گوڵشیفته فه‌راهانی: ژنانی كورد بوێرترین ژنی جیهانن
ئه‌كته‌ری سه‌ره‌كیی فیلمی «كچانی خۆر» گوڵشیفته فه‌راهانی ده‌رباره‌ی ژنانی كورد كه له دژی داعش شه‌ڕ ده‌كه‌ن ده‌ڵێت: ئه‌وان بوێرترین ژنی جیهانن.
ئه‌كته‌ری سه‌ره‌كیی فیلمی «كچانی خۆر» گوڵشیفته فه‌راهانی ده‌رباره‌ی ژنانی كورد كه له دژی داعش شه‌ڕ ده‌كه‌ن ده‌ڵێت: ئه‌وان بوێرترین ژنی جیهانن.
گوڵشیفته فه‌راهانی، ئه‌كته‌رێكی ناوداری جیهانیی به ڕه‌گه‌ز ئێرانییه. ئه‌و له فیلمی «كچانی خۆر» كه له ٧١هه‌مین فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی كان له به‌شی پێشبڕكێ پیشاندرا، ڕۆڵی سه‌ره‌كی هه‌بوو. گوڵشیفته هه‌میشه بۆ ئه‌و شتانه‌ی كه باوه‌ڕی پێی هه‌بووه و ویستوویه‌تی بیكات، بوێرانه هه‌وڵی داوه. هه‌ر له ته‌مه‌نێكی بچو‌وكدا له دژی جیاوازیی زایه‌ندی له ئێران وه‌ستاوه‌ته‌وه. به شێوازی جیاواز ئیدانه‌ی سیاسه‌تی زه‌خت و فشاری كرد، هه‌ر بۆیه‌ش سزای له‌سێداره‌دانی به‌سه‌ردا سه‌پێندرا. گوڵشیفته ئێستا له هه‌نده‌رانه و ماوه‌یه‌كی زۆره له پاریسی پایته‌ختی فه‌ڕه‌نسا ده‌ژی. ئه‌و له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: «من وه‌ڵاتی خۆم له‌ده‌ستدا، به‌ڵام ئێستا ته‌واوی جیهان هی منه»
گوڵشیفته فه‌راهانی جگه له ئه‌كته‌ری، هه‌م موزیكژه‌نه و هه‌م چالاكێكی بزووتنه‌وه‌ی ژنانه. ئه‌و له ٣٠ فیلم ڕۆڵی گێڕاوه و ئه‌مڕۆ یه‌كێكه له ئهكتهرهسهرهكییهكانی سینه‌مای جیهان. ده‌رهێنه‌ر «ڕیدلی سكۆت» یه‌كێك له ناوه دیاره‌كانی هۆڵیوود له فیلمه‌كه‌ی خۆیدا به ناوی «له‌سه‌ر درۆكان»، له‌گه‌ڵ هه‌ردوو ئه‌كته‌ری ناوداری جیهانی «لیۆناردۆ دی كاپریۆ» و «ڕۆسهل كرۆو»، ڕۆڵی به گوڵشیفته فه‌راهانی دا و وه‌های كرد كه ناوبانگی به دونیادا بڵاوبێته‌وه.
له ٦ فیلمی كوردیدا ڕۆڵی گێڕا
گوڵشیفته فه‌راهانی له فیلمێكی ده‌رهێنه‌ر به‌همه‌نی قووبادی به ناوی «نیوه مانگ» و له دوو فیلمی ده‌رهێنه‌ر هونه‌ر سه‌لیم-دا ڕۆڵی گێڕاوه. به‌گشتی له ٦ فیلمی كوردیدا ڕۆڵی بینیوه. له لایه‌كی دیكه‌وه له فیلمی «Paterson» له ده‌رهێنانی جیم جارموش سه‌رنجی زۆرێك له بینه‌رانی بۆ خۆی ڕ‌اكێشا.
فه‌راهانی له دوایین كاری‌دا، ڕۆڵی سه‌ره‌كی گێڕا له فیلمێكی ده‌رهێنه‌ری فه‌ڕه‌نسی ئیڤا هوسۆن به ناوی «كچانی خۆر». ئه‌م فیلمه له فێستیڤاڵی ئه‌مساڵی كان نمایش كرا. له فیلمی «Girls Of The Sun - كچانی خۆر» كه باس له شه‌ڕی ژنانی كورد له دژی داعش ده‌كات، گوڵشیفته فه‌راهانی فه‌رمانداره و ناوی به‌هاره. ئێمه (ANF) ده‌رباره‌ی فیلمه‌كه و تێكۆشانی ژنانی كورد گفتوگۆمان له‌گه‌ڵی كرد.
له‌م فیلمه‌دا تۆ ژنهشهڕڤانێكی ئێزدی بووی، چ هه‌ستێكت هه‌بوو له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕۆڵه‌دا؟
ئه‌م ڕۆڵگێڕانه به‌ڕاستی سهربهرزییهكی گه‌وره بوو بۆ من، به گوێره‌ی ئه‌مه به به‌رپرسیاره‌تییه‌وه مامه‌ڵه‌م كرد. ئه‌مه، ئه‌و ژنانه بوون كه ئه‌شكه‌نجه درابوون، فڕۆشرابوون و ده‌ستدرێژییان كرابوویه سه‌ر. به‌ڵام ئه‌م ژنانه خۆیان به مه‌غدووری ناهێڵنه‌وه، به‌ڵكو تێده‌كۆشن. ژنی زۆر به‌هێزن، له‌به‌رئه‌وه به‌رپرسیاره‌تی ده‌ویست. من هه‌ندێكیش خۆم باش كرد به‌م ڕۆڵه.
له فیلمه‌كه‌دا تۆ ڕۆڵی ژنهشهڕڤانێك ده‌گێڕی. پێشتر هیچ ئاماده‌كارییه‌ك یان هیچ لێكۆڵینه‌وه‌ت كردبوو له باره‌یانه‌وه؟
من پێشتریش مێژووی ئێزدییه‌كانم ده‌زانی. ئاگاشم له پێشمه‌رگه هه‌بوو. له‌گه‌ڵ هونه‌ر سه‌لیمدا له كاتی گرتنی دیمه‌نی فیلمی «My Sweet Pepperland» من له كوردستان بووم. په‌روه‌رده‌یه‌كی سه‌ربازیمان بینی. فێری چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ چه‌ك ده‌بووین. له لایه‌كی دیكه‌وه ده‌بوایه له ڕووی فۆنه‌تیكه‌وه فێری زمانی كوردی ببم. من كه‌مێك له كوردیش تێده‌گه‌یشتم، نزیك بوو له فارسی. به‌ڵام نه‌ك كورمانجی، من خه‌ریكی فێربوونی سۆرانی بووم. چونكه بۆ من سۆرانی ئاسانتر بوو. له ڕووی ده‌روونیشه‌وه ده‌بوایه من خۆم ئاماده بكه‌م، ئه‌مه بۆ من ده‌بوویه ئه‌زموونێكی زۆر باش.
له فیلمه‌كه‌دا درووشمی «ژن ژیان ئازادی» هه‌یه»، ئه‌مه بۆ تۆ چی ده‌گه‌یه‌نێت؟
من زۆر باش تێده‌گه‌یشتم كه چی ده‌ڵێم. له‌پێناو ژن، له‌پێناو ئازادی هیوایه‌كه. ژنێك كه ڕووی له ژیانێكی ئازاد كردووه. ئه‌مه نه‌ك ته‌نیا بۆ ژن، بۆ پیاوان و كوردستانیش وه‌هایه. «له‌پێناو ژین به ئازادی»... ناوی چۆله‌كه‌ی فیلمه‌كه‌ش ئازادییه. من بۆ ته‌واوی گه‌لی كورد هیوای ئاشتی و ئازادی ده‌خوازم له هه‌ر شوێن و هه‌رێمێك بن. ئه‌مه بۆ ژن و پیاوانیش ده‌خوازم. هیوادارم سه‌ره‌نجام بگه‌نه ئه‌و ئاشتییه‌ی كه به‌ڕاستی مافیانه.
كاراكته‌ری به‌هار چه‌نده له خۆته‌وه نزیك ده‌بینی؟
بێگومان له‌نێوان من و به‌هاردا زۆر خاڵ و خه‌سڵه‌تی هاوبه‌ش هه‌ن. ئه‌و خۆی وه‌ك مهغدوورێك نابینێت، منیش هه‌روه‌ها. هه‌رچه‌نده دونیا بشیه‌وێت من وه‌ك مهغدوورێك پیشان بدات، من ئه‌مه ڕه‌ت ده‌كه‌مه‌وه. به‌هار گهریلایهكه، شهڕڤانێكه، پێشمه‌رگه‌یه‌كه، فهرماندارێكه. ئه‌و كچی خۆره. به‌هێزه؛ ئه‌و زۆر له من به‌هێزتره، هیوادارم كه منیش هاوشێوه‌ی ئه‌و بوێر بم و له‌گه‌ڵیدا نزیكتر ببمه‌وه لێی.
s.m