عادل مانع ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لەلێدوانێکدا بە رۆژنیوزی راگەیاندووە، " ، پێویستە حكومەت و هاوڵاتیانی عێراق سوپاسی پارتی كرێكارانی كوردستان ( پەكەكە) بكەن بۆ ئەو هاوكارییانەی پێشكەشی عێراقییەكانیان كرد لە شەڕی داعشدا، چونكە هەڵوێستیان شەرەفمەندانە و جێی ڕێز بوو، ئێمەش ئینكاری ئەو چاكەیە ناكەین.
باسی لەوەشکرد: "گفتووگۆكانی حكومەت لەگەڵ توركیا مانای ئەوە نییە، عێراق داواكارییەكانی توركیا بۆ قەدەغەكردنی كاری پەكەكە جێبەجێ بكات، بەڵكو ڕەنگە حكومەتی عێراق بە فەرمی مامەڵە لەگەڵ ئەو حزبە بکات" .
ئەو ئەندامەی دەوڵەتی یاسا هێمای بۆ ئەوەشکرد، ئەم بابەتە ئاڵۆزە و ئاسان نییە، چونكە هیچ ئاماژەیەك لەلایەن حكومەتی عێراقەوە نییە بۆ قەدەغەكردنی كاری ئەو حزبە.
باسى لەوەشکردووە، "پێشێلکردنى سەروەرى وڵاتەکەمان لەلایەن توركیاوە پلانێكە، كە ئەمریكا پشتیوانی دەكات، بۆیە توركیا ناتوانێت هەنگاوی لەو شێوەیە بنێت بەبێ ڕەزامەندی ئەمریكا".
ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر بگەڕێینەوە دواوە، بۆمان دەردەكەوێت هێرشەكانی توركیا بۆ باكووری سووریا هاوكات بووە لەگەڵ داگیركردنی بەشێكی هەرێمی كوردستان، كە ئێستا دەوڵەتی تورك ٤٠ كیلۆمەتر هاتووەتە ناوخاكی عێراقەوە، واتە ئەوان زیاتر لە ٢٠٠ كیلۆمەتر هاتوونەتە ناو خاكی عێراقەوە، ئایا ئەمە بۆ شەڕە لەگەڵ پەكەكە یان فراونكردنی دەسەڵاتەكانییەتی لە ناوچەكە".
لە كۆتاییدا وتی: "ئەگەر بوونی توركیا تەنها بوونێكی ئاساییە، كەواتە بۆچی بنكەی سەربازیان دامەزراندووە؟ لە بەعشیقە لەکاتێکدا پەكەكەی لێ نییە، بەڵام سەربازی توركیای لێیە ئەمە بۆ؟".