له هه‌ڵبژاردنی ١٢ی ئایار\٢٢ی بانه‌مه‌ڕ-ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا، لیستی سائیروون كه له هاوپه‌یمانه‌تیی ڕه‌وتی سه‌در به سه‌رۆكایه‌تی موقته‌دا سه‌در و شیوعییه‌كانی عێراق پێكهاتووه، پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێنا. هه‌رچه‌نده لیستی سائیروون سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه به‌سه‌ر لایه‌نه عێراقییه‌كانی دیكه، به‌ڵام پێكهێنانی حكوومه‌ت ئاسان نابێت.
«بیركاریانه ئاسانه، به‌ڵام سیاسیانه زه‌حمه‌ته»
فه‌نه‌ر حه‌داد پسپۆڕی كاروباری عێراق له زانكۆی سه‌نگاپووره، له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فه‌ڕه‌نسا - AFP ده‌ستنیشانی كرد كه به‌شێوه‌یه‌كی بیركارییانه پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ ئاسانه. گوتیشی: به گوێره‌ی قانوون و ده‌ستووری بنه‌ڕه‌تی، بونیادنانی حكوومه‌تێك به‌بێ ڕه‌وتی سه‌در مومكینه. به‌ڵام له ڕووی سیاسییه‌وه زه‌حمه‌ته.
ئێران هه‌موو هه‌وڵه‌كانی خستۆته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی حكوومه‌تێك به‌بێ ڕه‌وتی سه‌در پێكبهێنرێت. فه‌رمانداری سوپای قودسی ئێران قاسم سوله‌یمانی كه ڕاسته‌وخۆ له ڕووی سه‌ربازی و سیاسییه‌وه ده‌ست له كاروباری هه‌رێمه‌كه وه‌رده‌دات، ده‌ستی به جموجۆڵ كردووه.
سوله‌یمانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان كۆده‌بێته‌وه
به گوێره‌ی زانیاری كۆمه‌ڵێك به‌رپرسی عێراقی كه لێدوانیان بۆ AFPی داوه، قاسم سوله‌یمانی شه‌وی دووشه‌ممه له‌گه‌ڵ چه‌ندین لایه‌نی سیاسیی عێراق چاوپێكه‌وتنی كردووه. سوله‌یمانی له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌موو شێوه ڕێككه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی سه‌در ڕه‌ت كردۆته‌وه و قه‌ده‌غه‌ی كردووه.
له عێراق موقته‌دا سه‌در كه سه‌رۆكایه‌تی ڕه‌وتی سه‌در و لیستی سائیروون ده‌كات، وه‌ك «قاره‌مان»ێك له به‌ره‌نگاربوونه‌وه و دژایه‌تیكردنی گه‌نده‌ڵی خۆی ده‌ناسێنێت. ماوه‌یه‌ك به‌ر له ئێستا ناوبراو سه‌ردانی دوژمنه سه‌رسه‌خته‌كه‌ی ئێران «سعوودیه»ی كرد، ئه‌مه‌ش گومانی له لای حكوومه‌تی تاران دروستكرد.
شه‌وی دووشه‌ممه، قاسم سوله‌یمانی له‌پێناو دروستكردنی كوتله‌یه‌كی په‌رله‌مانی، پارتهموحافیزكارهكانی شیعه‌ی عێراقی ڕاسپارد بۆ ئه‌وه‌ی گرووپه بچووكه‌كان له یه‌كتر كۆبكاته‌وه. ئێران ده‌یه‌وێت به‌م شێوه‌یه به‌ره‌یه‌ك دروست بكات كه له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی بێته‌وه.
ئێران ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ په‌ده‌كه-ی قه‌ده‌غه كرد!
قاسم سوله‌یمانی به‌تایبه‌تی سه‌رۆكوه‌زیر حه‌یده‌ر عه‌بادی - لیستی نه‌سڕ، سه‌رۆكوه‌زیری پێشووی نووری مالیكی - لیستی ده‌وڵه‌تی یاسا و هادی عامری - لیستی فه‌تح (حه‌شدی شه‌عبی)-ی كۆكرده‌وه. به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئاژانسی هه‌واڵی فه‌ڕه‌نسا، قاسم سوله‌یمانی قه‌ده‌غه‌ی كردووه كه له پێكهێنانی حكوومه‌تدا ئه‌م ٣ لایه‌نه شیعه‌یه رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی حیكمه-ی شیعه به سه‌رۆكایه‌تی عه‌مار حه‌كیم، لیستی ئهلموتهحیدوون-ی سوننی به سه‌رۆكایه‌تی ئووسامه نوجه‌یفی و پارتی دیموكراتی كوردستان - په‌ده‌كه بكه‌ن.
ئه‌م ده‌ستێوه‌ردانه‌ی ئێران له‌كاتێكدایه كه ڕه‌وتی سه‌در دروستكردنی هاوپه‌یمانه‌تی له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی و نووری مالیكی ڕه‌ت كردۆته‌وه بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ.
s.m