تەڤ-دەم بانگەوازی کرد بۆ دانپیانان بە ستاتۆی شەنگالدا

تەڤ-دەم بانگەوازی لە حکومەتی عێراق کرد دان بە ستاتۆی شەنگالدا بنێت، تیشکی خستەسەر سیاسەتی هاوکاری پەدەکە بۆ بانگەوازی ڕێکخراوە کوردییەکان کرد دژی داگیرکاری بوەستنەوە.

دەهەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی شەنگال

تەڤگەری جڤاکی دیموکراتیک (تەڤ-دەم) بەبۆنەی ١٠ هەمین ساڵیادی فەرمانی ٣ ی ئاب لەسەر شەنگال ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا شەهیدانی شەنگالی بیرهێنایەوە، وە ئاماژەی بەوە کرد ئاکەپە و پەدەکە بە ئاشکرا پشتگیری داعش بوون لە کوشتن و قڕکردنی ئێزدییەکان.

جەخت دەکاتەوە دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە هەموو ڕێگەیەکی سەربازی و تیرۆریستی هەوڵدەدات جڤاکی ئێزدی لەناوببات و هەرێمی شەنگال و دەشتی نەینەوا داگیر بکات، هەرێمەکە لە ئێزدی و کریستیانەکان چۆڵ بکات.

هەروەها دەڵێت: "پەدەکە خیانەتی لە مێژوو و نەریتی بەرخۆدان کرد. خیانەتی لە جڤاکی ئێزدی کرد و بووە هۆی کوشتن و ڕفاندن و فرۆشتنی ژن و مناڵان. بێشەرمانە، شەنگال و میراتە مێژوویی و چاندی و ئەخلاقییەکەی وەک دیارییەک بەخشی بە داعش".

ئاماژە بەوە کراوە، پەدەکە دژی ئیرادەی ئێزدییەکان هاوکاری دەوڵەتی داگیرکەری تورک و تیرۆریستان دەکات.

هەروەها ئاماژە بەوە دەکات ئێستەش پەدەکە ڕێگەخۆش دەکات بۆ بڵاوبوونەوەی داگیرکەران و تیرۆریستان لە باشووری کوردستان، جەخت دەکاتەوە ئەگەر لێپێچینەوە لە پەدەکە نەکرێت، دهۆکیش هەمان چارەنووسی شەنگال و کۆبانێ و عەفرین و سەرێکانی دەبێت.

بانگەواز ئێزدییەکانی نێو کەمپەکان دەکات بگەڕێنەوە شەنگال و بۆ پاراستنی بەها مێژووییەکانیان تێبکۆشن.

هەروەها بانگەواز لە حکومەتی عێراق کراوە دان بە ئیرادە و ستاتۆی ئێزدییەکان بنێت و دەڵێت: "پێویستە حکومەتی عێراق دەست لەم بێدەنگییە هەڵبگرێت. پێویستە دەستبەجێ بەگوێرەی ڕێباز و بەها دیموکراتیکەکان چارەسەر بدۆزێتەوە و ستاتۆی شەنگال وەک دەسپێشخەرییەکی بۆ چارەسەری تەواوی کێشەکانی عێراق قبووڵ بکات".

هەروەها بانگەواز لە تەواوی هێزە نیشتیمانی و سیاسی و کوردستانی و عێراقی و ڕێکخراوە یاسایی و مەدەنییەکان دەکات فشار لە پەدەکە بکەن تاوەکو دەستوەردان لە کاروباری ئێزدییەکان لە شەنگال نەکات، دەڵێت: "جڤاکی ئێزدی باوەڕ بە سیاسەتی شکستخواردووی ئیدارەی پەدەکە ناکات. پەدەکە کە خزمەت بە دەوڵەتی داگیرکەری تورکی فاشیست دەکات، ڕۆڵێکی مەترسیدار دەگێڕێت لە دۆسیەی چارەنووسی گەلەکەمان".