢٢هەمین فێستیڤاڵی كولتووری کوردی سكانده‌ناڤیا لە هۆڵی سۆڵنا-ی شاری ستۆكهۆڵمی پایته‌ختی سوێد به‌ڕێوه‌چوو. كوردستانیانی زۆربەی شارەکانی سوێد به‌شدارییان لە فێستیڤاڵه‌كه‌دا كرد.

٢٢هەمین فێستیڤاڵی كولتووری کوردی سكانده‌ناڤیا بە پێشەنگایەتیی ناوەندی کۆمەڵگه‌ی دیموكراتیی کورد له‌ سوێد (NCDK-S) و یەکێتیی ژنانی سارا بەرێوەچوو. هاوسەرۆکی ناوه‌نده‌كه‌ فەراه بۆزجالی و ڕیدڤان ئاڵتوون لە سەرەتای دەستپێکردنی فێستیڤاڵه‌كه‌ بەخێرهاتنی بەشداربوانیان کرد.

پاش خولەکێک رێزگرتن بۆ یادی شەهیدان، هه‌ریه‌كه‌ له‌ هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل ڕه‌مزی کارتاڵ، نوێنەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) له‌ سوێد ئەحمەد کاراموس و په‌رله‌مانتاری پارتیی دیموكراتیی گه‌لان (هەدەپە) دیلان دیرایەت تاشدەمیر وتاریان پێشکەش کرد.

مارگێرێتا سێدرفێلت په‌رله‌مانتاری پارتیی مۆدێراتی سوێد، دانیال ریاتزات په‌رله‌مانتاری پارتیی چەپی سوێد، قادر كاسرگا كاندیدی پارتیی سۆسیالدیموكراتی سوێد له‌ فێستیڤاڵه‌كه‌دا قسه‌یان كرد و پشتگیریی خۆیان بۆ گه‌لی كورد دووپات كرده‌وه‌.

هاوسەرۆکی کۆنگرەی گه‌ل ڕه‌مزی کارتاڵ له‌ وته‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌ شەڕی دەوڵەتی تورکیا كرد كه‌ لە رۆژاڤا، باکوور و باشووری کۆردستان لە دژی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیی کورد و گه‌لی کورد ده‌یكات. گوتی، ئه‌م شه‌ڕه‌ دەوڵەتی تورکیای ڕووبه‌ڕووی قەیرانێکی سه‌ختی سیاسی و ئابووری كردووه‌ته‌وه‌ و ڕۆژ بە ڕۆژ گەوره‌تر دەبێت.

کارتاڵ راشیگەیاند، یه‌كێتیی ئەورووپا بە تایبەتی لە ئەڵمانیا بە هۆی بەرژەوەندییه‌كانی خۆیەوە هاوکاری ئەردۆغان دەکات، بەڵام سەرکەوتوو نابن. ده‌ستنیشانیشی كرد گه‌لی کورد، هێزە دێمۆكراتییه‌كان و هەموو گه‌لانی رۆژهەڵاتی ناوین  ئەم قەیرانەی كه‌ تورکیای تێكه‌وتووه‌ وه‌ك دەرفەتێک بە کاردێنن.

ڕه‌مزی کارتاڵ لە درێژه‌ی قسه‌كانیدا گوتی، تاوەکوو دەوڵەتی تورکیا لە دژی کوردان شەڕ بکات مومكین نییه‌ بتوانێت لەنێو ئەو قەیرانە دەربازی بێت. ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد کە دەوڵەتی تورکیا لە دژی کوردان پێشكه‌وتووترین تەکنیک بەکاردێنێت، بەڵام سەرکەوتوو نابێت.

نوێنەری کەنەکە له‌ سوێد ئەحمەد کارامووس له‌ وته‌كه‌یدا باسی ئه‌وه‌ی كرد کە بزووتنه‌وه‌ی ئازادیی كورد تەواوی جیهانی لە هه‌ڕه‌شه‌كانی  چەتەکانی داعش ڕزگار كردووه‌. ناوبراو ڕه‌خنه‌ی له‌ هەڵوێستی وەڵاتانی ئەورووپا گرت و گوتی: «کورد لە رۆژاڤا بۆ مافی مرۆڤ، دیموكراتی و ئازادی شەڕیان کرد. له‌ سایه‌ی تێكۆشانی کوردان هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ر ئەورووپا نه‌مان. به‌ڵام ئێمە سوپاسی وه‌ڵاتانی ئەورووپا نابینین. بە گوێره‌ی ئه‌ردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا داعش تێرۆریست نییه‌. بە گوێره‌ی ئه‌و یەپەگە\یەپەژە و پەکەکە تێرۆریستن. ئێمه‌ وه‌ك كه‌نه‌كه‌ داوا له‌ یه‌كێتیی ئەورووپا ده‌كه‌ین کە لە دژی ئەردۆغان هەڵوێستیان هه‌بێت و پەکەکە له‌نێو «لیستی ڕێكخراوه‌ تێرۆریستییه‌كان» دەربێنێت.»

مارگێرێتا سێدرفێلت په‌رله‌مانتاری پارتیی مۆدێراتی سوێد ده‌ستنیشانی كرد کە ئه‌و وەکوو چاودێرێک بەشداری هەڵبژاردنەکانی تورکیای كردووه‌ و بینیویەتی کە هه‌ڵبژاردنێكی درووست و یه‌كسان به‌ڕێوه‌نه‌چووه‌. لە کوردستان زه‌خت له‌ گه‌ل کراوە بۆ ئەوەی دەنگ بە  ئاکەپە بدەن.

دانیال ریاتزات په‌رله‌مانتاری پارتیی چەپی سوێد له‌ میانه‌ی وته‌كه‌یدا ده‌ستنیشانی كرد کە پارتیی چەپ له‌ دژی هه‌موو هێرشێكی سه‌ر كوردان ده‌وه‌ستێته‌وه‌ و داوای لە حکوومەت کرد هەڵوێستێكیان پیشان بدات.

ریاتزات ئیدانه‌ی داگیرکاری و بۆردومانی دەوڵەتی تورکیای لە رۆژئاوا و باشووری کوردستان شەرمەزار کرد و گوتی: له‌پێناو ده‌رهێنانی ناوی په‌كه‌كه‌ له‌ «لیستی تێرۆر» پارتی چەپ هه‌وڵی زیاتر ده‌دات.

په‌رلەمانتاری هەدەپە دیلان دیرایەت تاشدەمیر ڕایگه‌یاند، تێکۆشانی هەدەپە تەنیا بۆ به‌دیموكراتی كردنی تورکیا نییه‌، به‌ڵكوو ئامانجیان به‌دیموكراتیبوون و ئازادیی رۆژهەڵاتی ناوینه‌.

تاشدەمیر هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد کە ژنان پێشه‌نگایه‌تیی تێكۆشان ده‌كه‌ن و گوتی: «ئەمه‌ شۆڕشی ژنە. لەم تێکۆشانەدا ئێمە به‌ تەنیا نین. ئێمە لەگه‌ڵ هەموو گه‌لانی بندەست تێدەکۆشین. هەنگاو بە هەنگاو ئێمە لە ئامانجی خۆمان نزیك ده‌بینه‌وه‌. سەرکەوتن بۆ ئێمه‌یه‌ و ئێمه‌ سه‌رده‌كه‌وین.»

گرووپی موزیکی یۆتۆپیا له‌ ئه‌مه‌ریكای لاتین، له‌پێناو پشتگیری لە کوردان، چه‌ند گۆرانی و سروودێكی شۆڕشگێڕی، ئازادی و ئاشتییانه‌یان پێشكه‌ش كرد.

هونەرمەندی سوێدی ستینا بێنگس و ئاندریاس له‌ فێستیڤاڵه‌كه‌ ڕایانگه‌یاند، ئەوان پشتگیری لە گه‌لی کورد دەکەن. پاشان گۆرانییه‌كانی خۆیان بۆ ئازادی و ئاشتی پێشکەش کرد.

لە فێستیڤاڵه‌كه‌دا گرووپی ئامارا، ئەڤین، ئەلۆنۆرا، محەمەد هەزەخی، محەمەد تاهۆ، كاوه‌، عه‌لی (ئاگری ژیان ) به‌رهه‌مه‌ هونەرییه‌كانی خۆیان پێشکەش کرد. هەروەها گرووپی هەڵپەرکێی یۆته‌بۆری به‌ چه‌ند تابلۆیه‌كی هه‌ڵپه‌ڕكێ فێستیڤاڵه‌كه‌یان ڕه‌نگینتر كرد.

s.m