بە دیمەن

لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا چالاکییەکانی ٢٥ ی تشرینی دووەم بەردەوامە

بزووتنەوەکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامن لە چالاکییەکانی ٢٥ ی تشرینی دووەم.

چالاکی ڕێکخراو و بزووتنەوەکانی ژنان لە هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەبۆنەی ٢٥ ی تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بە درووشمی "بە فەلسەفەی ژن ژیان ئازادی خۆت بپارێزە" بەردەوامە.

شەهبا

بەم بۆنەیەوە کۆنگرەی ستار ؛ە شەهبا ڕێپێوانێکی بۆ پیاوان ئەنجامدا. هەروەها کۆمیتەی ژنانی یەکێتی ئێزدیان سیمینارێکی بۆ ژنانی ئێزدی ڕێکخست.

کۆمیتەی ژنانی یەکێتی ئێزدیان لە هۆڵی دەستەی ژنانی ئەحداس بە بەشداری دەیان ژنی ئێزدی سیمینارێکی ڕێکخست، سیمینارەکە لەلایەن ئەندامی کۆمیتەی ژنان شیرین چاوش و هاوسەرۆکی یەکێتی ئێزدیان مەریەم جندۆ بەڕێوەبرا.

مەریەم ڕایگەیاند لە جیهاندا یاسای پێویست نییە بۆ پاراستنی ژنان، بەڵام یاسای زۆر هەن بۆ بێبەشکردنی ژنان لە مافەکانیان، ئەمەش سەرچاوەی ئاڵۆزی راستەقینەیە، گوتی: "ڕێگەی دەرچوون لەم ئاڵۆزییانە پەنابردنە بۆ فیکر و فەلسەفەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، بەڵام بەم هۆیەوە دەسەڵات گۆشەگیرییەکی توندی لەسەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان سەپاندووە".

هەروەها سەدان پیاو دژی توندوتیژی سەر ژنان ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا، ڕێپێوانەکە لە ناوچەی فافین دەستی پێ کرد و بە بەرزکردنەوەی درووشم تا گۆڕستانی شەهید زۆزان ئامانۆس بەردەوام بوو، لەوێ ڕێپێوانەکە گۆڕا بۆ گردبوونەوە.

ئەندامی کۆنگرەی ستاری کانتۆنی عەفرین و شەهبا سورەیە مستەفا ڕایگەیاند بۆ کۆتایی هێنان بە توندوتیژی و ئازادی ژن و کۆمەڵگە، چارەسەر لە ئازادی ڕێبەر ئاپۆدایە.

 هاوسەرۆکی کانتۆنی عەفرین و شەهبا محەمەد شێخۆ ڕایگەیاند بەگوێرەی ڕامانەکانی ڕێبەر ئاپۆ خەبات دەکەن کە گرنگییەکی مەزنی بەخشیووە بە ئازادی ژنان.

عامودا

ڕێکخستنی کۆنگرەی ستاری کانتۆنی جەزیرە بە بەشداری ٦٠ پیاو خولێکی پەروەردەیی دەست پێ کرد.

خولەکە سێ ڕۆژە، بەشداربووان دەربارەی یاسای خێزان و هاوژیانی ئازاد و ڕەگەزپەرستی پەروەردە دەبینن.

تەل حەمیس

لەلایەن کۆنگرەی ستارەوە سیمینارێک لەسەر توندوتیژی و جۆرەکانی توندوتیژی و ڕێگەکانی نەهێشتنی ئەنجامدرا.

سیمینارەکە لە هۆڵی ناوەندی کەلتوور لە ڕۆژهەڵاتی تەل حەمیس بەڕێوەچوو، دەیان ژن و پیاو تێیدا بەشداربوون.

لە سیمینارەکەدا هەڵسەنگاندنەکانی رێبەر ئاپۆ دەربارەی تێکۆشانی ژنان بەرامبەر سیستەمی پیاوسالاری و نەریتە پاشڤەڕۆکان خوێنرایەوە.

هەروەها رێگەکانی کۆتایی هێنان بە توندوتیژی سەر ژنان تاوتوێ کرا. بەشداربووان جەختیان کردەوە یەکسانی نێوان ژن و پیاو ڕێگەیەکە بۆ ڕێگری لە توندوتیژی.

تەبقە

مەجلیسی ژنانی پارتی سوریای ئایندەی کانتۆنی تەبقە وۆرک شۆپێکی بە ناونیشانی "ڕۆڵی ژنان لە بواری سیاسی و پارتە سیاسییەکاندا" رێکخست، ورۆک شۆپەکە لە بینای پارتی سوریای ئایندەی کانتۆنی تەبقە بەڕێوەچوو.

لە وۆرک شۆپەکەدا تیشکخرایە سەر گرنگی بەشداری ژنان لە بواری سیاسی و ڕۆڵی سەرەکییان لە پێشخستنی ئیدارەی دیموکراتیکدا.

هەروەها ئاماژە کرا بە ئاستەنگەکانی بەردەم بەشداری ژنان لە بواری سیاسی و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێگەکانی پێشخستنی بەشداری ژنان لەم بوارەدا.

پاشان بەشداربوون لەسەر رێگەکانی ڕێگری لە توندوتیژی گفتوگۆیان کرد.

تەبقە

مەڵبەندی ڕۆشنبیری حەلەب پانێڵێکی بە ناونیشانی "واتای ڕەگەزپەرستی و ئازادی" ئەنجامدا.

پانێڵەکە لە بینای مەڵبەندەکە لە گەڕەکی شێخ مەقسوود بە بەشداری ئەندامانی ڕێکخراوە مەدەنییەکان و پارتە سیاسییەکان ئەنجامدرا.

تێیدا واتای ڕەگەزپەرستی و هۆکار و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگە تاوتوێ کرا.

بەشداربووان بۆچوونی خۆیان دەربڕی و ڕێگەکانی ڕێگرتن لە ڕەگەزپەرستی و بەدەستهێنانی ئازادیی ژنانیان تاوتوێ کرد.