"قەسەدە گەلە و گەل قەسەدەیە"

ئەندامی فەرماندەیی قەسەدە، لوقمان خەلیل ڕایگەیاند، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بێ وڵام ناهێڵنەوە و لە چوارچێوەی شەڕی شۆرشگێڕیدا ئامادەکاریەکی مەزن دەکرێت و وتی: "هێرشەکان بۆ لەناوبردنی ئاسایشی و ئارامی هەرێمەکەیە."

سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و هەروەها ئامادەکارییەکانی هێزەکانی (قەسەدە) لە دژی ئەو هێرشانە، ئەندامی فەرماندەیی هێزەکانی (قەسەدە)، لوقمان خەلیل، چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ڕۆژنامەی ڕۆناهی ئەنجامداوە.

چاوپێکەوتنەکە بەم جۆرەیە:

   هێرشە داگیرکەرییەکانی ئەم دواییەی دوڵەتی تورک چۆن هەڵدەسەنگێنن؟  کێن ئەو هێزانەی لە پشت پەردەوە پشتیوانی ئەم هێرشانە دەکەن؟

  هێرشە داگیرکارییەکان بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە ئەنجام دەدرێت. وەک دەزانین ململانێەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ماوەیەکی زۆرە بەردەوامن. ئامانجی هێزە پیلانگێڕەکان ئەوەیە کە گەلانی ناوچەکە نەتوانن مافە مرۆییەکانی خۆیان بەدەست بهێنن. هەروەها هێرشەکانی ئێستا بۆ سەر لوبنان لەژێر ناوی حیزبوڵا و شەڕی حەماس ئەو ڕاستیانە دەسەلــمێنن. لە هەمان کاتدا هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکانی خۆبەڕێەوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە هەڕەشە و هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئەنجام دەدرێن. هەموو هێزەکان لەناوچەکە هەوڵی چەسپاندنی دەسەڵاتداری خۆیان دەدەن بەسەر گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. یەکێک لەو ناوچانە کوردستانە. لە کوردستانیش بە گشتی ڕۆژئاوای کوردستان. چونکە خاکی کوردستان خاکێکی دەوڵەمەندە و بە تێکۆشان دەستکەوتی لێ بەدەست هاتووە. ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لەگەڵ ئەم سیستەماندا نییە، خاوەن جیاوازیەکی خۆیە. بەو بۆنەوە لەلایەن هێزە دەسەڵاتدار و هەژموونخوازەکانەوە دەکرێتە ئامانج. ئێستا لە ناوچەکە شەڕێکی بێ پێوان و بێ ئەخلاقی بەڕێودەچێت. کاتێک ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر گەلی فەلەستین، هەموو جیهان کاردانەوە نیشان دەدەن و شەرمەزاری دەکەن. بێگومان ئێمەیش وەک قەسەدە هەمان هەڵوێستمان هەیە. بەڵام کاتێک باسی کورد دێتە مەیدان، هەموو جیهان بێدەنگە. لە کاتێکدا بەهۆی شەڕ و دەستدرێژییەکانەوە بە هەزاران ژن و منداڵی کورد دەکوژرێن. تەنانەت ئیسرائیل کۆمەڵکوژییەکی لەو شێوەیەی دژی فەلەستین ئەنجام نەداوە. ئەم شەڕەی کە لە کوردستان بەڕێوە دەچێت، شەڕی دوو سوپا نییە، بەڵکوو ئەم هێرشانە هێرشی جینۆساید و لەناوبردنن کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بەسەر گەلانی ناوچەکە دەسەپێندرێن. لەکاتێکدا لە خاکی ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریاوە هیچ هەڕەشەیەک لە دژی دەوڵەتی تورکیا ڕووی نەداوە. تا ئێستا هێزەکانمان هەرگیز سنووریان نەبەزاندووە و هیچ چالاکیەکیان دژ بە دەوڵەتی تورکیا ئەنجام نەداوە. بۆیە هیچ بیانوویەک بۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورک نییە کە بەو بۆنەوە هێرش بکاتە سەر ناوچەکانمان، بەڵکوو ئامانجی سەرەکی هێرشەکان شکاندنی ئیرادەی گەلی کورد و تێکدانی ئاسایشی و ئارامی ناوچەکەیە.

هاوکات ئەو چەتانەی کە پشتیوانیان لە داگیرکردنی شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکرد، ئێستا لەدژی ئەوان شەڕ دەکەین. لە لایەکی ترەوە ئەو شەڕەی کە لە هەر ٤ پارچەی کوردستان لە دژی تەڤگەری ئازادی دەستیان پێکردبوو شکستی هێناوە. لە هەمان کاتدا دۆخی ئابووریی تورکیا زۆر لاواز بووە. ئیتر دەسەڵاتداری ئاکەپە و مەهەپە جیا لە داگیرکردنی خاکی وڵاتان شتێکی تریان لەدەستدا نەماوە. هەروەها چەتەکان لە ناوچە داگیرکراوەکاندا ئێستا ڕووبەڕووییان دەبنەوە. لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا زیاتر منداڵ و ژنان کرانە ئامانج. ئامانجی دەوڵەتی داگیرکەری تورک تەنیا هێزە سەربازییەکان نییە، بەڵکو خەڵکی مەدەنی و شوێنە خزمەتگوزارییەکان دەکرێنە ئامانج.

ئامادەکارییەکانی هێزەکانی قەسەدە لە دژی هێرشەکان لە چ ئاستێکدایە؟ ئەگەر ئەم هێرشانه بەردەوام بن، قەسەدە وڵامی چی دەبێت؟ 

 وەک هێزەکانی قەسەدە بەئاشکرا دەتوانین بڵێین بەئامانجکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی ناوچەکە لە چوارچێوەی بەرگری ڕەوای ئێمەدا بێوەڵام نامێنێتەوە. ئێمە وەک هێزەکانی قەسەدە رێکار و ئامادەکاری خۆمان بۆ هێرشێکی گەورە گرتووەتەبەر. بەگوێرەی ئەو تەکنیکانەی لەدەستی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدایە، ئێمە خۆمان بۆ هەر هێرشێکی وشکانی و ئاسمانی ئامادە دەکەین. دەوڵەتی داگیرکەری تورک جگە لە تەکنیکی خۆی هیچ دەسەڵاتێکی دیکەی ناماوە. ئێمەش بەو شارەزاییەی کە لە شەڕی دژی چەتەکانی داعش و هێزه بەکرێگیراوەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بەدەست هاتووە دەتوانین خۆمان بپارێزین. دەوڵەتی تورک ناتوانێت وەک جاران ئەم تەکنیکانە بەکار بهێنێت. لەبەر ئەوەی هیچ بەهایەکی ئەخلاقی و ئینسانی نییە. یاسا نێونەتەوەیی و ناوخۆییەکان پێشێل دەکات. دەبێت هەموو گەل و هێزەکانمان بە هەموو بەشەکانیەوە هۆشیار بن و هیچ دەرفەت و بۆشایەک نەخەنە دەستی داگیرکەران. بەدڵنیاییەوە هێزەکانمان لە سایەی شەهیدانەوە بەرگری لە خۆیان و گەلەکەمان دەکەن.

قەسەدە لە چوارچێوەی شەڕی گەلی شۆڕشگێردا، پێویستە چۆن ڕووبەڕووی دوژمن بێتەوە؟ 

 لە هەمان کاتدا ئەو خاڵەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێکرد، پەیوەندی بە شەڕی گەلی شۆڕشگێڕەوە هەبوو. لەبەر ئەوەی شەڕڤانان و گەل پێکەوە بەشداری شەڕ دەکەن.  کۆمەڵگاکەمان و گەلەکەمان پشت بە خاکەکەی دەبەستێت. لەلایەکی دیکەوە هەستی وڵاتپارێزی لە ڕۆژئاوای کوردستان زۆر بەهێزە. ئەمە جێگەی شانازی و سەربڵندییە بۆ ئێمە. لە هەر شوێنێک هێرش ڕوویداوە، گەلەکەمان دەستبەجێ کاردانەوەی نیشانداوە و هاوکاری هێزە ئەمنییەکانی کردووە. ئەمە پەیامێکی زۆر گرنگە بۆ داگیرکەران.  گەلەکەمان بە ڕۆحێکی شۆڕشگێڕانەوە لە دژی هەر جۆرە توندوتیژییەک بووەتەوە.  ئێمەش وەک ڕۆڵەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ پاراستنی گەلەکەمان ئامادەی هەر جۆرە تێکۆشانێکین. شەهیدانمان بە قارەمانیەتی خۆیان میراتێکی گەورەیان بۆ بەجێهێشتووین و ئێمەش لەسەر ئەم ئەزموونانە پاراستنی گەلەکەمان دەکەین.

لە کۆتایید لوقمان خەلیل ڕایگەیاند؛ هێزە نێونەتەوەییەکان بە تایبەت هێزەکانی هاوپەیمان له سەرووی هەموویاندا ئەمریکا و ڕووسیا بەرامبەر ‌هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بێدەنگن و ئەمە مانای ئەوەیە کە هێرشە ئاسمانیەکانی دەوڵەتی تورک بە ڕەزامەندی ئەو هێزانەوە ئەنجام دەدرێن و دەوڵەتی تورکیش دەیهەوێت خاکی ڕۆژئاوای کوردستان داگیر بکات، ئەگەرچی مافی هێرشی زەمینی بۆ سەر هەرێمی بەدەست نەهێناوە. هێزەکانی ئەمریکا، ڕوسیا و وڵاتە عەرەبیەکان کە نایانەوێت سەقامگیری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا تێک بچێت دەبێت خاوەن هەڵوێستێکی جددیی و کاردانەوەی توند بن. ئێمە وەک هێزەکانی قەسەدە لەسەر بنەمای پاراستنی ڕەوای گەلەکەمان، هیچ هێرشێک بۆ سەر هەرێمەکەمان و گەلەکەمان بێ وڵام ناهێڵین.