بە دیمەن

هێرشە داگیرکارییەکان: دەوڵەتی تورک ماڵی هاوڵاتیان دەکاتە ئامانج

هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە. لە هێرشەکاندا ماڵی هاوڵاتیان دەکرێتە ئامانج.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک ٤ ڕۆژە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆردوومان دەکات و خەڵکی سڤیل دەکوژێت.

سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی جارێکی تر شاری تەل ڕەفعەتی کانتۆنی عەفرین و شەهبای بۆردوومان کرد.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە گوندی ئەخبەشی تەل تەمر، ناوەندێکی کشتوکاڵی بۆردوومان کرد. زانراوە لە هێرشەکەدا ژنێک بە ناوی شەمسە نەواف ئەلقەناس (٣٠ ساڵ) بریندار بووە و لە نەخۆشخانەی تەل تەمر چارەسەر وەردەگرێت.

فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ماڵی هاوڵاتیانیان بۆردوومان کرد، زانراوە لە گوندی خرب سوقیەی ترپەسپی چەند ماڵێک کراوەتە ئامانج.

سوپای داگیرکەری تورک لە دێرک لە نزیک زیندانێک کە داعشی تێدایە، بۆردوومانی کرد.

لە عامودا ناوی ئەو ٨ کەسە ئاشکرا بوو کاتێک هەوڵیاندا یارمەتی برینداران بدەن، بەهۆی بۆردوومانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە برینداربوون، ناوی بریندارەکان وەهایە: دارا ئەلتەتەر، باریا خەلیل تۆفیق، ئەکرەم بجۆ، فەوزی سلێمان، ئالان ئیبراهیم، هەمبەر، مەسعود، خالد سلێمان مەجید.

ئەندامانی هیزەکانی ئاسایشی ناوخۆ برینداربوون

فەرماندەیی گشتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

ڕاگەیاندراوەکە بەم جۆرەیە:

شەهبا

سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی لە ڕێگەی ٥٦ تۆپ و درۆنێکەوە، گوندەکانی تەنەب و عەبین و سۆغانکە و حربل و ئەقیبە و بێنە و تەل قەراح و بێلونیە و کەفەر گارس و تەل ڕەفعەتیان کردە ئامانج.

عامودا

فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورک گوندی چولی لە شاری عامودا بۆردوومان کرد. هەروەها ناوەندی هێزەکانمان ٢ جار بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆردوومان کران. لە ئەنجامدا ٣ هەڤاڵمان بریندار بوون. کاتێک هاوڵاتیان ویستیان یارمەتی برینداران بدەن، بۆ سێیەم جار فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشی کرد، لە ئەنجامدا ٨ هاوڵاتی سڤیل بریندار بوون.

تەل تەمر

سوپای داگیرکەری تورک بە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان کۆگایەکی هاوڵاتییانی لە تەل تەمر بۆردومان کرد. هەروەها بە هەمان شێواز گوندی ئەخبەشی بۆردوومان کرد.

دێرک

فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دووجار لەسەریەک وێستگەی نەوتی ناوچەی کۆچەراتی بۆردومان کرد.

کارگە و گوندەکان کرانە ئامانج

دەوڵەتی داگیرکەری تورک کارگەیەکی چیمەنتۆی لە ناحیەی چەلەبیە و گوندەکانی گرێ‌سپی و عەین عیسای بە سەختی بۆردوومان کرد.

کۆگاکانی عەین عیسا، کەمپی عەین عیسا و گوندەکانی سەیدە، عەلیمان، دەوالیب، شێخ، خالیدییە، حۆشان، دبس و جەدیدە بۆردومان کران.

مەجلیسی سەربازیی مەنبەج ڕاگەیاندراوی بڵاوکردەوە

ناوەندی ڕاگەیاندنی مەجلیسی سەربازیی مەنبەج دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەختکراوەتەوە، دەوڵەتی تورک لە بنکەکانی خۆیەوە لە هەرێمەکانی "قەڵغانی فورات" گوندەکانی بەرەی شەڕ و دەوروبەری تۆپباران دەکات.

ئاماژە بەوە دەکات دەوڵەتی تورک بنکەکانی هێزەکانی مەجلیسەکەیانی تۆپباران کردووە و لە ئەنجامدا مناڵێک شەهیدبووە و چەندین کەس لە بنەماڵەکەی و ژمارەیەک هاوڵاتی برینداربوون، چەند ماڵێکی هاوڵاتیان وێران بوون.

مەجلیسەکە "هێرشە دڕندەکان"ـی دەوڵەتی تورک و هەڵوێستی ڕوسیا و بێدەنگی بەرامبەر ئەم هێرشانە شەرمەزار کرد.

مەجلیسەکە ڕایگەیاند ئەگەر هێرشەکان نەوەستن، ئەوا لە چوارچێوەی وەڵامدانەوە و بەرگری ڕەوادا بنکەکانی دوژمن و چەتەکانیان دەکەنە ئامانج.

وە دەڵێت: "وەڵامی ئێمە تەنها بەرگری نابێت. مادام ڕاستەوخۆ گەلەکەمان دەکرێتە ئامانج، هێزەکانمان بەڵێن دەداتە گەلی مەنبەج وەڵامی گونجاو بداتە ئەم هێرشانە. ئێمە بەرپرسیارین لە پاراستنی گەل".