ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری: کۆمەڵکوژی شەنگال بە جینۆساید بناسن

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند، کۆمەڵکوژی شەنگال جینۆسایدێکە کە گەلی ئێزیدی بە تێدا بە ئامانج گیرا و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ئەم کۆمەڵکوژییە بە جینۆساید بناسێنن.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە بۆنەی ١٠یەمین ساڵوەگەڕی کۆمەڵکوژی ٣ی ئاب ئێزیدیەکانی شەنگال بەیاننامەیەکی نووسراوی بڵاوکردەوە.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە مەبەست لە کۆمەڵکوژی گەلی ئێزیدی لە شەنگال لەناوبردنی کۆمەڵگایەک و جینۆسایدکردنی کولتووریان بووە. و جەخت لەوە کراوەتەوە کە گەلی ئێزیدی لە مێژوودا ٧٤ فەرمان (جینۆساید)ی بەسەردا سەپێندراوە. هەروەها جەخت لەوەش کراوەتەوە کە سەرەڕای کارەساتێکی وەها گەورە، گەلی ئێزیدی بۆ تۆڵەسەندنەوەی مەرگی ڕۆڵەکانیان و ڕزگارکردنی شەنگال لە چنگی چەتەکانی داعش لە ماویەکی کەمدا دەستیان بە ڕێکخستنی خۆیان کرد و یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە)یان دامەزراند.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کۆمەڵکوژی شەنگال، بە توندی شەرمەزار دەکات و داوادەکات کردەوەی نامرۆڤانەی چەتەکانی داعشی کە بە پێچەوانەی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤە، لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، بە جینۆساید پەسەند بکەن.