بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵای لوبنان، بەسەدان هەزار پەنابەری سوری کە لە کاتی ئاڵۆزییەکانی سوریادا ئاوارەی لوبنان بوون، گەڕانەوە بۆ سوریا و بەدەیان هەزاریان کەس گەیشتنە هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سەبارەت بە دۆخەکە بۆ یارمەتیدانی پەنابەران و ئەوەی بتوانن ئاسانکاریان بۆ بکەن دەستبەجێ کۆمیتەی قەیرانی دامەزراند. بەپێی زانیارییەکانی فەرمانگەی پەنابەرانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، تا ئێستا ٢٠هەزار پەنابەری سووری ڕوویانکردووتە هەرێمەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی و لە لایەن کۆمۆنەکانەوە پێداویستییەکانیان بۆ دابین کراوە.
سەبارەت بە شەڕ و کۆچبەربوونی خەڵکی مەدەنیەوە پەنابەران لەسەر دۆخی خۆیان و ئەوەی ناچاربوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن، قسەیان بۆ ڕاگەیاندنەکان کرد و ئاماژەیان بەوەکرد پاش ئەوەی سنوورمان بەزاند و گەیشتینە هەرێمی ئیداری خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لەلایەن بەڕێوەبەرانی هەرێم و کۆمۆنەکانەوە پێشوازیمان لێکرا و دوای تۆمارکردنی ناوەکان، هاوکاری و پێداویستییەکانمان بۆ دابین کرا. بەڵام داوا لە دامەزراوە جیهانییەکان دەکەین یارمەتی و هاوکاریەکانیان بگەیەنن پێمان، لەبەر ئەوە پەنابەرێکی زۆر ڕوویانکردووتە هەرێمەکە و بەدڵنیاییەوە یارمەتیدانی هەموویان بۆ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییەوە قورسە.