ڕاگەیاندراوی یەپەژە دەربارەی دیلەکان: تۆڵەیان دەکەینەوە

یەپەژە دەربارەی مامەڵەی دڕندانە بەرامبەر هێزەکانی خۆپاراستن کە لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە بەدیلگیراون، ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە. یەپەژە دووپاتی کردەوە، دەوڵەتی تورک لەم دڕندەییە بەرپرسە، گوتی: "تۆڵە دەکەینەوە".

فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) دەربارەی هێرشی چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە حەلەب و شەبا، هەروەها مامەڵەی دڕندانەیان بەرامبەر ژنە دیلە بریندارەکان، ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.

ڕاگەیاندراوەکە لەسەر ماڵپەڕی یەپەژە بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت:

"ڕۆژانە هێرشێکی فراوان و هەمەلایەن بۆ سەر هەرێمەکەمان و تەواوی خاکی سوریا ئەنجام دەدرێت. گەلی سوریا، بەتایبەت لە حەلەب ڕووبەڕووی مەترسی و کۆمەڵکوژی مەزن بووەتەوە. لە هەمان کاتدا ئەم هێرشە هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریای گرتەوە و ڕۆژانە بەرخۆدانێکی مەزن لە دژی ئەم هێرشە فراوانە دەکرێت. بە تایبەت لە هەرێمی شەهبا و حەلەب، گەلەکەمان و ژنان بەتایبەتی ڕۆژانە بەرخۆدانێکی مەزن لە دژی ئەو هێرشانە ئەنجام دەدەن.

گەلی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە کە خاوەنی ئەزموونی چەندین ساڵەن لە شەڕ و بەرخۆدان، جارێکی دیکە خۆیان لە دژی ئەو هێرشانە ڕێکخستەوە و بە ناوی هێزەکانی پاراستنی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە دەیان جار هێرشی چەتەکانی داگیرکەری تورکیان تێکشکاند.

بێ گومان شەڕەکە بە شێوەیەکی فرەلایەن و دژوار بەردەوامە و بەداخەوە کە ژمارەیەک کوڕ و کچی هێزەکانی پاراستنی شێخ مەقسود بە برینداریی کەوتنە دەستی چەتەکان. ئەم چەتە دڕندانە کە بە هیچ شێوەیەک ئەخلاق و یاسای شەڕ نازانن، بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە شکۆی ژنانی دەشکێنن و دەزگاکانی ڕاگەیاندنەکانیان وەک ئامرازێکی پڕوپاگەندە بەکاردەهێنن. بە قسەی وەک "جارێکی دیکە لە بازاڕەکاندا دەتانفرۆشین" توڕەیی خۆیان بەرامبەر بە ژنان دەردەبڕن. ئەم کارانە نامرۆڤانەن و بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێن.

وەک یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) ئەم ڕەفتارە دڕندانەی چەتەکانی داگیرکەری تورک بەرامبەر ژنانی بەدیلگیراو شەرمەزار دەکەین و دەڵێین، تۆڵەیان دەکەینەوە. بانگەواز لە ڕێکخراوەکانی مافی ژنان و مافی مرۆڤ دەکەین، خاوەنداری لەم ژنە گەنجە بەدیلگیراوانە بکەن کە گەڕەک و شارەکانی خۆیان پاراستووە. جەخت دەکەینەوە، پێویستە مافەکانیان وەک بەدیلگیراوێک بپارێزرێت.

ئەو ڕەفتارەی ئەمڕۆ چەتەکانی داگیرکەری تورک بەرامبەر ژنانی دیل دەیکەن، ساڵی ٢٠١٤ داعش لە شەنگال و موسڵ و ڕەقە ئەنجامی دا و هەزاران ژنیان لە بازاڕەکان فرۆشت. بێگومان ئەمە نیشانەی زیهنیەتی پیاوسالارییە کە ئەمڕۆ لە کەسێتی داعش و چەتەکانی ئەردۆگاندا گەیشتووەتە لوتکە. چونکە باش دەزانن کە ژنانی کورد بەرامبەر ئەم ڕەفتارە دڕندانە داستانی قارەمانێتییان نووسیوەتەوە و تا کۆتایی بەرخۆدانیان کردووە. بۆیە بەم ڕەفتارە نامرۆڤانانە ئاستی دوژمنایەتییان بەرامبەر ژنان نیشان دەدەن.

بانگەواز لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و بەتایبەت خاچی سوور و لێبووردنی نێودەوڵەتی و تەواوی ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان و کەسانی ناودار و دیموکرات و ئازادیخواز دەکەین، خاوەنداری لە ژنانی بەدیلگیراو بکەن، لە ئاستی نێونەتەوەیی و ڕۆژهەڵاتی ناویندا ڕاستی تیرۆر و دڕندەیی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی ڕیسوا بکەن و لێپرسینەوەی جدییان لێ بکەن. لەم ڕووەوە، بەتایبەت دەوڵەتی تورک بە بەرپرسیار لەم بەدیلگیراوانە دەزانین.

وەک یەپەژە دیسانەوە ڕووداوی بەدیلگرتنی ژنانی شەڕڤانی هێزەکانی پاراستنی شێخ مەقسود شەرمەزار دەکەین و دەڵێین، لە سەنگەرەکانی بەرخۆدان لێپرسینەوە لە دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی دەکەین. بەم واتایە، لەم ڕۆژانە مێژووییانەدا کە هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر هەرێمەکەمان و تەواوی سوریا پێکدێت، لە بەرەکانی پێشەوە ژنان و تەواوی گەلەکەمان دەپارێزین. هەروەها بانگەواز لە تەواوی ژنانی گەنج دەکەین لە هەر جێیەک بن، لە بەرەکانی پاراستندا جێ بگرن و بەشداری ڕیزەکانی یەپەژە بکەن. بەم جۆرە دەتوانین خۆمان و خاکەکەمان بپارێزین".