لە ڕۆژئاوا گەل دژی هێرشەکان ڕژانە گۆڕەپانەکان
گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی ڕژانە گۆڕەپانەکان و پەیامی مەزنکردنی بەرخۆدانیان دا.
گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی ڕژانە گۆڕەپانەکان و پەیامی مەزنکردنی بەرخۆدانیان دا.
دانیشتووانی قامیشلۆ و دێرک و عامودا دژی هێرشی چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ڕێپێوانیان ئەنجامدا.
دانیشتوانی قامیشلۆ بە ڕێپێوانێکی جەماوەری پلانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیان بۆ سەر سوریا شەرمەزار کرد و سڵاویان لە بەرخۆدانی گەلی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی حەلەب کرد.
دانیشتوان بە دروشمی "بە ڕۆحی گەلی شۆڕشگێڕ داگیرکاری تێکدەشکێنین" لە چوارڕیانی سۆنی تا چوارڕیانی شەهید ڕوبار ڕێپێوانیان کرد. لە ڕێپێوانەکەدا پانکارتی "قەسەدە ئیرادە و شکۆمانە" و "قەسەدە قەڵغانی سەلامەتیی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریایە" و "بەرخۆدان ژیانە" و "قەسەدە گەلە، گەل لێرەیە" و "خاکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەبێتە گۆڕستانی ئەردۆگان" هەڵگیرا.
یوسف کوتی ڕایگەیاند ئەم هێرشە لەڕێگەی چەتەکانی هەیەی تەحریر ئەل شام (جەبهەتول نوسڕە) ئەنجام دەدرێت، پێشتر لوتی ئەم چەتانە لە سەرێکانی و تەل بەراک و تەل حەمیس شکێنرا، ئێستەش ئەم چەتانە بە پاڵپشتی دەوڵەتی فاشیستی تورک، ڕوویانکردووەتە باکووری سوریا، واتە حەلەب، ئەدلب و حەما.
کوتی گوتی: "گەل لە گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە گەمارۆدراوە، گەلەکەمان لە شەهبا و تەل ڕەفعەت بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانییەوە ساتێکی زەحمەت بەڕێ دەکەن".
کوتی ئاماژەی بەوە کرد ڕوسیا ڕێگەی بۆ تورکیا کردووەتەوە تا میساقی میللی جێبەجێ بکات و لە حەلەب تا موسڵ داگیر بکات.
بانگەوازی لە گەلی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد لەدەوری قەسەدە کۆببنەوە، گوتی: "بێجگە لە ئیرادەمان هیچ هاوپەیمانێکمان نییە".
دێرک
بۆ هەمان مەبەست، دانیشتووانی دێرک ڕێپێوانیان کرد.
دانیشتووان لە گۆڕەپانی ئازادی تا ناوەندی شارەکە ڕێپێوانیان کرد، لەوێ ڕێپێوان گۆڕا بۆ گردبوونەوە.
هاوسەرۆکی مەجلیسی گەلی دێرک جوان حەسەن، گوتی: "سەر بۆ پلانە نێونەتەوەییە قێزەونەکان نەوی ناکەین. پێویستە بەرخۆدانمان بەرامبەر دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی مەزن بکەین".
عامودا
لە عاموداش سەدان کەس دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک چەتەکانی ڕێپێوانیان ئەنجامدا.
ڕێپێوانەکە لە چوارڕیانی ژنی ئازاد تا چوارڕیانی شەهید جیهاد بەردەوام بوو. ئەندامی دەسپێشخەریی گەلی شاری عامودا موراد زۆرۆ قسەی کرد و گوتی ئامادەن هەموو شتێک پێشکەشی کۆچبەرانی عەفرین و شەهبا بکەن.
موراد داوای لە گەل کرد دژی پلانە داگیرکارییەکان بڕژێنە گۆڕەپانەکان.