یەپەژە شەهیدبوونی فەرماندە ژیندا جودی ڕاگەیاند

یەپەژە ڕایگەیاند فەرماندەیەکی هێزەکەیان بە ناوی ژیندا جودی شەهیدبووە، گوتی: "ژیندا جودی لە ٣ ی تشرینی یەکەم لەسەر ڕێگەی عامودا_قامیشلۆ لە هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک شەهید بووە".

فەرماندەیی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) بە ڕاگەیاندراوێک ناسنامەی یەک لە فەرماندەکانی یەپەژە، ژیندا جودی ڕاگەیاند کە ٣ ی تشرینی یەکەم لەسەر ڕێگەی عامودا_قامیشلۆ لە هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک شەهید بووە، گوتی: "فەرماندە ژیندا جودی و هاوڕێمان ساڵەح خەلیل لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک چوونە ڕیزی کاروانی نەمرانەوە".

یەپەژە لە ڕاگەیاندراوەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات ژیندا جودی (خەزال بەلگە) لە ساڵی ١٩٨٥ لە شەرناخ لەنێو بنەماڵەیەکی وڵاتپارێز لەدایکبووە. خەڵکی هەرێمی بۆتانە کە ئەم هەرێمە لە مێژووی تێکۆشانی گەلی کورددا ڕۆڵێکی مەزنی هەبووە و چەندین ڕۆڵەی قارەمانی پێشکەش بەم تێکۆشانە کردووە. دەڵێت: "بنەماڵەی هێژای  فەرماندە ژیندا لە ساڵی ١٩٨٩، لەکاتی بەسوپابوونی تەڤگەری ئازادیی کوردستان لەژێر فەرماندەیی فەرماندەی مەزن مەعسوم کۆرکماز (عەگید) بەشداربوون لە ڕێکخستنبوون و بەسوپابوونی گەلی بەرخۆدەر. ئەم بنەماڵەیە لە مێژووی تێکۆشانی ئازادیدا بوونە بنەماڵەیەکی قەدرگران و خاوەن ڕەنجی مەزن... باوکی فەرماندە ژیندا، یوسف بەلگە لە ساڵی ١٩٩٨ لەکاتی خەباتی تەڤگەری ئازادی کوردستان، گەیشتە کاروانی نەمران. ئەمەش بووە قۆناغێکی نوێ بۆ ئەوەی بنەماڵەی بەلگە زیاتر ڕووبکەنە ڕیزەکانی تەڤگەری ئازادیی کوردستان. ٢ برای فەرماندە ژیندا، بە ناوەکانی فیراس و ڕزگار لە بۆتان و لە بەرواری جیاوازدا گەیشتنە کاروانی نەمران.

فەرماندە ژیندا لەسەر ئەم میراتی بەرخۆدانە لە ساڵانی ١٩٩٩ لە باکووری کوردستان بەشداربوو لە خەباتی گەنجان. فەرماندە ژیندا وەک شوێنکەوتەیەکی ڕاستگۆی بەهاکانی تێکۆشانی ئازادی، لە ساڵی ٢٠٠٣ تاوەکو چالاکانەتر بەشداری تێکۆشانی ئازادی ببێت، لە بۆتانەوە ڕوویکردە ڕیزەکانی تێکۆشانی ئازادی کوردستان. لە چیاکانی کوردستان دەستی بە تێکۆشانی ئازادیی گەلان کرد، لە چیا ئازادەکان وەک ژنێکی بۆتانی دەبێتە خاوەن ئەزموونێکی مەزنی گەریلایەتی. کاتێک شۆڕشی ڕۆژئاوا دەستی پێ کرد، لەسەر بنەمای بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ وەک جەنگاوەرێکی ئاپۆیی بەڵێندەر چووە ڕۆژئاوای کوردستان. دەبێتە یەکێک لە ژنە ئازاکانی ناو ڕیزەکانی یەپەژە و لە پێشەنگی هەڵمەتەکانی ڕزگارکردندا جێگەی خۆی دەگرێتەوە. فەرماندە ژیندا لە شەڕە قورسەکانی وەک جەزا، ڕەبیعە، مەبروکە، تەل کۆچەر، سەرێکانی، هەڵمەتی شەهید ڕووبار و هۆل دژی چەتەکانی داعش شەڕی کردووە. لە سەختترین کاتەکانی شەڕی ئازادیدا، فەرماندە ژیندا وەک ژنێکی تێکۆشەر بە ئەرکە جەنگاوەرییەکانی خۆی هەستا. لە هەڵمەتەکانی ڕزگارکردندا سەرەڕای برینداربوونی بە هەڵوێستی فیداکارانە و ئازایانە و بەجۆشی خۆی، بۆ پاراستنی خاکی وڵات و بەسیستەمکردنی ڕەهەندەکانی نەتەوەی دیموکراتیک و ئافراندنی جیاوازی لە خەباتی شۆڕشگێڕییدا، لە هەموو سەنگەرەکانی بەرخۆدان جێی خۆی گرت.

هاوڕێمان ژیندا جودی لە ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی فاشیستی تورکەوە کرایە ئامانج و پەیوەندی بە کاروانی شەهیدانەوە کرد. ئەم فاشیزمی تورکە شەڕڤانان و فەرماندەکانی یەپەژە بەشێوەی نامەردانە دەکاتە ئامانج کە دژی داعش شەڕیان کردووە، ئەمە دیسانەوە دەرخەری ڕاستی قڕکەری دەوڵەتی داگیرکەری تورکە. ئەمڕۆ ئەو بەرخۆدانەی کە ئەنجامی دەدەین بەرخۆدانی ژیانێکی شکۆمەندانەیە، ئێمە لەسایەی قوربانیدانی کوڕان و کچانی وڵاتەوە شۆڕشێکمان ئەنجامدا، بێگومان لە ڕۆژی یەکەمەوە پێداگربووین لەسەر پاراستنی شۆڕش. ئێمە هێزێکی تۆڵەسێنین بۆیە دەبێت داگیرکەری تورک باش بزانێت، ئێمە هەرگیز دەستبەرداری تۆڵەسەندنەوەی خۆمان نابین. لێپرسینەوە لە هەموو هەوڵێکی داگیرکاریی فاشیزمی تورک دەکەین".

لەکۆتاییدا یەپەژە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی فەرماندە جودی و گەلی بەرخۆدەری بۆتان و تەواوی گەلی وڵاتپارێز دەکات، بەڵێن دەدات شوێنکەوتەی شەهیدان بن و خەون و ئامانجەکانیان بەدی بهێنن، دەڵێت: "شۆڕشی ڕۆژئاوا لەسەر میراتی فەرماندەکانی وەک ژیندا جودی خۆی دامەزراندووە و لێرە بەدواش بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی شۆڕش تێکۆشان مەزنتر دەکات.

ناسنامەی هاوڕێکەمان بەم جۆرەیە:

ناسناو: ژیندا جودی

ناو و پاشناو: خەزال بەلگە

ناوی دایک: بەهیە بەلگە

ناوی باوک: یوسف بەلگە

شوێن و کاتی شەهیدبوون: عامودا_قامیشلۆ، ٣-١٠-٢٠٢٤".