پەرلەمانتارێکی عێراق: پێویستە عێراق وڵامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بداتەوە

باسم خەشان، پەرلەمانتاری سەربەخۆی عێراق، دەوڵەتی تورکیای بە “دەوڵەتێکی دوژمنکار” ناوبرد و داوای لە حکومەت و پەرلەمانی عێراق کرد؛ وەڵامی هێرشەکانی تورکیا بدەنەوە و ناتۆش لە کردەوەکانی تورکیا ئاگادار بکەنەوە.

باسم خەشان، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فەیسبووکی خۆی لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستان نووسیویەتی: تورکیا دەوڵەتێکی دڕندەیە و سەروەری عێراق و مافە ئاوییەکانی پێشێل دەکات.

دەشڵێت: عێراق هەنگاوی پێویستی بۆ چارەسەرکردنی ئەو پێشێلکارییانە نەناوە و بێدەنگ بووە، نە لە ڕێگەی یاسایی و ڕێگەی دیکەوە تورکیای ئاگادار نەکردووەتەوە لە هێرشەکانی.

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، کە یەکێک لە بنەماکانی ناتۆ بۆ پشتیوانییکردنی وڵاتی ئەندام ئەوەیە، کە سەروەریی و مافەکانی وڵاتانی دیکە پێشێل نەکات و دەڵێت: بەڵام سەرباری ئەوەش بێدەنگن بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا، هێرشەکانی تورکیا لە عێراق لە بێ ئاگاییەوە نییە، ئەوەش ناتۆ دەکاتە هاوبەشی هێرشەکانی تورکیا و بەپرس لە قوربانییە مەدەنییەکان.

باسم خەشان ئەوەش دەخاتەڕوو، کە دەوڵەتی تورک بێدەنگیی حکومەتی عێراق دەقۆزێتەوە بۆ ئەنجامدانی هێرشەکانی و دەڵێت: ئەو هەڵوێستانەی نیشان دەدرێن کاریگەرییان نییە و سنوورەکانی بەغدا تێناپەڕێنن.

خەشان داواش لە حکومەت و پەرلەمانی عێراق دەکات، وەڵامی هێرشەکانی تورکیا بدەنەوە و دەڵێت: ئیتر کاتی ئەوە هاتووە پەیامی سزادانی وڵاتانی ناتۆ بدرێت.

ف.ق