ماڵپەڕی"فارس"،ی سەر بەسوپای پاسداران، شەوی یەكشەممە، ١٢ی حوزەیران، بەبێ ئەوەی هیچ وردەكاریەك باس بكات رایگەیاندوە؛ محەمەد عەبدوس یەكێك لەكارمەندانی هێزە ئاسمانیەكانی ئێران لە سمنان لەكاتی ئەنجامدانی ئەركەكەیدا كۆژراوە.
پەیوەندییە گشتیەكانی"سوپای رۆح والله"، پارێزگای ناوەندی كاتژمێرێك دواتر لەبڵاوكردنەوەی ئەو رووداوە، بەدەركردنی راگەیەندراوێك؛ باسی لە كۆشتنی ئەندامێكی تری هێزە ئاسمانیەكان بەناوی "عەلی كەمانی" كردوە، كە بەهۆی رووداوی ئۆتۆمبێلەوە گیانی لە دەستداوە.
ماڵپەری فارس رایگەیاندوە؛ محەمەد عەبدوس یەكێك لەكارمەندانی هێزە ئاسمانیەكانی سمنان بووە، كە دوای ماوەیەكی درێژ لەكارکردن بۆ خزمەتكردن بە رژێم، "لەكاتی راپەڕاندنی ئەركێكدا شەهید بووە".
سوپای پاسداران، چەمكی "شەهیدبوون" زۆرتر بۆ ئەو كەسانە بەکار دەهێنێت، کە لەكاتی پێكدادانی سەربازی یا، كردنە ئامانجی كەسیاندا دەکوژرێن.
عەبدوس لەدایكبووی ساڵی ١٩٨٦ و بڵاوكراوەتەوە، كە لە ١٢ی حۆزەیران لە سمنان كۆژراوە.
رۆژنامەی"جروزالم پۆست"، رۆژی دووشەممە، ١٣ حۆزەیران بڵاوی كردووەتەوە، كە دوو ئەندامی هێزە ئاسمانیەكانی سوپای پاسداران لە بواری دروستكردنی فڕۆكەی بێفرۆكەواندا كاریان دەكرد، كوژراون.
لەماوەی مانگی رابردوودا ٢ ئەندامی تری پایە بڵندی سوپای قودسی ئێرانی بە ناوەكانی "حەسەن سەیاد خودایی و عەلی ئیسمائیل زادە" لە تاران و كەرەج تیرۆر كران و كۆشتنەكانیش خرایە ئەستۆی ئیسرائیلەوە.
هەر لەم چوارچێوەیەشدا؛ ئەیوب ئینتزاری، یەكێك لە زاناكانی بواری هێزە ئاسمانیەكانە لە یەزد بەشێوەیەكی گومانئاوی گیانی لەدەستدا. راگەیاندنە ناوخۆیەكانی ئێران مردنەكەیان خستە ئەستۆی موسادی ئیسرائیل.
راگەیاندنە فارسیەكانیش بەگواستنەوە لە ماڵپەڕی ئینتەرنێتی رۆژنامەی ئیسرائیلی "یدیعوت ئاخرونوت"، بڵاویانكردووەتەوە، كامەران مەلاپور، زانای گەنج، كە لەبنكەی ئەتۆمی نەتەنز كاری دەكرد بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستداوە.
لەلایەكی ترەوە لەهێرشێكی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكان دا لە ٢٥ی ئایار بۆ سەر ناوەندێكی لێكۆڵینەوەی وەزارەتی پاراستنی رژێمی ئێران لەناوچەی پارچین، "ئیحسان قەدبەیگی"، زانا و لێكۆڵینەری ئەو دامەزراوەیە كۆژرا.
ژ.ت