فەرماندەی قەسەدە: وەڵامی بەهێزمان دەبێت
فەرماندەی گشتی قەسەدە مەزڵوم عەبدی تیشکی خستەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و گوتی: "ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بن، وەڵامی بەهێزمان دەبێت".
فەرماندەی گشتی قەسەدە مەزڵوم عەبدی تیشکی خستەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و گوتی: "ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بن، وەڵامی بەهێزمان دەبێت".
فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) مەزڵوم عەبدی دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لێدوانێکی نوێی دا. عەبدی ڕایگەیاند دەوڵەتی تورک ٤ ڕۆژە بەشێوەیەکی دڕندانە هێرش دەکاتە سەر هەرێمەکە و ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هێرشانە دامەزراوەکان و خەڵکی مەدەنی دەکەنە ئامانج، هەتا ئێستە ١٧ کەس شەهیدبوون و ١٥ کەسیان هاوڵاتی سڤیلن، وە ٤٨ کەس بریندابوون کە ٣٩ سڤیلی تێدایە، گوتی: "تورکیا ٥ ساڵە بۆ لەناوبردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و ئاوارەکردنی گەل، ئەم هێرشانە دەکات. ٥ ساڵە هیچ ئەنجامێکی بەدەست نەهێناوە، جارێکی تریش ناتوانێت هیچ ئەنجامێک بەدەست بهێنێت".
"ئێمە لەگەڵ دیالۆگین، بەڵام هێرشەکان بەردەوام بن وەڵامی بەهێزمان دەبێت"
عەبدی ڕایگەیاند دەوڵەتی تورک پێداگرە لەسەر هێرشەکان بۆ تێکدانی ئارامیی هەرێمەکە و گوتی: "هێرشەکان بۆ سەر هەرێمەکە تەنها دژی هێزەکانمان نییە. ئەم هێرشانە چەندێک ئێمە پەیوەندیدار دەکەن، ئەوەندەش ئەو دەوڵەتانەی لەگەڵمان کاردەکەن و هاوپەیمانیان پێکهێناوە، هەروەها ڕووسیاش پەیوەندیدار دەکات".
عەبدی ڕایگەیاند دەوڵەتی تورک چالاکییەکەی دژی توساش دەکاتە بیانووی هێرشەکان، گوتی: "بانگەشەی ئەوە دەکات چالاکوانەکان لە سوریاوە دەربازی تورکیا بوون. نە هێزەکانمان پەیوەندییان بەم چالاکییەوە هەیە، نە چالاکوانێک لە خاکی سوریاوە دەربازبووە. دەوڵەتی تورک ناتوانێت ئەمە بسەلمێنێت. بڕیارمانداوە هیچ چالاکییەک لەسەر خاکی تورکیا و باکووری کوردستان نەکەین، ئێمە تەنها لەسەر خاکی سوریا خەبات دەکەین. زۆرجار ویستوومانە لەڕێگەی دیالۆگەوە کێشەکانمان چارەسەر بکەین، بەتایبەت لەگەڵ تورکیا. بەڵام ئەم هێرشانە زیان دەگەیەنن بە خەباتی دیالۆگ. گەر ئەم هێرشانە بەردەوام بێت، وەڵامی بەهێزی هێرشەکان دەدەینەوە".
هەروەها بانگەوازی لە ڕای گشتی کرد: "پێویستە گوێ نەدەن بەم سیاسەتە قێزەونانە. ئەم هێرشە سیاسەتی دوژمنە. با گەلەکەمان تێکۆشان مەزن بکات. با بەرامبەر ئەم هێرشانە هەڵوێستی ئاشتییانەی خۆی درێژە پێ بدات. ئێمە وەک هێزەکانی قەسەدە، بۆ پاراستنی گەلەکەمان هەرچییەک پێویست بێت، دەیکەین".