بە دیمەن

تەرمی شەهید هانوش بەکی بە ڕێوڕەسمێکی جەماوەری به خاک سپێردرا

تەرمی هانوش بەکی ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە دوێنێ لە ئەنجامی هێرشەکەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا شەهید بوو بە مەراسیمێکی جەماوەری بەخاک سپێردرا.

دوێنێ سوپای داگیرکەری تورک بە درۆن لە ناوەندی کۆبانێ، خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی کردە ئامانج. لە ئەنجامی ئەو هێرشە دڕندانەیەدا ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بە ناوی هانوش بەکی شەهید بوو و سێ ئەندامی هێزە ئەمنییەکانیش بە سەختی بریندار بوون.

بە مەراسیمێکی جەماوەری بە بەشداری هەزاران کەس تەرمی شەهید هانوش بەکی لە گۆڕستانی شەهیدان بە خاک سپێردرا. مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن بۆ یادی شەهیدانی شۆڕش دەستیپێکرد. پاشان هاوسەرۆکی کۆمیتەی ناوخۆ قسەی کرد و وتی: " ئەم هێرشانە بۆ سەر دەستکەوتەکانی شۆڕشە، ئیمە ڕێگە بە دوژمن نادەین و دەبینە قەڵغانێک لە بەرامبەر پیلانەکانی."

هەروەها سوعاد شێخ دەمیر، بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستار قسەی کرد و وتی: "تێکۆشانی ڕۆژائاوا کە لە کۆبانێ دەستی پێکرد، ئێستا بووە بە شۆڕشێکی مێژوویی، ئێمە بە تێکۆشینی هانووش و هەڤاڵانی گەیشتوینەتە ئەم ئاستە، ئەوانەی بوونە هۆی ئەوەی ئێمە تێکۆشان و بەرخۆدان بکەین شەهیدانمان بوون، بۆیە دەبێت بەهێزەوە بە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ درێژە بە تێکۆشانیان بدەین."

لە مەراسیمەکەدا ناسنامەی شەهید خوێندرایەوە و ڕادەستی بنەماڵە کرا. پاشان تەرمی شەهید بە دروشمی "شەهید نامرن" بە خاک سپێردرا.