ئەنجومەنی وەزیرانی ئێراق پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ی پەسەند کرد

دوای چەندین ڕۆژ لە کۆبوونەوە، ئەمشەو ئەنجومەنی وەزیرانی ئێراق پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ی وڵاتی ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی ئێراق لە بارەی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی داهاتووی وڵات کۆببوویەوە و بابەتەکە خرابووە بەر باس و گفتوگۆ و دەنگدانەوە.
کەمێک پێش ئێستا نوسینگەی ڕاگەیاندنی موستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی ئێراق ڕاگەیەندراوێکی لە بارەی کۆبوونەوەکەوە بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “ئەنجومەنی وەزیران لە دانیشتنی ئەمڕۆی دا کە بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی بەڕێوەچوو، دەنگیدا لەسەر بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢١ و بە کۆی دەنگ پەسەندی کرد”.
بەڵام لە راگەیەندراوەکەدا، لەبارەی چۆنیەتی و شێواز و وردەکاریەکانی پەسندکردنەکەوە ڕوونکردنەوەی زیاتر نەدراوە.

سەبارەت بەو موستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی ئێراق بە رۆژنامەوانان و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی گوت بوو: لە بودجەی ساڵی دارایی داهاتوودا دەستکاری مووچەی فەرمانبەران ناکەن و بەڵکو مووچە و داهاتی چینی باڵا و دەوڵەمەندی وڵات دەکرێتە ئامانج.
دوێنێش، کازمی پێشنیاری زیادکردنی نرخی بەنزین و کەمکردنەوەی دەرماڵەی فەرمانبەرانی له پرۆژە یاسای بوودجه‌دا ڕه‌تكردبوویەوە.
ئەمەو کازمی بانگەشەی کردوە، پڕۆژە یاسای بودجە خراوەتە بەردەم هەموو کوتلە سیاسییەکانی ئێراق و هەمووان پێی ڕازی بوون.

لەلایەکی دیکەوە، ڕاگەیەندرا: ڕژێمی داگیرکەری تورکیا بۆ پڕکردنەوەی کوتهێنانی بودجەی ئێراق، ئامادەی دەربڕیوە پێنج ملیار دۆلار بداتە ئێراق. بەڵام تا ئێستا نازانرێت بەچ هۆکار و مەرامێک و لە بەرامبەر چیدا ئەو بڕە پارەیە دەدات حکومەتی ئێراق؟! ئەوەش نیگەرانی بەشێک لە سیاسیەکان و شەقامی ئێراقی لێکەتووەتەوە، چونکە لە ڕابردوودا ئەو ڕژێمە پارەی داوەتە دەسەڵاتداری پەدەکە و بەدوای ئەوەدا باشوری کوردستان دووچاری چەندین قەیرانی قوڵی دارایی و سیاسیی و جڤاکیی بووەتەوە.

جێگەی ئاماژەیە، بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا پرۆژە یاسای پەسەندکراوی بودجەی ساڵی داهاتووی ئێراق، ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەو وڵاتە بکرێت تا لەوێش دەنگی لەسەر بدرێ و پەسەند بکرێت.

هـ.هـ