«ڕۆژی ٨ی ئەیلوول\١٧ی خه‌رمانان لە دینسلاكن فێستیڤاڵی کلتووری ساز ده‌كه‌ین»
پلاتفۆرمی پشتگیری عەفرین: «ڕۆژی ٨ی ئهیلوول\١٧ی خه‌رمانان لە شاری دینسلاكن-ی ئەڵمانیا فێستیڤاڵی کلتووری لە لایەن ٩٣ ڕێکخراوەوە ساز دەکرێت.»
پلاتفۆرمی پشتگیری عەفرین: «ڕۆژی ٨ی ئهیلوول\١٧ی خه‌رمانان لە شاری دینسلاكن-ی ئەڵمانیا فێستیڤاڵی کلتووری لە لایەن ٩٣ ڕێکخراوەوە ساز دەکرێت.»
پلاتفۆرمی پشتگیریی عەفرین ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، پلاتفۆرمەکەیان كه لە ٩٣ ڕێکخراوی کورد، تورک، ئاشووری-سوریانی، ئەرمەن، ئێزدی، عەلەوی، مەسیحی، موسوڵمان، رێكخراوه‌كانی ژنان و لاوانی هەر چوار پارچه‌ی کوردستان پێکدێت، ڕۆژی ٨ی ئهیلوول\١٧ی خه‌رمانان لە شاری دینسلاکنی ئەڵمانیا، فێستیڤاڵی کولتووری ساز ده‌كات.
لە ڕاگەیەنراوه‌كه‌دا هاتووە، فێستیڤاڵەکە بە درووشمی «پشتگیری بۆ عەفرین، له‌پێناو ئازادی و یەکسانی، ئازادی بۆ بەڕێز ئۆجالان» ساز ده‌كرێت.
لە درێژه‌ی ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، «پاش ئەوەی کە دەوڵەتی تورکیا، له كانوونی دووه‌می ٢٠١٨ هێرشی کردە سەر گه‌لی سیڤیلی عەفرین، ئێمە [پلاتفۆرمی پشتگیریی عەفرین]مان دامەزراند. بە پێشەنگایه‌تی ئه‌م پلاتفۆرمە كه لە ڕێکخراو و کۆمەڵەی سیاسی، کولتووری، ژنان، لاوان و باوەڕییەكانی ئەڵمانیا پێکدێت، بەمەبەستی ڕاگرتنی جەنگ، چەندین چالاکیمان ڕێکخست. تاکە داواکاریی ئێمەش ئەوەیە کە کێشەکان بە ڕێگه‌ی گفتوگۆ چارەسەر بکرێن. دەوڵەتی تورکیا له شه‌ڕی عه‌فریندا بە بەرچاوی تەواوی جیهانەوە، بە شێوەیەکی ئاشكرا ماف و قانوونه نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کرد.»
«لە مارسی ٢٠١٨ کاتی داگیرکردنی عەفرین به‌دواوه، دەوڵەتی تورک بە هەموو شێوەیەک تووندوتیژی لە به‌رانبه‌ر گه‌لی سیڤیل كرد و ڕێککەوتنی جنێف-یشی پێشێل کرد. له‌گه‌ڵ چەتەکانی داعش و گرووپه چەتەکانی دیكه‌ی هاوشێوە كه لە عەفرین نیشتەجێی کردوون، زوڵم لە ژنان، کوردان، عەلەوی و ئێزدییەکان دەکات.»
پلاتفۆڕمه‌كه ڕایگه‌یاندووه، «ئێمه وەک کورد، ئاشووری-سوریانی، تورکمان، تورک، ئەرمەن، ئێزدی، عەلەوی و مەسیحییهكانی نێو پلاتفۆرمەکەمان، بۆ ئەوەی ڕێ لە پاکتاوکردن و له‌ناوبردنی پێكه‌وه‌ژیان بگرین، داواکارین کە هاوپشتیی ڕای گشتیی ئەڵمانیا و ئەورووپا بەهێزتر بکەین. له هه‌مووشی گرینگتر، یەکەم جارە ئێمە بە بەشداری ڕێکخراوه کوردستانییه‌كان کە خاوەنی بیروباوەڕی جیاوازن، فێستیڤاڵێك ڕێک دەخەین.»
«ئێمە باوەڕمان بەوە هەیە کە گەل و باوەڕییە جیاوازەکان، دەتوانن پێکەوە بە ئاشتی و یەکسانی بژین. لەبەرئەوە وەک پێکهاتەكانی نێو پلاتفۆرمی عەفرین ئێمە داواکارین کە لە فێستیڤاڵی ئەمساڵدا بە ڕەنگ، یەکگرتوویی و دژبه‌ریی خۆمان له به‌رانبه‌ر شەڕ و تووندوتیژیی پیشانی ڕای گشتیی ئەڵمانیا بدەین. ئێمە لەو باوەڕەداین کە بە ڕەنگی خۆمان، ئێمه ئەلتەرناتیڤی ئاشتین دژ به شه‌ڕ. دەمانەوێت بە پشتیوانیی ڕای گشتیی ئەڵمانیا هەوڵی کۆتاییهێنان به‌م شەڕە بدەین.»
پلاتفۆرمی پشتگیریی عه‌فرین ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه كه ئه‌وان بۆ ئامادەکاریی ئەو فێستیڤاڵە، تەواوی کارە تەکنیکی و ئیدارییەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکانیان جێبەجێ کراوە، بەڵام سەرباری ئەوەش هەموو ڕۆژێک بیانوویەکی دیكه‌یان پێده‌گرن و دەیانەوێت لەمپەر لەبەردەم بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکەدا دروست بکەن.
«هەر شتێک کە لە چوارچێوەی قانوونهكاندا پێویست بوو بیكه‌ین، ئێمە ئەنجاممان داوە. کۆمیتەی ئامادەکاری فێستیڤاڵ، دوێنێ لەگەڵ بەرپرسانی شارەوانیدا کۆبوونەوە. مامه‌ڵه‌ی كاربه‌ده‌ستان و هه‌ڵوێستیان كه بۆ گفتوگۆ كراوه نیم، ئێمەی خستووەتە گومانەوە. ئەم هەڵسوکەوته بە مانای پشتیوانی لە سیاسەتی لەناوبردنی فیزیکی و کولتوورییه كه دیکتاتۆر ئەردۆغان لە کوردستان بەڕێوەی دەبات. ئێمە دەزانین کە مامه‌ڵه‌ی بەو شێوەیە تەکنیکی نین، بەڵکو سیاسیین.»
پلاتفۆرمه‌كه ڕایگه‌یاندووه، پێویسته ده‌رفه‌ت بە گەلانی کوردستان بدرێت فێستیڤاڵه‌كه‌یان ئه‌نجام بده‌ن له كاتێكدا دژی زیهنیەتی داعش تێدەکۆشن. به‌م شێوەیەش ئاشتی و دیموکراتی بەهێزتر ده‌كه‌ن. پلاتفۆڕمی پشتگیریی عه‌فرین ده‌ستنیشانی كردووه كه، زۆر لە پەرلەمانتارانی پارتە جیاوازەکانی ئەڵمانیا لە هه‌رێمی ڕاین-وێستڤالیای باكوور هەوڵیان داوە چارەسەری کێشەکه بکەن. بۆ ئەوەی ڕێ له سیاسه‌ته‌كانی دیکتاتۆر ئەردۆغان بگیرێت، زۆر گرنگە کە ئەو پشتیوانی و گفتوگۆیانه هەتا کۆتایی فێستیڤاڵەکە بەردەوام بن.
پلاتفۆرمه‌كه بانگەوازی ئاراسته‌ی ڕای گشتیی و دیموکراتخوازهكانی ئەڵمانیا كردووه، بەشداری له فێستیڤاڵی کولتووری كوردستان بكه‌ن. هەروەها داوای له هه‌موو کوردستانیانی دانیشتووی ئەڵمانیا و ئەورووپا كردووه لە دژی سیاسەتی لەناوبردن و سڕینەوەی کو‌لتووریی، بە ڕەنگی نەتەوەیی خۆیانەوە، بە جۆش و خرۆشی گەورەوە بەشداری لە فێستیڤاڵه‌كه بکەن و خاوەنداره‌تی لە کولتووری خۆیان بکەن.
s.m