بە دیمەن

کۆنفرانسی دەستەی تەندرووستی: ڕێگە بدەن پزیشک و پارێزەران بچنە ئیمراڵی

دەستەی تەندرووستی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ هەڵسەنگاندنی ئەنجامەکانی گۆشەگیری لەسەر تەندرووستی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کۆنفرانسیان ئەنجامدا و بانگەوازیان کرد، "ڕێگە بدەن پزیشک و پارێزەران بچنە ئیمراڵی و چاودێری ڕەوشی ڕێبەرێتی بکەن".

دەستەی تەندرووستی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە درووشمی "گۆشەگیری مەترسییەکی مەزنە لەسەر تەندرووستی مرۆڤ و پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی ژیانە" لە شاری حەسەکە کۆنفرانسی بەست. کۆنفرانسەکە پاش دیاریکردنی دیوان، بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستی پێ کرد.

لە کۆنفرانسەکەدا چەندین جار میوانەکان لەڕێگەی زوومەوە بەشداربوون و لە سەرانسەری هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە زۆر لە پزیشکان و دەستە تەندرووستیەکان بەشداری کۆنفرانسەکە بوون.

لە کۆنفرانسەکەدا ڕەوشی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تاوتوێ کرا. میوانان لەڕێگەی زوومەوە بەشداربوون و تیشکیان خستەسەر ڕەوشی تەندرووستی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، دووپاتیان کردەوە پێویستە تێکۆشان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان مەزن بکرێت.

دەستەی تەندرووستی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، محەمەد نور شەباب داوای کرد ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی دژی ئەشکەنجە ڕاپۆرتەکان دەربارەی ئیمراڵی ئاشکرا بکەن، گوتی: "ئەو دەوڵەتانەی لە پیلانگێڕییدا بەشداربوون، ئێستە ڕێکخراو و دامەزراوەکانیان بەرامبەر گۆشەگیری بێدەنگن".

هاوسەرۆکی دەستەی تەندرووستی کانتۆنی جەزیرە، مەعاسر عەباس ئاماژەی بەوە کرد مەترسییە تەندرووستییەکانی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تاوتوێ کراوە، گوتی: "پێویستە ڕێگە بدرێت بە دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ. لەسەر ئەم بناغەیە بانگەواز لە هەموو ڕێکخراو نێونەتەوەییەکان دەکەین، ڕێگە بدەن پزیشک و پارێزەران بچنە ئیمراڵی و چاودێری ڕەوشی ڕێبەرێتی بکەن".

لەسەر ناوی دەسپێشخەریی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، فەرزەندە مونزور ڕایگەیاند زۆرجار لەڕووی سیاسی و یاساییەوە باس لە ڕەوشی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کراوە، بەڵام بەکەمی لەڕووی تەندرووستییەوە هەڵوەستەی لەسەر کراوە، گوتی: "لەم کۆنفرانسەدا باس لە لایەنە تەندرووستییەکەی کرا. بەهیواین ئەم کۆنفرانسە ببێتە هەنگاوێک بۆ ڕەوشی تەندرووستی ڕێبەر ئاپۆ. بڕیار و ئەنجامەکانی ئەم کۆنفرانسە ڕێگە بۆ خەباتی باشتر دەکەنەوە بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ".