شێخ مورشید مەعشوق خەزنەوی لەگەڵ هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی ئیسلامی دیموکراتیکی باکور و رۆژهەڵآتی سوریا محەمەد مەلا رەشید خەرزان، ئەندامی کۆنگرە عەبدولکەریم سارۆخان، شێخی تەریقەتی قادری لە سوریا محەمەد ئەلقادری سەردانی ماڵی ئێزدییەکانی جزیرە لە گوندی قزڵ جۆخی سەر بە عامودێ کرد.
ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری ماڵی ئێزدیەکان و ریشسپیەکانی ئێزدییەکان پێشوازییان لە شاندەکە کرد.
شێخ مورشید خەزنەوی لە سەردانەکەیدا وتەیەکی پێشکەش کرد و وتی، "کۆمەڵگەی ئێزدی ٧٤ کۆمەڵکوژی بەسەردا هاتووە، بەڵام سەرباری ئەوە چۆکیان دانەداوە و خۆیان نەداوە بەدەستەوە و سەریان بەرامبەر بە هەوڵەکانی لەناوبردن و کۆتاییهێنان بە کۆمەڵگەی ئێزدی دانەنەواندووە. کۆمەڵگەی ئێزدی لەو پلان و هەوڵانە بەهێزترە و ئازایەتی و پەیوەستبوونی بە خاکەکەیەوە سەلماندووە".
لەلایەکی دیکەوە ئەندامی بەڕێوەبەری ماڵی ئێزدییەکان فاروق تۆزۆ بەخێرهاتنی شاندەکەی کرد و وتی، "دڵخۆشین بەم سەردانەتان، خۆشەویستی ئێوە بۆ ئایین و پێکهاتەکان لە ناو خەباتی سیاسیتاندا رەنگی داوەتەوە. هیواخوازین و ئاشتی و ئارامی لە تەواوی جیهان بڵاوببێتەوە. کولتوری پێکەوە ژیان، خوشک-برایەتی و خۆشەویسی لەناو تەواوی پێکهاتە، ئیتنیک، ئایین و ئایینزاکاندا بڵاوببێتەوە".
هاوکات ئەندامی ئەنجومەن ئیلیاس سەیدۆ قسەی کرد و وتی، "شۆڕشی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا سەرجەم لەمپەر و ئاستەنگەکانی لە بەردەم پێکهاتە و ئایینەکان راماڵیوە. هیچ جیاوازیەک لە نێوان ئایینەکاندا بوونی نییە و شۆڕش بڕوا و متمانەی بە پێکهاتە و ئایینەکان بەخشیوە".
هـ . ب