هێرشە داگیرکاری و قڕکارییەکانی دەوڵەتی تورک بەردەوامە

هێرشە داگیرکاری و قڕکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و شەنگال بەردەوامە و لە ئەنجامدا چەندین کەس شەهید بوون. هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیش ئاماری هێرشەکانی بڵاوکردەوە.

فەرماندەیی گشتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیی باکوور و ڕۆهەڵاتی سوریا بە ڕاگەیاندراوێک ئاماری ١٢ کاتژمێری هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی لەسەر باکوور و ڕۆهەڵاتی سوریا بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەم وردەکارییانەی هێرشەکان خراوەتەڕوو:

"سوپای تورکی داگیرکەر لە دوێنی شەوەوە تا کاتژمێر ١٢:٠٠ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ؛ گوند، شوێنە خزمەتگوزارییەکان و هەندێک لە خاڵەکانی ئاسایشی کردووە بە ئامانج.

سوپای داگیرکەری تورک بە گولە هاوەن و چەکی قورس گوندەکانی تل وەردی ڕۆژئاوا، خربە شەعیر، ڕەبیعات، تەویلا، تل تەویل، تل کێفچی و  ئوم ئەل کێفی شاری تل تەمری کانتۆنی جزیرەی بۆردوومانکردووە. هەرەوەها گوندەکانی ئوم ئەل قوڕا، تنب، تل ڕفەعەتی کانتۆنی عەفرین-شەهبای بە ٥٥ گولە تۆپ و ١١ گولە هاوەن بۆردوومانکردووە.

لە هەمانکاتدا بە درۆن و فرۆکەی جەنگی ژێرخان و شوێنە خزمەتگوزارییەکانی لە هەرێمی جزیرە و فرات بۆردوومانکردووە.

ئەو شوێنانەی بۆردوومانکراون:

وێستگەی کارەبای عامودێ، سایلۆی دەغڵ ودان لە قامیشلۆ، وێستگەی نەوت لە کۆچەرات، وێستگەی سوتەمەنی ٢ جار، وێستگەی پەترۆڵی سەعیدا ٣ جار، وێستگەی پەترۆڵی ئۆدا ٢ جار، فڕنی نانی شاری عامودا، دێرک، وێستگەی کارەبای کۆبانێ ٣ جار، وێستگەی پەترۆڵی ڕمێڵان ١٠ جار بۆردوومانکراون. لە قامیشلۆ، دێرک و کۆبانێ ٨ کارگەی مەدەنی بۆردوومانکراون.

درۆنی بۆمببارکراو لە کانتۆنی فرات ٤ خاڵی پشکنینی هێزەکانمان و لە کانتۆنی جزیرە ٦ خاڵی هێزەکانمانی بە ئامانج گرتووە.

لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا ١٢ کەس شەهید بوون کە دوانیان منداڵن و ٢٥ کەسیش برینداربوون.

هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەسەر کانتۆنەکانی جزیرە، فرات و هەرێمەکانی شەهبا بەردەوامن.

وەک هێزەکانمان لە هەمووکاتێک زیاتر ئەرکی پاراستنی هاوڵاتییان بەردەوام دەبێن."