یەپەگە: مام نەمر ناوی خۆی لە مێژووی ئازادیدا نووسی
یەپەگە ڕایگەیاند یەکێک لە سیمبولەکانی بەرخۆدانی کۆبانێ ئاپێ نەمر لە ئەنجامی نەخۆشی دڵ گەیشتووەتە کاروانی نەمران، گوتی: "بەڵێن دەدەین نەریتی بەرخۆدانی مام نەمر بپارێزین".
یەپەگە ڕایگەیاند یەکێک لە سیمبولەکانی بەرخۆدانی کۆبانێ ئاپێ نەمر لە ئەنجامی نەخۆشی دڵ گەیشتووەتە کاروانی نەمران، گوتی: "بەڵێن دەدەین نەریتی بەرخۆدانی مام نەمر بپارێزین".
ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لەسەر ماڵپەڕی فەرمی خۆی ناسنامەی شەهید مام نەمری ئاشکرا کرد.
یەپەگە ڕایدەگەیەنێت: "خەلیل عوسمان حەمێ، بە ناسناوی مام نەمر و سیمبولی بەرخۆدانی کۆبانێ دەناسرێت، لە ئەنجامی نەخۆی دڵ گەیشتە کاروانی نەمران".
سەرەڕای تەمەنە گەورەکەی، لە سەنگەرەکانی شەڕدا جێی گرت
یەپەگە ڕایدەگەیەنێت مام نەمر یەکێک بووە لە سیمبولەکانی بەرخۆدانی کۆبانێ دژی چەتەکانی داعش، دەڵێت: "مام نەمر سەرەڕای تەمەنە گەورەکەی، دەستبەرداری خاکەکەی نەبوو، لەگەڵ ڕۆڵەکانی تا دوا سات لە سەنگەرەکانی شەڕ و بەرخۆدان مایەوە".
یەپەگە ڕایدەگەیەنێت خەلیل عوسمان لە ساڵی ١٩٥٠ لە گوندی دیهاب لە کۆبانێ لەدایکبووە، لە ژینگەیەکی پڕ لە هەستی وڵاتپارێزییدا گەورە بووە و کوردانە ژیاوە، بەهۆی هەڵوێستە سیاسییەکانەوە ٣ جار لەلایەن ڕژێمەوە دەستگیرکراوە. ساڵی ١٩٨٠ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەناسێت. لە نزیکەوە دەڕوانێتە پەکەکە. سەرەڕای فشارەکانی ڕژێمی سوریا پاشکەشە ناکات و لە هەموو دەرفەتێکدا بەرگری لە تێکۆشانەکەی دەکات. ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەبینێت. پاش ناسینی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ئیتر وەک وڵاتپارێزێکی چالاکی تەڤگەری ئازادی کوردستان خەبات دەکات.
مام نەمر، خاوەنی ٦ مناڵ بووە و هەموویانی بە گیانی وڵاتپارێزی گەورە کردووە. هەرگیز پاشەکشەی نەکردووە و لە هەموو دەرفەتێکدا بۆ ئازادی گەلەکەی تێکۆشاوە.
بەشێوەیەکی شایستە بە ڕۆڵی خۆی هەستاوە
یەپەگە ڕایدەگەیەنێت، لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا مام نەمر و بنەماڵەکەی لە بواری سەربازی و کۆمەڵایەتییەوە خەباتیان کردووە. بەتایبەت لە ساڵە زەحمەتەکانی سەرەتادا خەباتی ڕێکخستنی گەلی کردووە و پێش بەرخۆدانی مەزنی کۆبانێ ئامادەکاری تەواوی کردبوو. مام نەمر بە باشی بە ڕۆڵی خۆی هەستا.
یەپەگە ئاماژە بەوە دەکات ئەوکاتەی چەتەکانی داعش بە ڕێنمایی دەوڵەتی تورک هێرشیان کردە سەر کۆبانێ خەڵکی کۆبانێ و شەڕڤانانی وەک مام نەمر سازشیان لەسەر وڵاتپارێزیی خۆیان نەکرد، بەرخۆدانی کۆبانێ بە پێشەنگایەتی شەڕڤانانی یەپەگە_یەپەژە وەک شەڕی گەل لە مێژوودا نووسرایەوە.
لەگەڵ ڕۆڵەکانی تێکۆشا
یەپەگە ڕایدەگەیەنێت مام نەمر لە بەرخۆدانی کۆبانێ تا کۆتایی لەپێناو خاکەکەی تێکۆشا. ئەو کاتەی قاچ و سەری بریندار بوو، بەبێ ئەوەی چارەسەری تەواو لە پیرسوس وەربگرێت، دیسان دەگەڕێتەوە سەنگەرەکانی بەرخۆدان. ویستی لەپاڵ شەڕڤانانی ئازادی لە هەمان سەنگەر بمێنێتەوە. سەرەڕای هەلومەرجی سەخت و تەمەنی هەڵکشاویی، لە شەڕڤانانی ئازادی دوورنەکەوتەوە.
یەپەگە دەڵێت: "مام نەمر تا دوا ساتی بەرخۆدان لە ڕیزەکانی تێکۆشان دەمێنێتەوە. دەبێتە سیمبولی بەرخۆدان. یەکەم شت سەرنجی ڕۆژنامەنووسانی ڕادەکێشا کاتێک دەهاتنە سەنگەرەکانی بەرخۆدان، مام نەمر بوو. هەموو جیهان لەڕێگەی ڕاستی مام نەمرەوە شایەتحاڵی ئەوە بوون لە کۆبانێ چ بەرخۆدانێک هەیە.
ڕۆڵەکانیشی وەک مام نەمر تا دوا ساتی ئەم بەرخۆدان لە تێکۆشان بەردەوام بوون. عوسمانی کوڕی، ل حوزەیرانی ٢٠١٥ لە هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ شەهید بوو. سەرەڕای هەموو شتێک، مام نەمر و بنەماڵەکەی لەناو تێکۆشان مانەوە. مام نەمر بەهۆی برینەکەی ملییەوە کەمئەندام بوو، پاش بەرخۆدانی کۆبانێ، لەناو خەباتی شۆڕشگێڕییدا درێژەی بە تێکۆشان دا. تا دوا هەناسە بۆ گەلەکەی تێکۆشا".
بۆ ئازادیی گەلی کورد ژیا
لەکۆتاییدا یەپەگە دەڵێت: "مام نەمر بوو بە سیمبولی بەرخۆدانی کۆبانێ و وڵاتپارێزێکی نمونەیی. بە هەستێکی سادە و پاکی وڵاتپارێزییەوە دەژیا. بۆ ئازادی گەلی کورد ژیا و خەباتی کرد. مام نەمر بە بەرخۆدانەکەی نەک هەر بۆ کورد، بەڵکو بۆ هەموو مرۆڤایەتی بوو بە نموونەی بەرخۆدان. ناوی خۆی وەک سیمبولی وڵاتپارێزی و دڵسۆزی بۆ خاک و گەلەکەی لە مێژووی ئازادیدا نووسیوە.
بەبۆنەی شەهیدبوونی مام نەمرەوە، سەرەخۆشی لە بنەماڵە هێژا و وڵاتپارێزەکەی و هەموو گەلی بەرخۆدەر و وڵاتپارێزمان دەکەین. ئەمڕۆش وەک شەڕڤانانی ئازادی کە دەسکەوتەکانی شۆڕش دەپارێزین، بەڵێن دەدەین تا کۆتایی نەریتی بەرخۆدانی مام نەمر بپارێزین. بەڵێنەکەمان بۆ مام نەمر و هەموو شەهیدان دووپات دەکەینەوە".