دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ٢٣ تشرینی یەکەمەوە بە سەختی هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ژینگە و بنکەی هێزەکانی ئاسایشی لە دێریکەوە تاکو کانتۆنی شەهبا- عەفرینی بۆردوومان کرد. لە ئەنجامدا ١٢ کەس کە دوانیان منداڵن شەهید بوون و ٢٥ کەسیش بریندار بوون. دژ بەم هێرشانە بەشێک لە دانیشتوانی کانتۆنی فورات قسەیان بۆ ئاژانسمان کرد.
مامۆستا بێریڤان هەڵبۆ، کە مامۆستای قوتابخانەی شەهید سیدۆیە، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە سەرەڕای هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر کۆبانی، ئەو لە پرۆسەی پەروەردەکردن بەردەوام دەبین، لەم بارەوە وتی: "لە شەوی ڕابردووەوە دەوڵەتی داگیرکەری تورک ناوەندی شاری کۆبانی کردە ئامانج، لە کاتی بەیانیدا، تەنانەت پێش ئەوەی کە ئێمە بچینە قوتابخانە، کاتێک کە منداڵەکان لە ڕیزەکانی خۆیاندا وەستا بوون، دەوڵەتی تورک ٥٠٠ مەتر لە دووری ئێمەوە بۆردوومانی کرد. بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئێمە بە زمانی خۆمان درێژەمان بە کاری پەروەردەی خۆماندا. ئەم هێرشانە ترسیان لای منداڵەکان درووست کرد، بەڵام سەرەڕای ئەوەش خوێندکارەکان چوونە پۆلەکانیان و دەستیان بە خوێندن کرد."
'ئێمە لە شارەوانی هەموومان لە کارداین و سەفەربەرین'
هاوسەرۆکی دەستەی شارەوانیش ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ئەوان لەسەر کاری خۆیان بەردەوامن، دیاریکرد تیمێکی تایبەتی ئاگرکوژێنەوەیان ئامادەکردووە و وتی: "ژێرخانی ئێمە دەکرێتە ئامانج، بەڵام گەلی ئێمە دژی ئەمە ئامادەی هەڵوێستە. بە پلەی یەکەم ویستیان بەو هێرشانە ئیرادەی گەلی ئێمە بشکێنن، بەڵام گەلی ئێمە بە هەڵوێست بوو، چەندین شوێنی گرنگ و بنکەی کۆنترۆڵیان کردە ئامانج، بەڵام سەرەڕای ئەوەش کار و خەباتی ئێمە بەردەوامە و گەلی ئێمە مۆراڵی بەرزە. ئێمەش وەک شارەوانی تەواوی بەشەکانمان لە کاردان. بە دڵنیاییەوە ئەم هێرشانە بە هیچ ئەنجامێک ناگەن."
'ئێمە دەست لە خاکی خۆمان هەڵناگرین'
هاوڵاتییەکیش بەناوی فیراس قاسملۆ وتی: "دەوڵەتی تورک هەرچەندە هێرش بکات ئێمە ورە بەرنادەین، ئەمە خاکی ئێمەیە و بە بەرخۆدان کوردستان ڕزگار دەکەین. سەرەڕای هەموو هێرشەکان ئێمە بەردەوام دەبین و دەست لە خاکی خۆمان هەڵناگارین."