چالاکییەکانی قەسەدە بۆ بەرپەرچدانەوە: ٤ سەربازی تورک بە سەختی بریندار بوون_نوێکراوەتەوە

قەسەدە لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک چالاکی وەڵامدانەوەی ئەنجامدا. لە چالاکییەکاندا ٤ سەربازی تورکی داگیرکەر بە سەختی بریندار بوون، زرێپۆشێکیش لەناوبرا.

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) سەبارەت بەو بابەتە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد کە هێزەکانیان لە دژی بارەگایەکی داگیرکەران چالاکی ئەنجامداوە.

لە راگەیەندراوەکەدا لەبارەی چالاکییەکەوە هاتووە، "دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هێرشە دڕندانەکانی بۆ سەر هەرێمەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا درێژە پێدەدات. بە فڕۆکەی شەڕ و درۆن، بە کاتیوشا و هەموو جۆرە چەکێکی قورس شارە، گوند، ماڵی هاوڵاتیان، ژێرخان، شوێنە گشتیەکان و بە تایبەتی شوێنە خزمەتگوزارییەکان دەکاتە ئامانج. دەوڵەتی تورک سیاسەتی راماڵینی هەموو شتێک لە دژی هەرێمەکانمان پەیڕەو دەکات.

لە بەرامبەر ئەو تاوانانەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، هێزەکانی قەسەدە شەوی رابردوو لە دژی بارەگایەکی سوپای تورکی داگیرکەر لە گوندی عەزیزیەی تل تەمر چالاکی سەربازی ئەنجامدا. لە ئەنجامدا ٤ سەربازی تورکی داگیرکەر بە سەختی برینداربوون و زرێپۆشێک لەناوبرا".

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئەوە دەستنیشان کراوە کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بۆ سەر هەرێمەکە بێ وەڵام نابێت و قەسەدە ئەرکی پاراستنی هەرێمەکە بەجێدەگەیەنێت.