'دەستبەرداری خاکەکەمان نابین و تا کۆتایی دەیپارێزین'
کرێکارانی نانەواخانەی شاری کۆبانێ ڕایانگەیاند؛ بەرامبەر بە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، ورەی خۆیان بەهێز دەکەن و تا کۆتایی پارێزگاری لە خاکەکەیان دەکەن.
کرێکارانی نانەواخانەی شاری کۆبانێ ڕایانگەیاند؛ بەرامبەر بە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، ورەی خۆیان بەهێز دەکەن و تا کۆتایی پارێزگاری لە خاکەکەیان دەکەن.
دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە٢٣ی تشرینی یەکەم شەپۆلێکی نوێی هێرشی داگیرکاری بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستیپێکردەوە و بەو هۆیەوە بەدەیان هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و ژێرخانەکانی وەک ناوەندی تەندروستی، پەروەردە، نانەواخانە و کۆگاکانی ئارد و گەنم، وێستگەکانی کارەبا و کۆمپانیاکان، کارگە و تۆڕەکانی تەلەفۆن، ئاو و وێستگەکانی گاز و نەوتی بۆردومان کرد.
مستەفا ئەحمەد، کرێکارێکی نانەواخانە لە کۆبانێ سەبارەت بەو هێرشانەوە قسەی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە لەکاتی هێرشەکاندا کاری خزمەتکردنی هاوڵاتیانی دەکرد و وتی: "لەکاتی هێرشەکەدا شەو لەسەر کار بووین، بەهۆی هێرشەکەوە پەنجەرەی کارگەکە شکا. بەڵام ئێمە بەردەوام بووین لە کار و خزمەتی هاوڵاتیان."
ئەحمەد لەدرێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان ئامادەن بۆ پاراستنی کۆبانێ و خاکەکەیان هەموو شتێک دەکەن، دەبێت خاوەنداری لە شارەکانمان بکەین. دەوڵەتی تورک تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات و وتی، هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە هێرش بکاتە سەر خاکەکەمان.
هەروەها محەممەد حسێن کە لە بەێوەبردنی کاری ئێوارە بەشدارە و یەکێکی تر لە شایەتحاڵەکانی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکە بۆ سەر ناوچەکە، ئاماژەی بەوەدا کە لە ئەنجامی هێرشەکاندا زیانێکی گەورە کەوتووتەوە و وتی: " لە کاتی هێرشەکەدا هەوڵماندا بەردەوام بین لە کارەکەمان. فڕۆکە داگیرکەرەکانی دەوڵەتی تورک چەندین ناوچەی مەدەنی شارەکەیان بۆردومان کرد و لە ئەنجامدا چەندین ناوەند و کارگە لە کار کەوتن، لە ڕاستیدا زیانێکی گەورە دروست بوو. بەڵام ورەی ئێمە لە هەموو کاتێک بەهێزترە. ئێمە لێرە ماینەوە بۆ ئەوەی خزمەتی گەلەکەمان بکەین. ئەم خاکە خاکی ئێمەیە و دەوڵەتی تورکیش دوژمنە و هێرش دەکاتە سەر خاکەکەمان، بەم شێوەیە دەیەوێت گەلەکەمان خاکەکەی بە جێبهێڵێت، بەڵام ئەمە خاکی ئێمەیە و هیچ کەس ناتوانێت لە خاکەکەمان دوورمان بخاتەوە."