چالاکی سێمالکا ٧٨ رۆژە بەردەوامە

چالاکی خانەوادەی شەهیدان بۆ وەرگرتنی تەرمی رۆڵەکانیان ٧٨ رۆژە لە سێمالکا بەردەوامە.

لە بۆسەی چەکدارەکانی پەدەکەدا لەنێوان ٢٨ – ٢٩ی تەموزدا لە هەرێمی خەلیفانی هەرێمی کوردستان، ٥ گەریلای هەپەگە شەهید بوو، گەریلایەک بریندار بوو و دوو گەریلای هەپەگە رزگاریان بوو. هێزەکانی پەدەکە کە گەریلاکانیان شەهید کردووە، تەرمەکان رادەستی خانەوادەکانیان ناکەنەوە.

خانەوادەکان کە دەیانەوێت لە کانتۆنی جزیری باکور و رۆژهەڵاتی سوریاوە لە دەروازەی سنوری سێمالکاوە بچنە هەرێمی کوردستان، لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە ریگریان لێدەکرێت. دایکانی ئاشتی و خانەوادەی گەریلاکانی هەپەگە لە دەروازەی سنوری سێمالکا چادریان هەڵداوەتەوە و دەستیان بە ئیشکگری کردووە. چالاکیەکە ٧٨ رۆژە بەردەوامە.

دانیشتوانی ناوچەی دربێسیێی کانتۆنی حەسەکە ئەمڕۆ چالاکیەکەیان دەور وەرگرت. لە چالاکیەکەدا عەبیر حەسەن یەکێک لە بەڕێوەبەرانی کۆنگرەی ستار لە دربێسی قسەی کرد. عەبیر حەسەن رایگەیاند، چالاکیەکە ٢ مانگی لەدوای خۆی بەجێهێشت و وتی، "ئێمە تەرمەکانمان دەوێت. پەدەکە لە جێگەی ئەوەی تەرمەکان رادەست بکاتەوە، بە داخستنی دەروازەی پێشخابور و ئەلوەلید وڵامی دایەوە. ئێمە ئەم هەڵوێستەی پەدەکە بە توندی شەرمەزار دەکەین."

چالاکیەکە بەردەوام دەبێت

عەبیر حەسەن بێدەنگی نێونەتەوەیی و سیاسەتی سەپاندنی گەمارۆی شەرمەزار کرد کە پەدەکە لەسەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە رێگەی داخستنی دەروازەکان بەڕێوەی دەبات و وتی، " بەرخۆدانی دانیشتوان بەردەوانە. چالاکیەکە تاوەکو وەرگرتنی تەرمی شەهیدان بەردەوام دەبێت."

هەروەها هەوڵەکانی میدیاکانی پەدەکەی شەرمەزار کرد کە هەوڵ دەدەن دۆخەکە تێک بدەن و راستیەکان بشارنەوە.

ف.ق