تەرمی شەهیدانی سویدیە بەخاک سپێردران
تەرمی ئەو ٧ کرێکارەی لە هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر وێستگەی سویدیە شەهیدبوون، بە مەراسیمێک بە خاک سپێردرا.
تەرمی ئەو ٧ کرێکارەی لە هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر وێستگەی سویدیە شەهیدبوون، بە مەراسیمێک بە خاک سپێردرا.
ئێوارەی ٢٣ ی تشرینی یەکەم سوپای داگیرکەری تورک بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان وێستگەی نەوتی سویدیەی بۆردوومان کرد، بەهۆیەوە ٧ کرێکار شەهید بوون و دەیان کرێکار بریندار بوون.
مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی شاری تەل کۆچەر بە مەراسیمێک تەرمی ٧ شەهیدەکەیان بەخاک سپارد.
هەزاران دانیشتووی شارەکانی گەرکی لەگی و چلاغا و تەل کۆچەر و کۆچەرات و نوێنەرانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بەشداری مەراسیمەکە بوون لە گۆرستانی شەهید عیقاب ئەسوەد لە تەل کۆچەر.
لەسەر ناوی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان، عەگید عەبدولمەجید سەرەخۆشی لە گەل کرد و ڕایگەیاند دەوڵەتی تورک و دەوڵەتانی داگیرکەر هیچکات دان بە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی گەلاندا نانێن، دوژمنی دیموکراسی و خوشک و برایەتیی گەلانن و تاوان دژی گەلان دەکەن، گوتی: "پێویستە بەرامبەر هێرشە داگیرکارییەکان بەرخۆدان بکەین، تێکۆشان بەهێز بکەین و درێژە بە هێڵی شەهیدان بدەین".
هاوسەرۆکی مەجلیسی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کانتۆنی جەزیرە تەڵعەت یونس لە کەسێتی هەر حەوت شەهیدەکەدا، تەواوی شەهیدانی ئازادی بیرهێنایەوە و ڕایگەیاند شەهید پێشەنگی مەعنەویی گەلانن.
یونس ڕایگەیاند ئامانجی دەوڵەتی تورک شکاندنی ئیرادە و بەرخۆدانی گەلی هەرێمەکە و ناچارکردنیانە بە ئاوارەیی، بەڵام لەم مەراسیمەکەدا گەل سەلماندی بەرخۆدەرن و خاکەکەیان دەپارێزن، گوتی: "ئەم هێرشە بەرخۆدانی ئێمە تێک ناشکێنێت. ئێمە تا بنیاتنانی سوریایەکی دیموکراتیک، درێژە بە هێڵی شەهیدان دەدەین".
پاشان ناسنامەی شەهیدان خوێنرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرا. تەرمی شەهیدان بە درووشمی "شەهید نامرن" بەخاک سپێردرا.