ڕۆناهی ئه‌ره‌ن: به‌ كوردی قسه‌ بكه‌ن، بنووسن و بژین

ئه‌ندامی سازیی زمانی كوردیی كه‌جه‌كه‌ ڕۆناهی ئه‌ره‌ن سه‌رنج ڕاده‌كێشێته‌ سه‌ر گرینگی تێكۆشان له‌ دژی سیاسه‌تی نكۆڵی و قڕكردنی زمانی كوردی. داوا ده‌كات هه‌موان به‌ كوردی قسه‌ بكه‌ن، بنووسن و بژین.

ڕۆناهی ئه‌ره‌ن، ئه‌ندامی سازیی زمان-ی كۆما جڤاكێن كوردستان - كه‌جه‌كه‌، به‌بۆنه‌ی ١٥ی گوڵان (١٥ی ئایار) ڕۆژی زمانی كوردی  بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات دوا.

ئه‌ره‌ن له‌ سه‌ره‌تای لێدوانه‌كه‌یدا زمانی وه‌ك ڕوحی كۆمه‌ڵگه‌ پێناسه‌ كرد و گوتی: ئه‌گه‌ر ئێمه‌ وه‌ك ڕێبه‌ر ئاپۆ ده‌ریببڕین؛ زمان ڕوحه‌. زمان ڕوحی گه‌لانه‌، ڕوحی مرۆڤایه‌تییه‌، ڕوحی نه‌ته‌وه‌كانه‌. ئێستا زۆرترین هێرش له‌ دژی ڕوحی مرۆڤایه‌تی ده‌كرێت. ئه‌مه‌ به‌ گشتی سیاسه‌تێكه‌ كه‌ له‌سه‌ر زمان به‌ڕێوه‌ده‌برێت. هێزه‌ده‌سه‌ڵاتداره‌كان به‌ سیاسه‌تی سڕینه‌وه‌ و قڕكردن ده‌یانه‌وێت ئه‌م ڕوحه‌ له‌ناوببه‌ن. له‌ بواری سڕینه‌وه‌ و قڕكردندا، به‌رچاوترین نموونه‌ هێرشه‌كانی سه‌ر گه‌لی كورده‌.

ڕۆناهی ئه‌ره‌ن ئاماژه‌ی بۆ سیاسه‌تی هێزه‌ده‌سه‌ڵاتداره‌كان كرد و گوتی: هێزه‌ده‌سه‌ڵاتداره‌كان له‌پێناو نه‌هێشتنی گه‌لێك، سه‌ره‌تا هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر كولتوور و زمانی ئه‌و گه‌له‌. به‌ڵام ئێمه‌ ده‌بینین كه‌ له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی قڕكردن، تێكۆشانێكی بێ وێنه‌ تا ئێستا ده‌كرێت.

«گه‌لان به‌ تێكۆشانی خۆیان هه‌وڵیانداوه‌ خۆیان له‌ به‌رانبه‌ر سیاسه‌تی سڕینه‌وه‌ بپارێزن. نه‌یانهێشتووه‌ به‌ ئاسانی قڕبكرێن. له‌ دژی كولتوور و زمان سیاسه‌تێكی سه‌خت به‌ڕێوه‌ده‌برێت. بۆ ئه‌و سیاسه‌تانه‌، ڕێبه‌ر ئاپۆ ده‌ڵێت: قڕكردنی كولتوور و زمان شتێكی وه‌هایه‌؛ وه‌ك ئه‌وه‌ی مرۆڤ ٢٤ كاتژمێر له‌ چواڕیانێكدا بێت. له‌ ڕۆژی دامه‌زراندنی كۆماری توركیاوه‌ هه‌تا ئێستا، كولتوور و زمانی كوردی، فه‌رهه‌نگی كوردی واته‌ خودی گه‌لی كوردیش له‌ چواڕیانێكدایه‌. ٢٤ كاتژمێر له‌ چواڕیان دان و ناڵه‌ ناڵی زمانی كوردییه‌. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و زمانه‌ له‌و چواڕیانه‌ ڕزگار بكرێت، تێكۆشانێك ده‌كرێت. به‌ڵام له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌م تێكۆشانه‌ش، هێزه‌ده‌سه‌ڵاتداره‌كان پێداگری له‌سه‌ر سیاسه‌تی قڕكردن ده‌كه‌ن و به‌ به‌رنامه‌ی نوێ هه‌وڵده‌ده‌ن سیاسه‌ته‌كانی قڕكردن جێبه‌جێ بكه‌ن.»

له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا ڕۆناهی ئه‌ره‌ن داوا له‌ كوردان ده‌كات له‌ زمانی دوژمن زیاتر، به‌ زمانی كوردی قسه‌ بكه‌ن و پارێزگاری له‌ كولتوور و زمانیان بكه‌ن. له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: به‌ كوردی قسه‌ بكه‌ن، بنووسن و بژین.

s.m