بەڕێوەبەری خۆسەر ناڕەزایەتی بەرامبەر بڕیاری سزادانی سلێمان ئەحمەد پیشاندا

فەرمانگەی چاپەمەنی بەڕێوەبەری خۆسەری دیموکراتیک ئاماژەی بەوەدا بڕیاری سەپاندنی سزا لە دادگاکانی پەدەکەوە کە بەسەر سلێمان ئەحمەد دا سەپێنرا ناڕەوایە و دژ بە یاسا نێونەتەوەییەکانە.

دوێنی لە دوای ٢٧٩ ڕۆژ لە ڕفاندن و ڕاگرتنی لە زیندانەکانی پەدەکەدا، ڕۆژنامەوانی ئاژانسی ڕۆژنیوز سلێمان ئەحمەد، لە دهۆک بە دادگایکردنێکی ناڕەوا لە دادگای دهۆک سزای سێ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا.

 فەرمانگەی چاپەمەنی بەڕێوەبەری خۆسەری دیموکراتیکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پەیوەست بە سزادانی سلێمان ئەحمەد ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە ڕفاندنی سلێمان ئەحمەد لە لایەن پەدەکەوە پێشێلکردنی یاسایە و دەڵێت: "ڕاگرتنی سلێمان ئەحمەد لە دژی یاسایە، چونکە بە پێی یاسا مافی کەسی دەستگیرکراوە دوای ٢٤ کاتژمێر چاوی بە پارێزەرانی بکەوێت."

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "سەردانیکردنی هاوڕێمان سلێمان ئەحمەد بۆ ڕۆژئاوای کوردستان یاساییە، بۆیە ئەو سزایەیی بەسەریدا سەپێنراوە نایاسایی و ناڕەوایە و لە دژی یاسا نێونەتەوەییەکانی تایبەت بە ڕۆژنامەنوسانە."

لە کۆتایی ڕاگەیانداوەکەدا بانگەوازی بۆ ئازادکردنی سلێمان ئەحمەد دەکرێت و دەڵێت: "داوا لە دامەزراوە نێونەتەوەییەکانی پەیوەست بە پاراستنی مافی ڕۆژنامەوانان دەکەین، بۆ ئازادکردنی سلێمان ئەحمەد دەستوەردان بکەن."