لە ئێران، ئاگر لە نەخۆشخانەیەک کەوتەوە: ٩ کەس گیانیان لەدەستدا

بەگوێرەی میدیاکانی دەوڵەتی ئێران، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە نەخۆشخانەیەک لە باکووری ئەو وڵاتە ئاگری لێکەوتووتەوە. ئاماژە بەوەشکراوە، لەئەنجامی ئاگرکەوتنەوەکەدا ٩ کەس گیانیان لەدەستداوە.

تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران بڵاویکردەوە، ئاگر لە نەخۆشخانەی قائێم لە شاری ڕەشت لە پارێزگای گیلان کەوتەوە. ڕاگەیەندراوە کە بۆ دۆزینەوەی هۆکاری ڕووداوەکە لێکۆڵینەوە دەستی پێکردووە.

محەمەد تاغی ئاشوبی، سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی گیلان، قسەی بۆ ڕاگەیاندنەکان کرد و ڕایگەیاند، "لە ئەنجامی ئاگرەکەدا ٩کەس گیانیان لەدەستداوە."

بەپێی هەمان سەرچاوە، لە کاتی ئاگرکەوتنەوەکەدا ١٤٢ نەخۆش لە نەخۆشخانەکەدا بوون.

لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣ لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورە لە سەنتەری دیتۆکس لە شارۆچکەی لەنگرود لە هەمان پارێزگا ٣٢ کەس گیانیان لەدەستدا.

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٠ ئاگر لە کلینیکێک لە باکووری تاران کەوتەوە و لانیکەم ١٩ کەس گیانیان لەدەستدا.