ئێران و سوودان پەیوەندییەکانیان ئاسایی دەکەنەوە

دوای تێپەڕبوونی نزیکەی هەشت ساڵ بە سەر پچڕانی پەیوەندییەکانیان، ئێران باڵیۆزخانەی خۆی لە خەرتووم کردەوە.

حکومەتی سوودان بە فەرمی نامەی کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئێران لە خەرتوومی وەرگرت و باڵیۆزێکیشی بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانەکەیان لە تاران رەوانەی ئەو وڵاتە کرد.

لە ڕاگەیاندراوەكی حکومەتی سووداندا هاتووە، عەبدول فەتاح بورهان فەرماندەی سوپای سوودان و سەرۆكی ئەو وڵاتە دوای هەشت ساڵ نامەی كردنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە ئێران وەرگرت، ئەمڕۆ پێشوازی لە حەسەن شا حوسێنی باڵیۆزی نوێی تاران كرد، هەروەها نێردەی خۆی نارد بۆ تاران بە مەبەستى كردنەوەی باڵیۆزخانە.

حەسەن ئەلئەمین یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی سوودان ڕایگەیاند، ئەو هەنگاوە دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێیە لە پرۆسەی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات.

هەروەها فەرماندەی سوپا و سەرۆكی سوودان، بورهان عەبدول عەزیز حەسەن ساڵحی وەك باڵیۆزی وڵاتەکەی لە تاران دەستنیشان كرد.

دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٦ هێرش كرایە سەر باڵیۆزخانەی سعودیە لە تاران، سوودان وەك هاوسۆزی لەگەڵ سعودیە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران پچڕاند، هەروەها زۆرێك لە هاوپەیمانەكانی سعودیە لە ناوچەكەدا لەو كاتەدا پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئێران ڕاگرت.

لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢٣دا، بە نێوەندگیری چین، ڕیاز و تاران ڕێككەوتن بە مەبەستى دەستپێكردنەوەی پەیوەندییەكانیان.

هـ. ب