پڕۆفیسۆر فانسا: پەرستگەی ٣٠٠٠ساڵەی «عه‌شتار» وێران کرا

ماموون فانسا، پڕۆفیسۆری شوێنەوارناس، ڕایگەیاند بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جه‌نگییه‌كانی سوپای تورکیاوە، «پەرستگەی عه‌شتار»، کە هی سەردەمی هیتی-یەکانه‌ و مێژووه‌كه‌ی بۆ ٣٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، وێران كراوه‌.

پڕۆفیسۆر ماموون فانسا، کە مێژووی هەرێمەکە باش دەناسێت و یه‌كێك بووه‌ له‌و شوێنه‌وارناسانه‌ی له‌ هه‌رێمه‌كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی كردووه‌، بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات دوا و ڕایگەیاند؛ بە زانابوون هێرشیان کردۆتە سەر پەرستگەکە.

عەین دارا، گوندێکە لە ١٤کیلۆمەتری شاری عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان هەڵکەوتووە. ئەو هەرێمە ٦٥کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای شاری حەله‌ب دوورە. ساڵی ١٩٥٥ بە لێكۆڵینه‌وه‌ی شوێنەوارناسان، چارەنووسی گۆڕدرا. بۆ یەکەمین جار پەیکەری شێرێک کە لە بەردی بازلتی درووست کرابوو دۆزرایه‌وه‌. دواتریش پەرستگەیەک وه‌ده‌ركه‌وت.

پەرستگەکە لە ٣ بەش پێکهاتووه‌ و لەنێوان ساڵەکانی ١٢٠٠ – ١٣٠٠ی پێش زایین درووستکراوە. پەرستگەکە لە سەردەمی باڵادەستی هیتی‌-یه‌كان بۆ خوداوەندی «عه‌شتار» بنیاتنراوه‌. هەروەک ئاشووری و بابلییەکان، عه‌شتار بۆ هیتیتییه‌كانیش خوداوەندێکی سەرەکی بوو.

ئەو شوێنه‌واره‌ مێژووییە كه‌ وێرانكراوه‌، یه‌كێك لە هێماکانی شارستانه‌تیی میزۆپۆتامیایە. دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هاوشێوه‌ی داعش، هەفتەی ڕابردوو به فڕۆکە بۆردومانی کرد و  ئەو پەرستگە مێژووییەی وێران کرد. 

دەربارەی وێرانکردنی ئەو شوێنەوارە مێژووییە، ڕێکخراوی کولتوور، زانست و بارهێنانی نەتەوەیەکگرتووەکان (یونسکۆ)، تەنیا پەیامێکی ئیدانه‌كردنی بڵاوکردەوە. دەوڵەتی تورکیاش تا ئێستا بەرپرسیاڕێتی ئەو کارە قێزەونەی وەئەستۆ نەگرتووە. بەڵام بەپێی ئەو شوێنەوارناسە ئەڵمانییانه‌ی لە هەرێمەکە خەریکی لێکۆڵینەوەن، ئەو پەرستگەیە لە گوندی «عەین ‌دارا»، بە زانابوون، بۆردومان و خراکراوە.

پڕۆفیسۆر ماموون فانسا باسی گرینگی ئەو پەرستگەیە و بەرهەمە مێژووییەکانی دیکەی ئەو هەرێمە ده‌كات کە لەبەریەک هەڵوەشێنران. ناوبراو ده‌ڵێت: لێرە ڕوون و ئاشکرایە کە لە دوای داعش و ڕژێمی ئەسەد، ئەم جارەیان تورکیا دەستی كردووه‌ به‌ وێرانکردنی شوێنه‌واره‌ مێژووییەکان.

پڕۆفیسۆری شوێنه‌وارناس ماموون فانسا، ئاماژەی بەوەدا كه‌ ئەو زۆر جار لەو هەرێمە گەڕاوە و یەکێك بووه‌ لە ئەندامانی گرووپی لێکۆڵینەوە لەو شوێنه‌واره‌.

«عەین‌ دارا، لەو هێڵەی کە لە حه‌له‌ب-ەوە ده‌ستپێده‌كات و هەتا ئه‌نادۆڵ درێژ دەبێتەوە، یەکێک لەو شوێنه‌واره‌ دەگمەنانەی سەردەمی هیتییەکان بوو. په‌رستگه‌كه‌ میوانداری لە گەلێک کولتووری هەرێمەکە و بە تایبەت بیزانسییەکان کردووە. بەڵام لە وێنەکانه‌وه‌ دیارە کە ٧٠٪ی هەڵوەشێنراوه‌. هیچ بە ڕێکەوت نییە کە یەکێک لەو شوێنانەی هەڵوەشێندراوه‌، ئەو پەرستگەیەیه‌.»

ئه‌و پڕۆفیسۆره‌ شوێنه‌وارناسه‌ ده‌ڵێت؛ ئەوەی سوپای تورکیا لەسەر ئەو ئاسەوارە کردویەتی، تاوانە لە دژی مێژووی مرۆڤایەتیی.

ناوبراو ده‌شڵێت؛ لە هەرێمەکە شەڕڤانانی کورد و سوپای تورکیا بوونیان هەیە. مادام شەڕڤانانی کورد فڕۆکەیان نییە کەواتە تەنیا لایەنێک دەمێنێتەوە کە دەستی کردووە به ژینۆسایدی کولتووری و ئەویش دەوڵەتی تورکیایە.

ماموون فانسا، لە درێژەی قسەکانیدا وتی؛ به‌ بڕوای من، سوپای تورکیا بەر لەوەی هێرش بکات، دەیزانی کە لەو شوێنە شوێنه‌وارێكی مێژوویی هەیە. لەبەرئەوەی کە ئەو بەرد و پەرستگەیە زۆر به‌رز و گەورەن، بە ئاسانی بە فڕۆکە دەبیندرێن. هەر بۆیە من پێم وایه‌ کە ئەو هێرشە بە زانابوون ئەنجام دراوە. فڕۆکەکانی ڕژێمی ئەسەد-یش پێشتر بە بیانووی ئەوەی نەیارەکانی لە شوێنە مێژووییه‌كاندا خۆیان شاردۆته‌وه‌، زۆر شوێنه‌واری مێژوویی وێران کرد.

ئه‌و شوێنه‌وارناسه‌ كه‌ نیگه‌رانه‌ له‌ وێرانكردنی شوێنه‌واره‌كه‌ وتی؛ من پێم سەیرە کە هاوپەیمانێکی وه‌ڵاتانی ڕۆژئاوایی کە بەنیازه بچێته نێو یەکێتی ئەورووپاوە، چۆن توانیویه‌تی هێرشێكی بەو جۆرە بکات؟ عەین‌ دارا، نەك تەنیا بۆ گەلی سووریا، بەڵکوو میراتی هەزاران ساڵەی هەموو جیهانە. میراتێک کە ٣٠٠٠ساڵ خۆی پاراستووە، بوو بە قوربانی هەوڵەکانی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا. هەر بۆیە پێویستە جیهان لە به‌رانبه‌ر لەناوبردنی مێژووەکەی، بێ ‌دەنگ نەبێت.

 

ش. م