پێنجه‌مین فێستیڤاڵی ساكینه‌ جانسز له‌ زوریخ به‌ڕێوه‌چوو

پێنجه‌مین فێستیڤاڵی ساكینه‌ جانسز-ی ژنان له‌ شاری زوریخی وه‌ڵاتی سویسرا به‌ڕێوه‌چوو. له‌ فێستیڤاڵه‌كه‌دا پێداگری له‌سه‌ر خۆپاراستنی ژنان له‌ به‌رانبه‌ر توندوتیژی كرا.

ئه‌مڕۆ له‌ شاری زوریخی وه‌ڵاتی سویسرا پێنجه‌مین فێستیڤاڵی ساكینه‌ جانسز-ی ژنان به‌ڕێوه‌چوو. ساكینه‌ جانسز یه‌كێك بوو له‌ پێشه‌نگه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی ژنانی كورد و پارتی كرێكارانی كوردستان - په‌كه‌كه‌ كه‌ له‌ ٩ی كانوونی دووه‌می ٢٠١٣ له‌گه‌ڵ فیدان دۆغان نوێنه‌ری كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان - كه‌نه‌كه‌ و له‌یلا شایله‌مه‌ز ئه‌ندامی ته‌ڤگه‌ری گه‌نجان له‌ پاریس تێرۆر كران.

له‌ فێستیڤاڵه‌كه‌دا ته‌ڤگه‌ری ژنانی كورد له‌ سویسرا، یه‌كێتیی ژنانی سۆسیالیست، یه‌كێتیی ژنانی ڕه‌نجده‌ر، ژنانی په‌یه‌ده‌، چه‌ندین ڕێكخراوی دیكه‌ی كوردستانی، ژنانی سۆسیالیست و ئازادیخوازی ئه‌ورووپا و سه‌دان ژنی دیكه‌ به‌شدار بوون.

له‌ مه‌یدانی فێستیڤاڵه‌كه‌ وێنه‌كانی ڕێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان، ساكینه‌ جانسز، فیدان دۆغان، له‌یلا شایله‌مه‌ز و په‌رله‌مانتاره‌ زیندانییه‌كانی هه‌ده‌په‌ و پۆسته‌ره‌كانی تایبه‌ت به‌ تێكۆشانی ژنانی ڕۆژئاوا هه‌ڵواسرابوون.

«خۆپاراستن مه‌رجه‌»

له‌ پێنجه‌مین فێستیڤاڵی ساكینه‌ جانسزدا، ده‌رباره‌ی ژن، توندوتیژی و به‌رخۆدان پانێلێك ساز كرا. په‌رله‌مانتاری شاری سێرتی هه‌ده‌په‌ به‌سیمه‌ كۆنجا، چالاكیی بواری ژنان له‌ هه‌رێمی باسك نه‌كانه به‌شدار بوون. له‌ پانێله‌كه‌دا سه‌رنج خرایه‌ سه‌ر خۆپاراستنی ژنان و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كرا كه‌ له‌ هه‌موو هه‌لومه‌رجێكدا ده‌بێ ژنان له‌ به‌رانبه‌ر توندوتیژیی پیاوان خۆیان بپارێزن.

نه‌كانه‌: تێكۆشانی ساكینه‌كان له‌ هه‌موو شوێنێك به‌رده‌وامه‌

نه‌كانه‌، چالاكی بواری ژنان له‌ هه‌رێمی باسك كه‌ پێشتر له‌ لایه‌ن حكوومه‌تی ئیسپانیا زیندانی كرابوو له‌ پانێله‌كه‌دا قسه‌ی كرد و گوتی: ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ ژنان ده‌توانن پێكه‌وه‌ كۆببنه‌وه‌، له‌ سایه‌ی تێكۆشانی ساكینه‌ جانسز و هاوڕێكانیه‌تی. گوتیشی: باجه‌كه‌ی هه‌ر شتێك بێت، ده‌بێ ئێمه‌ تێكۆشانی ئازادیی ژنان بپارێزین.

كۆنجا: له‌پێناو تێكشكاندنی ئه‌ردۆغان ده‌بێ ده‌نگ به‌ هه‌ده‌په‌ بده‌ین

به‌سیمه‌ كۆنجا په‌رله‌مانتاری پارتی دیموكراتی گه‌لان - هه‌ده‌په‌، سه‌رنجی خسته‌ سه‌ر توندوتیژی سه‌ر ژنانی هه‌ده‌په‌ له‌ توركیا. كۆنجا باسی له‌ گرینگی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ٢٤ی حوزه‌یران كرد و گوتی: ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌تیی ئه‌ردۆغان تێكده‌شكێنێت.

  «له‌ توركیا ئالته‌رناتیڤی هێزی دیموكراتی ته‌نیا هه‌ده‌په‌یه‌. ئه‌گه‌ر هه‌ده‌په‌ به‌ندی هه‌ڵبژاردن تێنه‌په‌ڕێنێت، له‌ناوچوون و تێكشكانی ده‌سه‌ڵاتداره‌تیی ئه‌ردۆغان ڕوو نادات. هه‌ر بۆیه‌ پێویسته‌ له‌م هه‌ڵبژاردنانه‌دا هه‌موو كه‌س پشتگیریی هه‌ده‌په‌ و سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش بكات.»

داهاتی فێستیڤاڵه‌كه‌ بۆ عه‌فرینییه‌كان ده‌نێردرێت

بڕیاره‌ هه‌موو داهاتی پێنجه‌مین فێستیڤاڵی ساكینه‌ جانسز بۆ گه‌لی عه‌فرین بنێردرێت كه‌ به‌هۆی هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیای داگیركه‌ر ناچار بوون واری خۆیان جێبهێڵن و له‌ كانتۆنی شه‌هبا جێگیر بوون. ده‌نیز ناكی یاریزانی پێشووی ئامه‌د سپۆر، به‌ جلوبه‌رگی ئامه‌دسپۆر كه‌ ئیمزایان ده‌كات و ده‌یانفرۆشێت، پشتگیریی عه‌فرین ده‌كات.

له‌ فێستیڤاڵه‌كه‌دا منداڵان له‌بیرنه‌كران. له‌ مه‌یدانی فێستیڤاڵدا شوێنێكی تایبه‌ت بۆ منداڵان دروستكرا و ئه‌وانیش چالاكیی خۆیان ئه‌نجامدا. فێستیڤاڵه‌كه‌ به‌ گۆڤه‌ند و گۆرانی هونه‌رمه‌ندانی كوردستان، سویسرا، فه‌ڕه‌نسا، ئیسپانیا و ئیتاڵیا به‌رده‌وامه‌.

s.m