پێویستە پەرە بە هەرەوەزی بدەین

ئابووریی جڤاکیی پشت بە چاندی دایک دەبەستێت، پشت بە چاندی گوند و کشتوکاڵ، واتە ئابووریی لەگەڵ خۆی تانوپۆی یەکێتیی جڤاکیی دەچنێت و پێش دەخات. ئابووریی لە نێواخندا چاندە، مێژووە و بەکۆمەڵایەتییبوونە.

کاتێک کۆمەڵی مرۆیی هاوسەنگیی لەگەڵ سرووشت لێ ترازا، زەینیەتی دەسەڵاتداریی پێش کەوت و بوو بە دەزگا. لەو دەمەی ڕا ئابووری لە نێواخنی خۆی ڕیشەکێش کرد و کردی بە دەستپێچی پتەوکردنی دەسەڵاتدارێتیی. لەبری ئەوەی ئابووریی ببێتە دابینکەری پێداویستییە سرووشتییەکانی مرۆڤ، بە پێچەوانەوە بوو بە ئامێری قازانج و سەردارێتیی، جا ئیتر ئابووریی بەو پارەیە پێناس و پێوان دەکرێت وا قازانج دەکرێت، بەم ڕەنگە تانوپۆی پەیوەندییەکی ڕیشاژۆ لە نێوان دامودەزگا دەسەڵاتگەراکان و ئەو چالاکییانەی بە ئابووریی ناودێر دەکرێن، چنرا. ئیتر دەزگای دەوڵەت لە سایەی سەری سەرمایەدارییەوە بوو بە هێز و پاڵپشتی چەپاو و ڕاوڕووت. سیستەمی سەرمایەداریی بۆ ئەوەی فرەتر پەڕوپۆ بداتە دەسەڵاتگەرێتیی خۆی، چاو دەبڕێتە پارچەکردنی جڤاک، بە واتایەکی تر، کۆمەڵ بێئیرادە و کۆیلە دەکات، سا بۆیە گەر ئێمە گەرەکمان بێت مژاری ئابووریی شیتەڵ بکەین، ئەوا دەبێت بزانین سەرپاکی ڕەهەندە جڤاکییەکان کەوتوونەتە دەست دەسەڵاتداران، واتا جڤاکیان نائابووریی و بێئیرادە کردووە.

لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شۆڕشێکی بەردەوام بەڕێوە دەبرێت، بەرخۆدان و تێکۆشانێکی فراوان دژی سیاسەتی کۆمەڵکوژیی و پاکتاو وا لە سەر پێ و کەڵەبازی مێژوویی دەنرێن، بەڵام بەداخەوە لەگەڵ ئەم دەستکەوت و سەرکەوتنانەدا، هەنگاوی باش لە بەستێنی ئابوورییدا نانرێن، بۆ پتەوکردنی پاراستن و بەرخۆدان، ئابووری جەنگ پێویستییەکی سەرەکییە. بۆ پێکهێنانی ئەمەش؛ پێشخستنی ئابووریی جڤاکیی شامەرجە. بە پوختیی؛ پێشخستنی ئابووریی جڤاکیی بە واتای ڕێکخستەبوونی جڤاکییە، جڤاکی ڕێکخستەبووش، بە واتای کۆمەڵگەی بەئیرادە و جڤاکی ئازاد دێت.

گەر ئابووریی جڤاکیی نەبێت، ئەوا مرۆڤ ناچار دەمێنێت ببێتە کرێکار و فەرمانبەری دەزگاکانی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو کەسە لە خزمەتی دەسەڵاتدارییدا ببێتە کۆیلەیەکی مۆدێرن. بۆ دەربازبوون و چارەسەری ئەم ڕەوشە گەرەکە بۆ گۆڕینی زەینییەت تێ بکۆشین، ئەمەش بەو ئامانجەی ئەو هۆشمەندییە ئازادەی وا مل بۆ کۆیلایەتیی کەچ ناکات، ڕەنگڕێژ بکرێت. واتا لە بری ڕەنجی تاکێکی کۆیلە، زەینیەتی هەرەوەزیی بڕسکێنرێت.

لە سۆنگەی ڕێکخستن و پێشخستنی کۆمینەکانەوە، جارێکی تر ژیانی کۆمیناڵ و هاوبەش و سرووشتیی زیندوو و کارا دەبێتەوە، هاوکاتی ئەمە توانای خۆبەڕێوەبەریی و بڕیاردانی ئەو جڤاکە پێش دەکەوێت، کاتێک کۆمین و ئەنجوومەنە جڤاکییەکان چالاک بن، ئەو دەمە ئەو کۆمەڵگەیە دەتوانێت ئابووریی جڤاکیی خۆی پێش بخات، گەر ئابووریی جڤاکییش پێش بکەوێت، ئەوا ئەو کۆمین و ئەنجوومەنانەش لە بەڕێوەبردنی سیستەمی کۆمەڵگەی دیموکراتدا بەهێزتر و واتادارتر دەبن.

چەندێک کۆمین و ئەنجوومەن بۆ ڕێکخستنی جڤاکیی گرنگ بن، هەرەوەزیی وەک شێوە ڕێکخستنێکی ئابووریی بەکۆمەڵی جڤاک گرنگە. لە سیستەمی هەرەوەزییدا کرێکار و فەرمانبەر لەگۆڕێ نین. کەس کار بۆ خەڵکی تر ناکات، بەڵکوو هەمووان پێکڕا خاوەنی کارەکەن، لە سیستەمی هەرەوەزییدا هەموو ئەندامانی خێزان دەبنە خاوەنی ئەو کارە، تەنانەت منداڵی بچووکی ماڵیش پاڵپشتیی دایبابی خۆیان دەکەن، ئەوانیش دەبنە خاوەنی ئەو کارە، لە هەرەوەزییدا لە جێی چاندی مشەخۆریی، چاندی یەکگرتوویی و خۆشەویستیی پێش دەکەوێت، هەرەوەزەکان دەبنە ناوەندی ورە و یەکگرتنی کۆمەڵ، هاوکاتی ئەمەش خواستە مادییەکانی کۆمەڵ دابین دەکرێن. واتە هەرەوەزیی ڕێ نادات ئەندامەکانی لە ژێر چەپۆکی سەرمایەدارییدا ببنە کۆیلەی مۆدێرن.

سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی پشت بە بازاڕی ئازاد دەبەستێت، جا شاڕەگەزەکانی بازاڕی ئازادییش قازانج و پاوانە. هەموو شێوازەکانی چەپاوڵ و مشەخۆریی لە بازاڕی ئازاددا ڕەوایەتی پێ دەدرێت. بەڵام لە ئابووریی جڤاکییدا پێچەوانەی ئەمەیە، لەبری قازانج و پاوان، دابینکردنی پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکان بە بنەما دەگیرێن، لەم سۆنگەوە لەبری بازاڕی ئازادی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی، بازاڕی جڤاکیی پێش دەخات.

گەر ئێمە بمانەوێت ئاستی پێشکەوتنی شۆڕشێک هەڵبسەنگێنین، ئەوا گەرەکە لە ئابوورییە جڤاکییەکەی بنواڕین، بۆ ئەوەی لە پلەی پێشکەوتنی ئابوورییە جڤاکییەکەی تێ بگەین، ئەوا دەبێت لە بارستەی ئەو بازرگانییە بنواڕین وا لە دەرێ ئاودیوی وڵات دەکرێت، گەر بازرگانیی لەگەڵ دەرەوە زیاد بوو، ئەوە نیشانەی لاوازییە، ئەوە نیشانی دەدات ئەو کۆمەڵگەیە بەرهەمهێن نییە، واتە کۆمەڵگەیەکی بەکاربەرە، ئەو کۆمەڵگەیەی بەرهەمی ئابووریی نەبێت، ناتوانێت سیستەمی دیموکرات ڕەنگڕێژ بکات و ئازاد بژیی.

ئابووریی جڤاکیی پشت بە چاندی دایک دەبەستێت، پشت بە چاندی گوند و کشتوکاڵ، واتە ئابووریی لەگەڵ خۆی تانوپۆی یەکێتیی جڤاکیی دەچنێت و پێش دەخات. ئابووریی لە نێواخندا چاندە، مێژووە و بەکۆمەڵایەتییبوونە، لێ بەداخەوە ئەمڕۆ مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی ئەم پێناسەیەی پەرت و پاوان کردووە، ئابووریی بە پێوەری پارە و قازانج لەپێناسە دەدات. بۆ ئەوەی ئەم پێناسە ئابوورییەی خۆی بپەژرێنێت و ڕەوایەتی پێ بدات، لە سیستەمی پەروەردەی خۆیدا زانکۆی تایبەت دادەمەزرێنێت، سەرمایەداریی لامژیی و مشەخۆریی و تەڵەکەبازیی و ڕاوڕووت و چەپاوڵ و حەزی دەسەڵاتدارێتیی و پارە بەئابووریی لەقەڵەم دەدات.

ئێمە لە شۆڕشی جڤاکیی دەدوێین، لە ئازادیی و دیموکراتیی دەدوێین، بەڵام لە ئابووری جڤاکیی نادوێین، ئەمەش لەگەڵ شۆڕش ناکۆکە، گەر خواستی ڕەنگاندنی سیستەمێکی دیموکرات و ئازادمان هەیە، ئەوا دەبێت بناغەی شۆڕشی جڤاکیی بە دەساوێژی گەڕانەوە بۆ ژیانی گوند بەهێز بکەین. بۆ ئەوەی گەڕانەوەش بۆ ژیانی گوند وەدی بێت، دەبێت پشتگیریی کشتوکاڵ بکرێت، چونکە گەر کشتوکاڵ پێش بکەوێت، ئەوا چاندی دایک و کۆمیناڵێتیی و یەکێتیی جڤاکیی پێش دەکەون، گەر کشتوکاڵ برەو بسەنێت، بەرهەمی کۆمەڵ زیاد دەبێت و ئابووریی جڤاکیی و شۆڕشی دیموکراتیی پێش دەکەون.

*سەرچاوە: ئازادی کۆمەڵگە