کۆنگرەی ستار: دەبێت لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک پەرە بە تێکۆشان بدەین

ئەنجوومەنی کۆنگرەی ستار، ڕایگەیاند کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ڕێگا لە بەردەم قەیرانی مرۆییدا دەکاتەوە، ڕاشیگەیاند، دەبێت دژ بەو هێرشانە پەرە بە تێکۆشان بدەین.

ئەنجوومەنی کۆنگرەی ستار دەربارەی هێرشەکان بۆ سەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژئاوای سوریا ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، کە بەردەوامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە دژی هەرێمەکان، بە واتای  جێبەجێکردنی سیاسەتی قڕکارییەکانی دەوڵەتی تورکە لە دژی  پێکهاتەکانی هەرێمەکە. ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، دەوڵەتی تورک بەم هێرشانە دەیەوێت دەستکەوتی سیاسی بەدەست بێنێت و ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانی هەناردەی دەرەوە بکات.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هێرش بۆ سەر گەل، منداڵان و ناوەندە تەندرووستییەکان و بێدەنگی دامەزراوە نێو نەتەوەییەکان لەو هێرشانە شەرمەزار کراوە.

ئاماژەش بەوەکراوە؛ هێرشەکانی دەوڵەتی تورک، قەیرانە مرۆییەکان قورستر دەکات و تیرۆر دەبووژێنێتەوە، هێرشەکان دژی نەتەوەی دیموکراتیک و ئیرادەی گەل و ژنانە.

ئەنجوومەنی کۆنگرەی ستار لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەیدا لە بەرامبەر هێرشەکاندا بەڵێنیدا کە تێکۆشان بەرفراوان دەکات، وە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان و پێکهاتەکان دەپارێزێت. هەروەها بانگەوازی لە ژنان کرد کە لە ئاست هێرشەکان ڕیزەکانی خۆیان یەک بخەن. ئەنجوومەن داوای لە هێزە نێونەتەوەییەکان و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان کرد کە بە هۆکاری "تاوانی جەنگ" لێپرسینەوە لە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بکەن.