هێمای بەرخۆدان و ئازادی بوو

مام نەمر (ئاپێ نەمر) بە تەمەنترین کەمئەندامی شۆڕشی ڕۆژئاوا، وەک شەڕڤانێک خاکەکەی جێنەهێشت، بە بڕیاردارییەوە لە هەموو سەنگەرەکاندا شەڕیکرد و بە شێوەیەکی دروست حەقیقەتی گەلی شەڕکەری خستەڕوو.

بەرخۆدانی کۆبانێ داستانێکە بە بوێری قارەمانێتی ئافرێندرا؛ مام نەمر (خەلیل عوسمان) یەكێکە لە سیمبوڵەکانی ئەو داستانە. لەگەڵ بە تەمەنییدا دەستبەرداری خاکەکەی نەبوو و بووە هێمایەک بۆ وێناکردنی رۆحی کۆبانێ.

خاکەکەی پارچەیەکی ژیانی بوو، کە ڕووبارێک لە یادەوەرییەکانی تێدایە. بۆ ئەوەی ڕێ لە هێزی تاریکی داعش بگرێت، ئایندەیەک  بۆ منداڵ و نەوەکانی دابین بکا، وێڕای بەتەمەنیی و نالەباری دۆخی تەندروستی پەیوەندیی کرد بە ڕێزەکانی بەرخۆدانەوە. مام نەمر بە باوەڕێکی بەهێزەوە بەشداری سەنگەرەکانی شەڕ بوو، بڕیارداری و خواستەکانی دڵی بوو بە ئیلهامی خەباتی هەمووان. لەگەڵ منداڵەکانیدا مایەوە و بووە بەشێک لە بەرخۆدانی رۆحی بنەماڵە و کۆمەڵگەیەک.

تێکۆشانەکانی دەنگی دایەوە

لە ساتە هەرە سەختەکانی شەڕدا بوونی مام نەمر بووە سەرچاوەی گەورەی ورە و نەک هەر نوێنەرایەتی خۆی دەکرد، بەڵکوو نوێنەرایەتی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و بەها قووڵە مرۆڤایەتییەکانی دەکرد. لە ڕۆژە سەختەکانی بەرخۆداندا دەیگوت، 'لە وڵاتی خۆماندا خەبات دەکەین' و ئەو حەقیقەتەی پیشاندا کە سەرکەوتن بە بوونی ئیرادە و بەرخۆدانەوە ئامانجدارەبێ. لە هەموو ساتەکاندا بۆ ئەو نەوەیەیی لە بەرخۆداندا بوو، بە بینینی مام نەمر هێندەی دیکە شەڕیان دەکرد. ئامادەیی مام نەمر بۆ شەڕکردن لە نێو هەموو گرووپ و بەرەیەکدا دەنگی دایەوە و بوو بە ئومێدی ڕووناکی بۆ داهاتووی کۆبانێ.

ئاشنابوونی بە ڕێبەری گەلی کورد

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی یەپەگە لە ڕاگەیاندراوی ١٤ی تشرینی یەکەم لە ڕاگەیاندنی شەهیدبوونی مام نەمردا باسی دڵسۆزی مام نەمری کرد بۆ تێکۆشانی ئازادی کوردستان. مام نەمر لەساڵی ١٩٥٠ لە گوندی دهپەی کۆبانێ لە دایکبووە. منداڵی بنەماڵەیەکی وڵاتپارێزبوو. لە گەنجێتی خۆیدا بە هۆی هەستی وڵاتپارێزییەوە ٣ جار لە لایەن ڕژێمی سوریاوە دەستگیرکراوە. لە دوای ئەوەی لەساڵی ١٩٨٠دا ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەناسێت، لە نێو تەڤگەری ئازادی کوردستاندا وەک وڵاتپارێزێکی چالاک خەباتی کرد. لەگەڵ هەموو فشارەکانی ڕژێمی بەعسدا لە خەباتیکردنی نەکشایەوە.

هەر شەش منداڵەکەی خۆی بە هەستی وڵاتپارێزییەوە گەورەکرد و خۆی بنەماڵەکەی بەشداری نێو تێکۆشانی ئازادی کورد بوون. دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی ڕۆژئاوا بەشداری نێو گۆڕەپانی سەربازی و کۆمەڵایەتی بوون و لە چەندین سەنگەردا خەباتیکرد.

هێرشی داعش لەسەر کۆبانێ

چەتەکانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا هێرشە داگیرکارییەکانی زیاترکرد. بە هەوڵدان و هاندانی دەوڵەتی تورک لە شامەوە ڕووی لە کۆبانێ کرد. داعشێک کە هێرشی دەکردە سەر هەموو جێگەیەک، لە کۆبانێدا رووبەڕووی بەرخۆدانی گەلی کورد بوویەوە. کۆبانێ بووە خاڵی دەستپێکی شۆڕش و کۆتایی داعش. لە کۆبانێدا نمونەی مام نەمر هەبوون کە هەرگیز لە وڵاتپارێزی خۆیان نەکشانەوە. ئەو بەرخۆدانەی کە یەپەگە-یەپەژە پێشەنگایەتی دەکر، وەک شەڕی گەل چووە مێژووەوە.

مام نەمر لە تێکۆشانی گوندەکانی دەروبەری کۆبانێدا سێ جار بریندار بوو. هەموو کاتێک دوای ساڕێژبوونی برینەکانی دەگەڕایەوە بۆ نێو بەرەکانی شەڕ ئەمەش پیشاندەری بەرزی باوەڕداری بوو، وە بووە بەشێک لە مێژووی مەزنی شەڕی کۆبانێ.

ناسنامەی ڕاستی کۆبانێ بوو

مام نەمر لە بەرەکانی شەڕدا دەبوو جێ-سەرنجی ڕۆژنامەوانان. هەموو جیهان شاهیدحاڵی  بەرخۆدانی مام نەمر بوون و دەیگوت: "دەمانەوێت ئەم چەپەڵیە لەسەر خاکەکەمان پاککەینەوە. خۆم و دوو منداڵم بەشداری لە نێو ئەم شەڕەداین. مانگێکە منداڵەکانم نەبینیوە. با هەموو گەنجان بە بەشداربوون لە شەڕی پاراستنی شکۆمەندی، شارەکەیان لە چەتەکانی داعش ڕزگارکەن." تا دوا ساتەکانی لەگەڵ منداڵەکانیدا لە سەنگەرەکانی شەڕدا مایەوە. عوسمانی کوڕی لە حوزەیرانی ٢٠١٥دا لە هێرشی داعش بۆ سەر کۆبانێ بوو شەهید بوو. مام نەمر سەرباری برینەکەی قۆڵی کۆڵی نەدا. لە دوای بەرخۆدانی کۆبانێدا خەریکی کار و خەباتی شۆڕشگێڕی بوو. تا دواساتەکانی ژیانی لە تێکۆشاندا بوو لە پێناو گەلەکەیدا.

وڵاتپارێزێکی نموونەیی بوو

سیمبوڵی بەرخۆدانی کۆبانێ و وڵاتپارێزی بوو. تێکۆشانی  بۆ گەلی کورد وەک پێویستی مانەوەی ژیان بینی و هەموو ژیانی لە خەباتدا بوو. هەموو ساتەکانی ژیانی لە پەڕەکانی مێژوو نوسییەوە؛ بووە ناسنامەی بەرخۆدانی کولتووری خاکەکەی. مام نەمر بە فیدکارییەکانییەوە هەموو کاتێک لە مێژووی بەرخۆدانی کۆبانێدا ناوی زیندوو دەبیت. هەموو دڵێک تەژیی ئەبێت لە ئاواتەکانی مام نەمر.

مام نەمر ١٤ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ لە تەمەنی ٧٤ ساڵیدا بە هۆی نەخۆشی دڵەوە کۆچی دوایکرد و لە ١٥ی تشرینی یەکەم لە گۆڕستانی شەهید دیجلە لە کۆبانێ بە مەراسیمێکی جەماوەری بەخاکسپێردرا.