کۆنفرانسی پەروەردەی نەتەوەیی بەڕێوچوو

هاوسەرۆکی زانکۆی کۆبانێ شەڕڤان موسلم پەیوەست بە کۆنفرانسەکە ئاماژەی بەوەدا لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی ئەکادیمی پەروەرەدا بەردەوام دەبن لە خەباتی پەروەردەیی و وتی: "کۆنفرانسی پەروەردەی نەتەوەیی بەرهەمی شۆرشی ڕۆژئاوایە".

لە نێوان ١٩ و ٢٠ی تشرینی یەکەمدا بە بەشداری چەندین توێژەری ئەکادیمی لە ناوخۆ و دەرەوەدا کۆنفرانسی پەروەردەی نەتەوەیی لە زانکۆی کۆبانێ دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان پەروەردە و تەکنەلۆژیا بەڕێوەچوو. لە کۆنفرانسەکەدا گفتوگۆکرا لەسەر پەرەپێدان بە ئاستی پەروەردە لە ڕێگەی تەکنەلۆژیاوە.

لە بارەی کۆنفرانسەکەوە شەڕڤان موسلم هاوسەرۆکی زانکۆی کۆبانێ بۆ ئاژانسەکەمان قسەیکرد و ئاماژەی بەوەدا ماوەی شەش مانگ لە ئامادەکارییدا بوون بۆ ئەنجامدانی کۆنفرانسەکە کە بە ئامانجی وەرگرتنی ڕاوبۆچوونی نوێ لە بارەی بەرەوپێشبردنی پەروەردە و ئاستی ئەکادیمی زانکۆکانەوەیە.

لە بەردەوامیدا مسلم ڕایشگەیاند، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئەکادیمی پێشترلە ڕێگەی ئۆنلاینەوە لەگەڵ چەندین مامۆستای زانکۆ نێونەتەوەییەکان ڕاوبۆچونیان گۆڕیوەتەوە.

'کۆنفرانسەکە بۆ کۆبانێ گرنگە'

لە کۆتایی قسەکانیدا موسلم ئاماژەی بە گرنگی بەستنی کۆنفرانسەکە کرد و وتی: "لە شوێنێکی وەک کۆبانێدا ئەنجامدانی ئەم کۆنفرانسە کاریگەری و گرنگییەکی زۆری هەیە. بۆ لابردنی ئاستەنگییەکانی پێش بواری پەروەردە و لە هەمانکاتدا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئەکادیمی لە کارەکانمان بەردەوام دەبین، هەموو ئەمانە میراتی شۆرشە و لە سایەیی شۆڕشەوە گەیشتین بەم ئاستە پەروەردەییە."