موزیك هاوئاهه‌نگیی گه‌ریلا و سرووشته‌

گه‌ریلاكان سه‌ره‌ڕای شه‌ڕی سه‌خت، وێنه‌ش ده‌كێشن، موزیكیش ده‌ئافرێنن. ڕزگار ئۆره‌مار كه‌ له‌ مانگی ئابدا شه‌هید بوو، به‌ كاری موزیك سه‌رقاڵ ده‌بوو.

گه‌ریلاكانی چیای زاگرۆس له‌ لایه‌كه‌وه‌ دژی سوپای توركیا شه‌ڕێكی سه‌خت ده‌كه‌ن، له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌ر سه‌رقاڵ ده‌بن. هه‌لومه‌رج به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت، گه‌ریلاكانی ئازادیی كوردستان له‌ كولتوور و هونه‌ر دانابڕێن كه‌ به‌شێكی سرووشتیی ژیانه‌. له‌ هه‌ر سه‌نگه‌رێكی هه‌رێمه‌كانی پاراستنی مه‌دیا، هه‌ر گه‌ریلایه‌ك لایه‌نی كه‌م چه‌ند كارێك ده‌كات. هه‌ندێكیان وێنه‌ ده‌كێشن، هه‌ندێكیشیان موزیك ده‌ئافرێنن.

ڕزگار ئۆره‌مار ٩ی ئاب له‌ سنووری گوندی مه‌شكان-ی سه‌ر به‌ ناوچه‌ی گه‌ڤه‌ری جۆله‌مێرگ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵێكی خۆی تا دوایین فیشه‌ك دژی سوپای توركیای داگیركه‌ر شه‌ڕی كرد و شه‌هید بوو. ڕزگار ئۆره‌ماریش به‌ موزیك سه‌رقاڵ ده‌بوو. له‌ سه‌نگه‌ره‌ سه‌خته‌كانی زاگرۆس له‌ ده‌ستێكیدا ساز هه‌بوو له‌ ده‌سته‌كه‌ی دیكه‌شیدا چه‌ك هه‌بوو. ئۆ‌ره‌مار به‌ر له‌وه‌ی شه‌هید بێت، بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF) دوابوو.

ئێوه‌ ده‌توانن باسی ژیانی خۆتان به‌ر له‌ به‌شداربوون له‌نێو ڕیزه‌كانی گه‌ریلا بكه‌ن؟

ناوم ڕزگار ئۆره‌ماره‌، خه‌ڵكی گوندی ئۆره‌ماری جۆله‌مێرگم. ساڵی ١٩٩٤ هاتمه‌ نێو ڕێكخستنه‌وه‌. هه‌ڤاڵ ده‌هاتنه‌ گونده‌كه‌مان و كاریگه‌ریان له‌ من كرد. ئێمه‌ هه‌میشه‌ جاش و سه‌ربازی چه‌كبه‌ده‌ستمان ده‌بینین. كاتێك چه‌ك له‌ ده‌ستیاندا بوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی خاوه‌نی دونیا بن ڕه‌فتاریان ده‌كرد. به‌ڵام ئه‌و هه‌ڤاڵانه‌ی كه‌ چه‌كیان له‌ده‌ستدا بوو، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش زۆر دڵنزم بوون و به‌ ڕێزداری ڕه‌فتاریان له‌گه‌ڵ ده‌كردین. دواتر به‌هۆی زه‌ختی ده‌وڵه‌ت ناچار بووین بار بكه‌ین بۆ نێو شاری گه‌ڤه‌ر. له‌ گه‌ڤه‌ر له‌ بواری سیاسی ده‌ستم به‌ خه‌بات كرد.

چۆن بوو بڕیارتان دا بچنه‌ نێو ڕیزه‌كانی گه‌ریلا؟

گۆشه‌گیری له‌سه‌ر ڕێبه‌رایه‌تی و شه‌هیدبوونی ئه‌و هه‌ڤاڵانه‌ی كه‌ له‌ گوند ده‌مانناسین كاریگه‌ری له‌من كرد بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاری چوونه‌ ڕیزی گه‌ریلا بده‌م. من پێشتر ٣ جار بڕیارم دابوو كه‌ بێمه‌ نێو ڕیزه‌كانی گه‌ریلا، به‌ڵام هێنده‌ی هه‌وڵمدا سه‌رینه‌گرت. دوایین جار خه‌ون و خه‌یاڵه‌كانم به‌دیهاتن. دوای ئه‌وه‌ی جاری سێیه‌م ویستم به‌شدار ببم، هه‌ڤاڵان قبووڵیان كرد. خانه‌واده‌كه‌م بنه‌ماڵه‌یه‌كی وه‌ڵاتپارێزن، ٤ منداڵم هه‌ن.

له‌ كه‌نگینه‌وه ئامێری‌ ساز ده‌ژه‌نی؟

له‌ منداڵییه‌وه‌ من موزیك ده‌ژه‌نم و ستران ده‌ڵێم. خانه‌واده‌كه‌م په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ موزیك هه‌یه‌. له‌نێو بنه‌ماڵه‌كه‌مدا كولتووری ده‌نگبێژی به‌هێزه‌. هێشتا بچووك بووم كه‌ گه‌وره‌كانی خانه‌واده‌ كلامی ده‌نگبێژییان ده‌گوت. هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ساز په‌یوه‌ندیم هه‌بوو. ئه‌و كاته‌ باری ئابووریم باش نه‌بوو، هه‌ژار بووین. خانه‌واده‌كه‌م نه‌یانده‌توانی ساز بكڕن. منیش سازێكم له‌ ته‌خته‌ بۆ خۆم دروست كرد. به‌و شێوه‌یه‌ فێری سازلێدان بووم.

ساز هه‌میشه‌ پێگه‌ی له‌ ژیانی مندا هه‌بوو. بێگومان له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بوونی ته‌مه‌ن كه‌م جار سازمان لێدا، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی هاتمه‌ نێو ڕیزه‌كانی گه‌ریلا، زیاتر وره‌م له‌ ژیانی گه‌ریلا وه‌رگرت. له‌ چیا جوانه‌كانی وه‌ڵاته‌كه‌م وره‌ وه‌رده‌گرم. له‌م چیایانه‌دا هه‌موو شتێك هاوئاهه‌نگه‌. گه‌ریلا له‌گه‌ڵیدا هاوئاهه‌نگه‌. كاتێك مرۆڤ گه‌ریلا بێت، مرۆڤ خۆی وه‌ك به‌شێك له‌ سرووشت ده‌بینێت. موزیك ئیدی بۆ من به‌ مانای هاوئاهه‌نگی گه‌ریلا و سرووشت دێت.

گه‌ریلا ڕزگار ئۆره‌مار له‌ كۆتایی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا بۆ ئێمه‌ ده‌چڕێت. ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێت ده‌نگی ئه‌و بگه‌یه‌نینه‌ چیا، گوند و شاره‌كان.

s.m