'کێشەکانی ناوچەکە بە بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ چارەسەردەبن'

کەمئەندامانی شەڕ لە فیدراسیۆنی کەمئەندامانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پیلانگێڕیی ٩ی تشرینی یەکەمیان شەرمەزارکرد و وتیان: " کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هزر و بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ چارەسەر دەکرێن."

کەمئەندامانی شەڕ لە فیدراسیۆنی کەمئەندامانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پیلانگێڕیی ٩ی تشرینی یەکەمییان لە دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان شەرمەزارکرد و پەیوەست بەو باتەوە قسەیان بۆ ئاژانسەکەمان کرد.

عەلی تورکی کە کەمئەندامێکی شەڕە ئاماژەی بەوەدا پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی بە شێوەیەکی سیستەماتیک لە دژی ڕێبەری گەلی کورد ئەنجامدرا و وتی: "لە ئەنجامی پیلانگێڕیی نێونەتەوەییدا بە هەموو هێزە نێونەتەوەییەکانەوە ڕێبەر ئاپۆییان دەستگیرکرد و ڕادەستی دەوڵەتی تورکی داگیرکەریانکرد. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە ئەندێشەکانی ڕێبەر ئاپۆ بەربەست بوو لە بەرامبەر بەرژەوەندیخوازییەکانیاندا."

'شکاندنی گۆشەگیری ئەرکمانە'

لە بەردەوامیدا عەلی تورکی سەرنجی خستەسەر گۆشەگیری ئیمراڵی و وتی: "هێزە هەژموونخوازەکان ڕێبەر ئاپۆیان خستوتە ژێر گۆشەگیرییەکی سەختەوە. هزری ڕێبەری ئاپۆ لەسەر بنەمای خوشک-برایەتی گەلان بونیادنراوە، گەلان دەتوانن خۆیانی پێ-بەڕێوەبەرن. فکری ڕێبەر ئاپۆ لە پێناو ئازادی گەلانی ڕەنجدەر و بندەستە. فکرەکانی ڕێبەر ئاپۆ بنەمای چارەسەری پرسەکانە. لە کۆتاییدا دەمەوێت بێژم وەک هەڤاڵانی کەمئەندام بەڵێن دەدین گۆشەگیری سەر رێبەر ئاپۆ بشكێنین."

چارەسەری کێشەکان لەدەستی ڕێبەر ئاپۆدایە

یەكێکی تر لە کەمئەندامانی شەڕ بەناوی ڕامان حسێن لە دژی پیلانگێڕیی ٩ی تشرینی یەکەم ناڕەزایی خۆی دەربڕی و وتی: "لە سەرەتای پیلانگێڕیی ٩ی تشرینی یەکەمەوە کێشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. تا ئێستا ڕەوشی ئاشتی له ناوچەکەدا پێک نەهاتووه. ڕێبەر ئاپۆ یەکێکە لەو کەسانەیە لە سەرانسەری جیهاندا ئاشتی و ئارامی بڵاو دەکاتەوە. ڕێبەر ئاپۆ دەیەوێت ڕێگای ڕاستی، ئازادی و ڕێگای حەقیقەت لە وڵات و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نیشانی گەلان بدات. بێگومان هێزە باڵادەستەکان نەیاندەویست ئەمە ڕووبدات. هێزە پیلانگێڕەکان ڕێبەر ئاپۆیان بە پیلانگێڕی و هەواڵگری گلادیۆوە بە دیل گرت.

ڕامان حسێن لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە پیلانگێڕی هێشتا کاریگەری نەرێنی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە و وتی: "پێویستە هەموو ڕێکخراوە جیهانییەکان و ئەو وڵاتانەی کە دەڵێن ئێمە دیموکراتیکین و باس لە مافەکانی مرۆڤ دەکەن ئەوە ببینن کە دەوڵەتی فاشیستی تورک چۆن ڕێبەرایەتیمان گۆشەگیر دەکات. هەڵبەت هێزە هەژمونخوازەکان کە دەڵێن ئەوان جیهان بەڕێوە دەبەن نایانەوێت ڕێبەر ئاپۆ لە زیندانی ئیمراڵی ئازاد ببێت، چونکە دەزانن چارەسەری کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەست ڕێبەر ئاپۆ چارەسەر دەبێت. بە بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ سەرجەم کێشەکانی ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر دەکرێن، ڕێبەر ئاپۆ ڕێبەری ڕاستی و مرۆڤایەتییە."