گەلی كورد دەبێت سەركەوتنێكی مێژوویی بنووسنەوە

ئەمڕۆ ئەركی سەرشانی هەر تاكێكی كوردە بەپشتیوانی كردنی گەریلاكان و بەدرووشمی"یا سەركەوتن یان سەركەوتن"سەركەوتنێكی مێژوویی بنووسینەوە.

چ گۆرگ بمخوا چ سوار!

سوارێك بەرخێكی لەگورگ ستاند

خۆی سەری بڕی گۆشتەكەی برژاند!

چزەی گوشت ئەیگوت بەبانگ و هاوار

ئەگەر هەر بمخۆن چ گورگ و چ سوار

هێزی هزر و ڕامان و هەروەها بەسەرهاتی مێژوویی هەرگەلێك تا ئاستێكی زۆر گرێدراوی چیرۆك و داستان و پەندی پێشینیانیانە. جارێ وایە بەكارهێنان و رەنگدانەوەی ئەو پەند و چیرۆكانە دەگەنە ئاستێك كە وەك گوتنێكی پیرۆز سەیری دەكرێ؛ چونكە بەسەرهاتی بەردەوامی چەندین پشت لەدایك و باوكانیانە كە ئەوەندە كارێك لەسەریان دووبارە و دووبارە بووەتەوە، وانەیان لێ وەرگرتووە و سنگ بەسنگ"سینە بە سینە" دواچۆڕی تەواوی ژیانیان كردوە و بەچەند وشەیەك و لەپەنای یەكدا چێنیوویانە و وەك ئەركێكی ئەخلاقی بۆ نەوە و نەبیرەكانیان بەجێ دێڵن تا هەر كاتێك لەسەر كارێك دوودڵ بن و نەزانن چۆن چارەسەری بكەن بیكەنە رێنیشاندەری ژیانیان، بەڵام گرانی و بەرزی ئەو پەند و داستانانە كاتێك دەرئەكەوێ كە پێش ئەوەی كارەساتەكە روو بدا كەڵكی لێ وەربگێرێ، دەنا ئەگەر سەرەچەرمەكە ئاو بیبا چ سوودێكی نامێنێ! جاری وایە ناوەڕۆكی ئەو پەندانە پۆزەتیڤە جار ناش نێگەتیڤە.

گەلی كوردیش وەك گەلانی تری ئەم دنیایە پەند و بەسەرهاتی پێشنینیانیان زۆرە كە بەستە بەشوێن و كاتی خۆی بەبیریان دێتەوە و دەڵێن پێشنیانمان ئاوایان گووتووە.

"چ گورگ بمخوا چ سوار"یش پەندێكی كوردانە كە كاتێك مرۆڤ لەكارێك بێ هیوا دەمێنێ و بوون و نەبوونی لای یەكسانە و خۆی بەقوربانی دەزانێ بەكاری دێنێ. بۆ نموونە ئەلان كە باشوری كوردستان بەدەستی دەوڵەتی داگیركەری تورك، داگیركراوە بەشێكی خەڵك ئەوەندە لەژێر زەخت و چەوسانەوەی ماڵباتی بارزانی دا بوون ئامادەن دەوڵەتی تورك كە نەیارترین دوژمنیانە بێ و وڵاتیان داگیر بكا، بەڵام بەو شەرتەی ماڵباتی بارزانی لەسەر دەسەڵات نەمێنن. پێشوتریش گەلی باشور پاش ئەو هەموو شەڕ و قوربانیدان و فیداكارییە كە كردیان پەشیمان بوونەتەوە و مەخابن حەسرەت بۆ رژێمی نەگریسی سەدام كە هەزاران كوردی كۆمەڵكۆژ كرد دەخۆن. ئەم شێوەی بیركردنەوە تا ئاستێكی زۆر بەرچاو لەرۆژهەڵاتی كوردستانیش بەدی دەكرێت كە گەل چاوەڕێی هێزێكی بیانی وەك ئەمریكا و ئیسرائیلن كە بێ و رزگاریان بكا!!

چ شتێك لەمێژ و مێژووی كورداندا ماوەتەوە كە خۆیان ـ ئەوەندە بێ دەسەڵات و بێ چارە و لایەقی مردن ببینن؟! راستە لەمێژووی كورداندا گەلێك سەرهەڵدان و بەرخۆدانی مەزن رووداوە، بەڵام نابێ بەشكانی هەرسەرهەڵدانێك گەل باوەڕی خۆی لەدەست بدا و تێكشیوەكەی"تریت" بەهیوای جیران وشك بهێڵێتەوە!

ئەگەر چاو لەتەواوی وڵاتانی دنیا بكەین بۆ بەرگری لەخۆیان هەركات و هەرچركەیەك لەناو شەڕێكی بێ داویی دان. دنیای ماكرۆ بەگشتی و سروشتیش بەتایبەتی لەناو شەڕ و گۆڕانكارییەكی بێ كۆتایی دایە. تەنانەت لەجەستەی هەر تاكێكی ئێمە بۆ مانەوە هەمان شەڕ هەیە. ئەی بۆ كورد لەدیالەكتیكی گەردوونی هەڵدێت؟

ئەگەر ناتوانین شەڕ بكەین بۆ بەدرێژایی مێژوو دەسەڵاتداران وەكو باشترین شەڕكەر لەپێش سوپای خۆیان دایان ناوین؟ ئەگەر خاكمان پڕپیت و بەرەكەت نییە و كۆچی لێ دەكەین بۆ تەواوی دنیا ددانی لێ چیر كردووتەوە؟ رێبەر ئاپۆ گوتنێكی هەیە دەڵێ"كورد بوون تاڵە و ڕاكردن لێ نامەردییە". دیارە لەدنیا هیچ كەس ـ چ لەناو كورددا و چ لەدنیادا ـ بەقەد رێبەر ئاپۆ بواری سۆسیۆلۆژی و سایكۆلۆژیای كوردی لێك نەداوەتەوە و حەقیقەتی كوردی باش تەحلیل نەكردووە. "كوردبوون تاڵە"بەجۆرێك هەمان"چ گورگ بمخوا چ سوار"ە، بەڵام لەحەقیقەتی كوردی ئازاد دا مێژوویەكی مرۆڤاهی ـ ئەخلاق، چاند ـ خۆی شاردووتەوە كە ئەمڕۆ سیستەمی هێراركیی پیاوسالار بەبێ بەزەییترین شێوە هەڵسووكەوتی لەگەل دەكەن و هەوڵی لەناوبردنیانی هەیە.

ئەمڕۆ نەتەنیا گەلی هەرچواربەشی كوردستان؛ بەڵكو تەواوی دنیاش دەزانێ ئەرتەشی داگیركەری تورك نە بۆ پەكەكە؛ بەڵكو بۆ داگیركردنی خاكی باشورن و بێ كاریگەرهێشتنەوەی شۆڕشی كوردستان بەگشتی و لەناوبردنی دەستكەوتەكانی گەلی كورد لەشكەركشی كردووە. جودا لەلەشكەركەشی كۆمەڵێك ئامادەكاری وەك كێشانی كارەبا و دروستكردنی رێگا و بان بۆ بازرگانی و دامەزراندنی بنكەی عەسكەری ـ لەباشور ئەنجام دەدات. زۆر بێ شەرمانەش مەدیاكانی توركیا دەڵێن هەولێر شاری توركانە و خۆی بە خاوەنی پەیمانی میساقی مللی نیشان دەدا. راگەیاندن و مەدیای هەرێمی باشوری كوردستانیش ـ وەك مەدیایەكی بیانی ـ لەو شوێنانەی كە داگیركراوە هێرشی دەڕندەی دەوڵەتی داگیركەری تورك دەكەن بە هەواڵ و راپۆرتی بیست و چوار كاتژمێری. تۆ بڵی هەر كوردستانیش نییە فاشیزمی تورك رەوا نیشان دەدەن. سووتانی باخ و رەز و ئاژەڵ و ژینگە و قوربانی بوون و چۆڵكردنی گوندەكان دەخەنە ئەستۆی پەكەكە بۆ ئەوەی بەفرۆشتنی ژیانی ئەمڕۆیان چەن قۆرۆشێك لەداگیركەرانی خاك و ئاویان سواڵ بكەن.

ئەم داگیركردنەی ئەمڕۆی فاشیزمی تورك، شەڕێكی تەواو عەیارە بۆ سڕینەوەی گەلی كورد. چارەی دەردی ئێمەش نە كوچكردنە و نەبێدەنگی و خۆكەم دیتن. ڕاوەستان لەشوێنی خۆمان تا بزانین"با لەكۆوە دێ لەوێوە شەن بكەین"خۆ فریودانە و بەس.

دەبێت بزانین كە ئەمڕۆكە هەر گەریلایەكی ئاپۆیی نوێنەرایەتی راستەقینەی كوردێكی ئازادە كە تەنیا پشت بەخۆی و گەلەكەی دەبەستێ و بەرەنگار و رووبەرووی دوژمنانی نیشتیمانی دەبێتەوە. ئەمڕۆ ئەركی سەرشانی هەر تاكێكی كوردە بەپشتیوانی كردنی گەریلاكان و بەدرووشمی"یا سەركەوتن یان سەركەوتن"سەركەوتنێكی مێژوویی بنووسینەوە.