پەڕتووکی دونیای پاش تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بۆچی نووسی؟

" کتێبەکە سەرباری ئەوەی کتێبێکی فیکری و فەلسەفیە، بەڵام دابڕاو نییە لە کایەکانی دی و هەموو کەسێک دەتوانێت سوودی لێ ببینێت و بیخوێنێتەوە".

کتێبی (دونیای دوای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان)  لە کۆمەڵێک گوتاری فیکری پێک هاتووە، ئەم کتێبە خوێندنەوە و شیکارییەکی هەمەلایەنەیە بۆ ئەو دونیایەی کە ئێستا ئێمەی تێدا دەژین، دونیایەک کە ئەپە کاتکوژەکان و تۆڕەکان بە گشتی ڕۆڵێکی گەورە لە داڕشتنیدا دەگێڕن و لە ڕێیەوە دەستکاری کۆی تێڕوانین و هەڵوێست و حەزە مرۆییەکانمان دەکەن. هەرچەندە ناونیشانەکە وا دەردەکەوێت کە هەموو باسەکانی نێو کتێبەکە دەربارەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بێت، بەڵام لە ناواخنی کتێبەکەوە خوێنەر گەشت بە دونیایەکی فراوانتردا دەکات و زۆر ناڕوونیی و لێڵی تری بۆ ڕوون دەبێتەوە؛ لە زۆر کێشە و دەرکەوتەی دیکەی ئاڵۆز ڕادەمێنێت کە بەرۆکی ئینسانی ئەم سەردەمەی گرتووە و هەوڵی ڕاڤەکردن و لێتێگەیشتنیان دەدا.

کتێبەکە سەرباری ئەوەی کتێبێکی فیکری و فەلسەفیە، بەڵام دابڕاو نییە لە کایەکانی دی و هەموو کەسێک دەتوانێت سوودی لێ ببینێت و بیخوێنێتەوە، بۆ نموونە لە زۆر جێدا بۆ شرۆڤەکردنی دیاردە و شتەکان گەڕاوەتەوە بۆ ڕەگ و ڕیشە مێژووییەکان، هاوکات لە دەستنیشانکردنی دۆخی سایکۆلۆژیی کۆمەڵگا و مرۆڤەکاندا لە پەیوەست بە ئەپەکانەوە تا ڕادەیەکی زۆر ڕووکارێکی دەروونشیکاری و هێندێک جاریش دیاردەناسیانەی پێوەیە، یانژی بە گەڕانەوە بۆ چەندین ڕێباز و هێڵی دیکە تەقەلای کردنەوەی کۆدی کێشە بنەڕەتیەکانی داوە.

دونیای دوای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە زۆر ڕووەوە دونیایەکە پێویستی بە خوێندنەوەی قووڵە، پێویستی بە بنکۆڵکارییەکی فەلسەفییانەیە بۆ ئەو سەرلێشێوانە مەعریفی و ژیارییەی بەهۆی ئەم دونیایەوە بەسەر مرۆڤی نوێدا هاتووە، هەر ئەمەش وادەکات ئەم کتێبە شیاوی خوێندنەوە بێت، تاکو ساناتر لە کێشەکانی ئەم سەردەمە تێبگەین و وردتر مامەڵە لەگەڵ دەرکەوتەکانیدا بکەین.

لە کتێبەکەوە:

(پێش پەیدابوونی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و بەرفراوانبوونیان، مرۆ خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندی خۆی بوو، سنوورێکی بۆ ئەوانی دی دانابوو تا بە تەواوی نەیەنە نێو ژیانییەوە، لێ دوای پەیدابوونی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەشێکی زۆری خەڵکی ئارەزوومەندانە دەستبەرداری ئەم تایبەتمەندییانە بوون. ئیدی ئارەزووەکان؛ جۆری پۆشاک و خواردن و بیرکردنەوە و تەنانەت پێکەنین و دڵتەنگیەکانیش بە تەنها لەو سنورە بەرتەسکەی پێشووتردا نەمانەوە و هاتنە نێو تۆڕەکانەوە، بوون بە بەشێک لە جیهانێکی گەورەتر، ئایا ئەمە کارێکی باشبوو ئێمە کردمان؟).

هـ . ب