ئاماری هێرشی داگیرکاری بۆ سەر مەنبەج

دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی دەیان جار ١٣ گوندی کانتۆنی مەنبەجیان بۆردوومان کرد.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی مەجلیسی سەربازیی مەنبەج ئاماری هێرشەکانی ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی بە ڕاگەیاندراوێک بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەردەوامە لەسەر بەئامانجگرتنی ژێرخانی خزمەتگوزاری و گوند و شارەکان.

هەروەها دەڵێت: "دەوڵەتی تورک بە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشی کردە سەر هەرێمەکە و لە ئەنجامدا دەیان کەس شەهید و بریندار بوون. تا ئێستە ١٣ گوندی باکوور، ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژهەڵاتی شارەکە ٨ جار بە مووشەک تۆپباران کراون، ٤ جار بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، ٣ جار بە فڕۆکەی خۆکوژ بۆردوومانکراون.

لە تۆپبارانی گوندی ئەلبونیەی ڕۆژهەڵاتی مەنبەج خانووی هاوڵاتییەک بە تەواوی وێران بووە، مناڵێک بە ناوی فەرەح ئەلبەرحۆ (١١ ساڵ) شەهید بووە، عەبدولرەحمان بەرحۆ (١٣ ساڵ) و سەمیر بەرحۆ (٨ ساڵ) بریندار بوون.

هێزەکانمان ٢ درۆنی خۆکوژی سوپای داگیرکەری تورکیان خستووەتەخوارەوە".