'کردەوەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی ئیسلامن'

شیخ محەمەد ئەلخەرزی و ئەمیرە ئەلعەزۆ باسیان لەوەکرد کە لردەوەکانی دەووڵەتی تورک لە دژی ئایینی ئیسلامن و ئەوەشیان خستەڕوو، کە گرتنی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیش تاوانە لە دژی مرۆڤایەتی.

رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان زیاتر لە ٢٥ ساڵە لە ئیمراڵی لە گۆشەگیری رەهادا راگیراوە و زیاتر لە ٣ ساڵیشە هیچ هەواڵێک لەبارەیەوە نازانرێت. دەوڵەتی تورکی فاشیست ئەو کردەوانە لە دژی هەموو یاسا و رێساکانی مافی مرۆڤ و لە دژی یاسا و بنەما ئایینیەکان بەرامبەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەکاردەهێنێت.

هاوسەرۆکی کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیکی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا شێخ محەمەد ئەلخەرزی و رێکخەری  ئەنجومەنی ژنانی کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیک لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ئەمیرە ئەلعەزۆ قسەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد و ئەوەیان خستەڕوو کە دیلگرتنی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تاوانێکە لە دژی مرۆڤایەتی.

'دەبێت رێبەر ئاپۆ ئازاد بکرێت'

شێخ محەمەد ئەلخەرزی ئەوەی خستەڕوو کە گرتنی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە سۆنگەی بنەما ئایینیەکانەوە گەورەترین تاوانە، مایەی لێخۆشبوون نییە و بەم جۆرە روونیکردەوە، "هەموو پێغەمبەران لەپێناو ئاشتی و مسۆگەرکردنی ئازادی گەلان هاتنە مەیدان. رێبەر عەبدوڵا ئۆجالانیش خەبات لە پێناو ئاشتی و مسۆگەرکردنی ئازادیی گەلانی لە ئەستۆ گرتووە. هەموومان بەرخودانی رێبەر ئاپۆمان بینی و تائێستاش دەیبینین. دەبوایە ئێستا رێبەر ئاپۆ لەلای گەلان بووایە. چونکە ئەو فەیلەسوف و زانایە. گرتنی رێبەر ئاپۆ تاوانێکە لە دژی مرۆڤایەتی. لە ئاییندا ئەوە مایەی قەبوڵکردن نییە. کەسێکە کە زیانی بە کەس نەگەیاندووە و لەسەر بنەمای ئازادی گەلێکی بندەست تێکۆشانی کردووە".

'گرتنی رێبەر ئاپۆ تاوانێکە لە دژی ئیسلام'

شێخ محەمەد ئەلخەرزی لەبارەی ئیسلامیەتی رادیکاڵ و توندڕەوی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر وتی، کردەوەکانی دەوڵەتی تورک بەرامبەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و لەبەرامبەر تەواوی گەلی کورد، شەڕێکە لە دژی ئیسلام و بەم جۆرە درێژەی بە وتەکانیدا: "دەوڵەتی تورکی داگیرکەر خۆی وەک دەوڵەتێکی ئیسلامی نیشان دەدات و دەڵێت منیش کۆمەڵگەیەکی ئاشتیانەم دەوێت، بەڵام ئەوە راست نییە و لە دژی ئیسلامە. لە ئیسلامدا ئەوە هاتووە کە ئێمە نەتەوەی جیاجیامان دروست کرد بۆ ئەوەی یەکتر بناسن و بە شێوەیەکی هاوبەش پێکەوە بژین. دەبینین کە چۆن دەوڵەتی تورک نەتەوەپەرستی خۆی دەپارێزێت و جگە لە نەتەوەی تورک هیچ نەتەوەیەکی دیکە قەبوڵ ناکات. وەک کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیک دەڵێین کە دەبێت مافی هەموو مرۆڤەکان وەک یەک رەچاو بکرێت، جیاوازی و جیاکاری لەنێوانیاندا نەکرێت".

'کردەوەکانی دەوڵەتی تورک لە یاسا و بنەماکانی ئاییندا جێگەیان نابێتەوە'

ئەمیرە ئەلعەزۆ باسی لەوەکرد کە گرتنی عەبدوڵا ئۆجالان و ئەو گۆشەگیریەی بەسەریدا سەپێندراوە لە یاسا گەردونی و ئایینییەکاندا جێگەی نابێتەوە و مایەی قەبوڵکردن نیە و بەم جۆرە بەردەوام بوو:" هەموو دەوڵەت نەتەوەکان لە بەرامبەر ئەو تاوانە بێدەنگن و سنورێک بۆ ئەو کردەوە چەپەڵانەی دەوڵەتی تورک دانانێن. دەوڵەتی تورک بەردەوام دەڵێت من زۆر باشم و زیان بە کەس ناگەیەنم. بەڵام لە بنەڕەتدا لە دژی هەموو کەسە و بەتایبەتیش لە دژی پێوانەکانی ئیسلامە. رێبەر ئاپۆ تەنیا لەپێناو ئازادی گەلی کورد خۆی بەختکردووە. دەوڵەتی تورک هەرکە بینی ئەندێشەی رێبەر ئاپۆ ئازادی نەتەوەکانی لێدەکەوێتەوە، ئەو کاتە هەموو رێگە و رێبازە چەپەڵەکانی بەکارهێنا و رێبەر ئاپۆی خستە زیندانەوە. سەرباری هەموو ئەو کردەوە خراپانەش گۆشەگیریەکی دژواری بەسەر رێبەر ئاپۆدا سەپاند".

'ئەندێشەی رێبەر ئاپۆ لەناو ئێمەدا بە زیندوویی دەمێنێتەوە'

ئەمیرە ئەلعەزۆ وتی، "رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ژنانی بەرەو ئازادی بردووە. دەبێت وەک ژن تێبکۆشین و لە بەرامبەر ئەو دوژمنە دڕندەیە بوەستینەوە. "

لە کۆتاییشدا ئەمیرە ئەلعەزۆ رێکخەری ئەنجومەنی ژنانی کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیک لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا وتی، "ئیسلام ناڵێت کە مرۆڤێکی ئازادیخوازی وەک رێبەر ئاپۆ لەناو چواردیواردا رابگیرێت. ئیسلام دەڵێت مرۆڤێکی وەک رێبەر ئاپۆ دەبێت لە ناو گەلدا بێت و ئەندێشەکانی بڵاوبکاتەوە و لە تاریکیەوە خەڵک بەرەو رووناکی و رۆشنایی ببات. با دوژمن بزانێت کە ئەندێشەکانی رێبەر ئاپۆ لەناو ئێمەدا زیندووە و بە زیندووییش دەمێنێتەوە".