'بە پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ هێرشەکان تێکدەشکێنین'

دانیشتوانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرییان بۆ سەر هەرێمەکانیان شەرمەزار کرد و جەختیان لەوە کردەوە کە بە پارادایمی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان هێرشەکان تێکدەشکێنن و ئازادی خۆیان مسۆگەر دەکەن.

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە ئێوارەی ٢٣ی تشرینی یەکەمەوە هێرشی کردە سەر هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. بە تایبەتی بەمەبەستی کۆچکردن و دروستکردنی تەنگوچەڵەمە بۆ دانیشتوانی ئەو هەرێمە، ناوەندە خزمەتگوزارییەکانی هەرێمەکەی کردە ئامانج. لە بەرامبەردا گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هێرشە داگیرکارییەکانیان شەرمەزار کرد.

'دوژمن لە هەڵوێستەکانمان دەترسێت'

حەسەن ئەل فەرحان ئەندامی ئەنجومەنی ریش سپیانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، سەرەڕای ئەوەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەری بۆ سەر هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهه ڵاتی سوریا سەرکۆنە کرد، رایگەیاند: "دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هەر ڕۆژه هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمەکە زیاتر دەکات و هەر ڕۆژ ژێرخانی هەرێمەکەمان دەکاتە ئامانج. ئەمەش نادادپەروەری و کردەوە نامرۆڤانەکانی، دەوڵەتی تورک دەسەلمێنێ. چونکە هێرشکردنە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی تاوانە دژ بە مرۆڤایەتی."

'هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لەبواری یاساییەوە تاوانی شەڕە'

هیال ئەل خوەر، داکۆکیکاری مافی مرۆڤ، هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ڕوانگەی یاسا و مافی مرۆڤەوە هەڵسەنگاند و وتی: "هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کردەوەیەکی نایاسایین و تاوانێکی گەورەی شەڕە دژ بە مرۆڤایەتی. بۆیە ئێمە وەک گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەبێ بە سەرەتا لە دژی ئەم هێرشانە بوەستینەوە و داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین ئەرک و بەرپرسیاریەتی خۆیان بەجێبگەیەنن. دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەیەوێت خاکی گەلانی سوریا داگیر بکات، بۆیە داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین ڕێگری لە هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بکەن."

'دەوڵەتی تورک بە هێرشەکانی ڕووبەڕووی ئیسلام دەبێتەوە'

هەروەها ئیبراهیم گلۆ، ئەندامی ئەنجومەنی ڕیش سپیانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا وتی: "دەوڵەتی داگیرکەری تورک خۆی بە لایەنی ئیسلام دەناسێنێت، بەڵام لە دژی ئیسلام شەڕ دەکات. بەسەدان ساڵە مافی گەلی کورد دەخوات بەڵام بە سەرهەڵدانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و دامەزراندنی پارادایمی نەتەوەی دێموکراتیک، ئیتر گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە بەرەو ئازادی دەڕۆن. دەوڵەتی تورک دەیەوێت گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ناچار بن کۆچ بکەن و هەرێمەکانیان بە جێبهێڵن. بە گشتی مەبەستی داگیرکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. بۆیە دەبێت گەلانی هەرێمەکە بۆ تێکشکاندنی پلانەکان پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ بەبنەما بگرن و ڕووبەڕووی دوژمن ببنەوە. چونکە بەناوی ئیسلامەوە گەلی کورد و هەموو گەلانی هەرێمەکە کۆمەڵکوژ دەکات، هەروەها دەبێت گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا یەکگرتوویی خۆیان بەهێزتر بکەن."