ڕێبەر ئاپۆ شکستی بە سیاسەتی توانەوەی گەلی کورد هێنا

ڕێبەر ئاپۆ لە ئاواکردنی ئەم شۆڕشە پێش هەرشتێک لە خەمی زیندووکردنەوەی بوونی کورد بوو، چونکە لە دوای کەوتنی مادەکان کورد لە بەردەم جینۆسایدی کەلتووریی و جەستەییدا بووە هەمیشە.

عەبدوڵڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد هەمیشە گەلی لە جینۆساید و مەترسییەکانی سیاسەتی توانەوە هۆشیار کردووەتەوە و دەڵێت: سیاسەتی تواندنەوە قۆرخکاری دەسەڵات و سەرمایەیە لەسەر گروپە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی شارستانییەت، لە ڕێگەی توندووتیژیی جەستەیی ڕووت، بێکاریی و برسێتییەوە، دەوڵەتی تورکیش وەک دڕندەترین دەوڵەت سیاسەتی سڕینەوەی بەرانبەر بە گەلی کورد پەیڕەو کردووە.

عەبدوڵڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد لە کتێبی مانڤیستۆی شارستانییەتی دیموکراتی بەرگی پێنجەم باسی سیاسەتی تواندنەوە (ئاسیمیلاسیۆن)ی گەل دەکات لە لایەن دەسەڵاتەوە، بە جۆرێک کە گروپە کۆمەڵایەتییەکان دەخاتە دۆخی کۆیلایەتییەوە، ناسنامەیان پارچە پارچە دەکات و بەرخۆدانیان تێکدەشکێنێت، زیاتر لە ١٠٠ ساڵیشە دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە ئامانجی سڕینەوەی گەلی کورد سیاسەتی تواندنەوە پەیڕە و دەکات.

سیاسەتی توانەوە چییە و ڕێبەر ئاپۆ چۆن باسی دەکات؟

ڕێبەر ئاپۆ، لە بارەی سیاسەتی توانەوە  و کاریگەرییەکانی لەسەر گەل دەڵێت: سیاسەتی توانەوە قۆرخکاری دەسەڵات و سەرمایەیە، لەسەر گروپە کۆمەڵایەتییەکانی نێو کۆمەڵگەی شارستانییەت و دەیانخەنە دۆخی کۆیلایەتییەوە، ئەوەی لە دۆخی سیاسەتی توانەوە بەبنەما دەگیرێت، ئەوەیە کە بە کەمترین تێچوون کۆیلە بۆ کارابوونی میکانیزمی دەسەڵات و قۆستنەوە پێکبهێنرێت، ئەو گرووپانەی ئاسیمیلە دەکرێن ناسنامەیان پارچە پارچە دەکرێت و بەرخۆدانیان تێکدەشکێنرێت، بە جۆرێک گونجاوترین کۆیلەی نوغبەی دەسەڵاتیان لێ دروستدەکرێت.

کەسێتی ئاسیمیلەکرا و چۆنە؟

لە بارەی کەسێتی ئاسیمیلە کراو باسلەوەش دەکات، سەرەکیترین ئەرک دەکەوێتە ئەستۆی کۆیلەی ئایسیمیلە کراو، ئەوەیە کە بەشێوەیەکی ڕەها لە سەردارەکەی بچێت، بۆ ئەوەی جێگەی خۆی لەناو سیستەمدا بکاتەوە، تەنها ڕێگە بۆ ژیان و مانەوە پیشکەشی کراوە، ئەوەیە کە ساتێک زووتر دەستلە ناسنامە کۆمەڵایەتییە کۆنەکەی بەربدات و خۆی لەگەڵ کەلتووریی سەردارەکانیدا بگونجێنێت، هەربۆیە ئەو کۆمەڵگەیەی دووچاری سیاسەتی توانەوە بووە، لە پرۆژەی بێوژدان، بێئەخلاق و مرۆڤی ناهۆشمەند پێکدێت کە دەستەمۆ کراوە و خەسێنراوە، ئەو جۆرە  مرۆڤانە لە پێناو خزمەتکردن و نۆکەرێتیدا پێشبڕکێ دەکەن، هیچ بڕیار و کردەوەیەکی ئازادانەیان نییە، بۆ ئاژەڵێک بچووک کراونەتەوە شێوەی مرۆڤ.

دەسەڵات چی چەکێک بەکاردەهێنێت بۆ توانەوەی گەل؟

ڕێبەری گەلی کورد لە بارەی ئەوەی دەسەڵات بە چی میکانزمێک گەل دەسڕێتەوە ئاماژە بەوە دەکات، چینی سەردەست بۆ سەپاندنی ئەو بێناسنامەییە بەسەر کۆمەڵگەی ئایسمیلەکراودا دوو چەکی سەرەکی بەکاردەهێنێت یەکەمیان، توندووتیژی جەستەیی ڕووتە، لە حاڵەتی دەرکەوتنی بچووکترین یاخی بوون و سەرهەڵدان، شمشێری قڕ کردن لە ملی ئەودایە، دووەمیشیان حاڵەتی برسێتی و بێکارییە، ئەو یاسایە جێبەجێدەکرێت کە ئەگەر جەخت لە ناسنامەی کەلتووری خۆت بکەیت و نەبیت بە خزمەتکاری سەردارەکەت، کەلەت دەپەڕێت یاخود بە برسی دەمێنییتەوە.

کورد وەک قوربانی دەستی سیاسەتی توانەوە

ڕێبەر ئۆجالان، جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە کە گەلی کورد گەورەترین قوربانی دەستی سیاسەتی توانەوەیە لە خۆرهەڵاتی ناویندا کە لەسەر کورد بوون باجی داوە، لە شاڵاوی بێکاری دەستپیدەکات تا قڕکردن و جینۆساید کردن دەچێت، ئەگەر تاکێکی کورد سیاسەتی کەلتووری دەوڵەت- نەتەوە پەسەند نەکات، هەرچەند بە تواناش بێت سەرجەم دەروازەکانی پەرەسەندنی کەسێتی و دامەزراوەکانی لێدادەخرێت، ئەوکاتەش کە تاکەکانی گەلی کورد دەکەونە بەردەم سیاسەتی تواندنەوە، یا ڕادەستبوونی ئارەزوومەندانە هەڵدەبژێرن و دەروازەکانی بەڕوودا دەکرێتەوە، کە ڕەنگە تا ئاستی سەرۆک کۆماریش بڕوات، یاخود  ڕادەست نابێت و بەرخۆدان هەڵدەبژێرێت، هەموو جۆرە بەڵا و کارەساتێکیش بە جینۆسایدیشەوە ڕەچاو دەکات.

پەکەکە چۆن شکستی بە سیاسەتی توانەوەی سەر گەلی کورد هێنا؟

لە درێژەی باسی سیاسەتی قڕ کردن لەسەر کوردان باسلەوەش دەکات، تێکۆشانی پەکەکە لە بنەڕەتدا ئامانجی خستنەڕووی پرسی کورد بوو لە رێگەی بەڵگە ئایدۆلۆژیاکانەوە، سیاسەتی نکۆڵیکردن و قڕ کردن بە شاراوەیی بەڕێوە دەچوو لە لایەن سیستەمەوە، کاتێکیش لە ڕێگەی تیرۆری ئاشکراوە هەوڵی جێبەجێکردنی درا، ڕۆڵێکی دیاری بینی کە پرسی کورد لە پرسی ناسنامەی ئایدپلۆژییەوە بۆ پرسەکانی شەڕ و تێکۆشان بگۆڕێت، لە هەشتا ساڵی ڕابردوو کورد ناچار کرابوو دەسبەرداری بوونی خۆی بێت، ئەویش لە ڕێگەی بەکارهێنانی تووندوتیژیی و ئامرازە ئابوورییەکان بەدیهاتبوو، بەسەریاندا سەپێنرابوو بە ناچاری قبووڵیان کردبوو، ڕاستی گەل و کۆمەڵگەیەک لە ئارادا بوو کەلەخۆی نامۆ کرابوو، لێرەدا هەڵمەتی ١٥ی ئابی ١٩٨٤ لە بنەڕەتدا ئەو نامۆ بوونەی شکاند، بەمجۆرەش سیاسەتی نکۆڵیکردن و قڕ کردن و ئەنجامەکانی مایە پووچکرد.

لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت ڕێبەر ئاپۆ لە ئاواکردنی ئەم شۆڕشە پێش هەرشتێک لە خەمی زیندووکردنەوەی بوونی کورد بوو، چونکە لە دوای کەوتنی مادەکان کورد لە بەردەم جینۆسایدی کەلتووریی و جەستەییدا بووە هەمیشە، شوناس و کەلتووری کورد لە هەموو لایەکەوە بە عەرەب، تورک وفارسی دەکرا و هیچی نەمابوو بە تەواوی بسڕیتەوە، هەوڵی کۆمەڵێک زانا و خوێنەوار نەبوایە لە سەدەی هەژدە زمانەکەشی لە بەردەم سڕینەوەدا بوو، بەڵام پەکەکە بە ڕێبەرایەتی عەبدوڵا ئۆجالان کوردی لەو سڕینەوەیە پاراستوو بە هەموو دونیای وت مرۆڤایەتی خیانەت لەو شوێنە دەکات کە لانکەی مرۆڤایەتی بووە، گەلی کورد هەزاران ساڵە لە زاگرۆس ژیاوە  و ژیارێکی دەوڵەمەندی پێشکەش بە مرۆڤایەتی کردووە، هەربەمەش تاکی کوردی لە خۆبەکەم زانین و نامۆ بوون لە خۆ ڕزگار کرد، بۆیە دووژمن نەیتوانی ئەم گەلە دێرینە کە ڕیشەی داکوتاوە لەم خاکەدا بسڕێتەوە و لە چوارچێوەی فکری ڕێبەر ئاپۆ جارێکیتر خۆی دۆزییەوە و دووژمنیشی ناسی، لە ئێستاشدا شەڕی هەموو مرۆڤایەتی دەکات تەنها شەڕی مانەوەی گەلی کورد.