لە سلێمانی فێستیڤاڵی كولتووریی سورنا ساز ده‌كرێت

ڕێکخراوی نوێگەر بۆ گه‌شه‌پێدانی هونەری به‌ درووشمی «ئاوازێک لە گەرووی نیشتیمانه‌وه‌» ڕۆژانی ٢٥-٢٦ی تشرینی یه‌كه‌م\٣-٤ی گه‌ڵاڕێزان یه‌كه‌مین فێستیڤاڵی كولتووریی سورنا ساز ده‌كات.

ئامادەکارییه‌كان بۆ فێستیڤاڵی كولتووریی سورنا بەره‌و تەواو بوون ده‌چن. بڕیاره‌ فێستیڤاڵه‌كه‌ ڕۆژی ٢٥ی تشرینی یه‌كه‌م\٣ی گه‌ڵاڕێزان كه‌تژمێر ١٦ له‌ ته‌لاری هونه‌ر له‌ شاری سلێمانی ده‌ستپێبكات و ٢ ڕۆژ ده‌خایه‌نێت. ڕێكخه‌رانی فێستیڤاڵه‌كه‌ ڕایانگه‌یاند، ١٤ گرووپ لە ناوچه‌ جیاوازه‌كانی باشووری کوردستان بەشداری ده‌كه‌ن.

مامۆستا نازەنین، به‌ڕێوه‌به‌ری کاری دیكۆر له‌ فێستیڤاڵه‌كه‌ به‌ ئاژانسی هەواڵی فورات ( ANF)ی ڕاگه‌یاند، ئامادەکارییەکان تەواو بوونە و لە كاتی خۆیدا فێستیڤاڵه‌كه‌ دەست بەکارەکانی خۆی دەکات. گوتیشی، ئامانجی فێستیڤاڵه‌كه‌ ناساندنی هونەری موزیك و گۆرانیی ناوچه‌ جیاوازه‌كانی باشووری کوردستانە. ناوبراو داوای لە هاوڵاتییان کرد بەشداری له‌م فێستیڤاڵه‌دا بكه‌ن.

s.m