کۆنگرەی ستار: مام نەمر یەکێک بوو لە سیمبولەکانی شەڕی هەبوون

کۆنگرەی ستار ڕاگەیاندراوێکی دەربارەی شەهیدبوونی خەلیل عوسمان (مام نەمر) بڵاوکردەوە و دەڵێت: "مام نەمر یەکێک بوو لە سیمبولەکانی شەڕی هەبوون".

یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دوێنێ ڕایگەیاند خەلیل عوسمان، ناسراو بە مام نەمر یەکێک لە سیمبولەکانی بەرخۆدانی کۆبانێ، بەهۆی نەخۆشی دڵەوە شەهیدبووە. بەم بۆنەیەوە، کۆنگرەی ستار پەیامێکی بڵاوکردەوە.

کۆنگرەی ستار سەرەخۆشی لە بنەماڵە و هاوڕێیانی شەهید مام نەمر و تەواوی گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکات، دەڵێت: "گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا قوربانی زۆری بەخشی لەپێناو دادپەروەری و ئاشتی و پێکەوەژیان، خەلیل عوسمان ناسراو بە مام نەمر، یەکێک بوو لە سیمبولەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا و بەرخۆدانی سەدە".

کۆنگرەی ستار تیشک دەخاتە سەر هەوڵ و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ژیاندنەوەی گەلی کورد و دەڵێت: "هەستاینەوە و توانیمان بەشێک لە مافە زەوتکراوەکانمان وەربگرینەوە".  

هەروەها دەڵێت: "کوردستان لەدایکبوونەوەیەکی نوێی بەخۆوە بینی، ئەویش شۆڕشی ڕۆژئاوا بوو کە لە کۆبانێ دەستی پێ کرد. هەزاران شەهیدمان بەخشی لە پێناو پاراستنی نیشتیمان".

لە درێژەی ڕاگەیاندراوی کۆنگرەی ستار هاتووە: "مام نەمر یەکێک بوو لەو کەسێتییە وڵاتپارێزانەی بوو بە سیمبولی بەرخۆدانی سەدە لە کۆبانێ، هەموو سیفەتێکی وڵاتپارێزی ئاپۆیی لەخۆیدا هەڵگرتبوو، مام نەمر یەکێک بوو لە سیمبولەکانی شەڕی هەبوون، لە بەرخۆدانی سەدە لە کۆبانێ بەرامبەر هێزە تاریک و بەربەرییەکان شەڕی کرد تا ئەوکاتەی کۆبانێ سەرکەوت".

کۆنگرەی ستار بەڵێن دەدات: "درێژە بە ڕێگەی مام نەمر و ئەو هەزاران شەهیدە دەدەین کە ڕێگەی ئازادییان دەست پێ کرد".