ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری: لەگەڵ پەنابەرانی سوریاداین

حەسەن کۆچەر: "هەموو دەرفەتێکمان بۆ هەموو گەلانی سوریا بەکار دێنین. هەوڵ دەدەین ببینە وەڵامدەرەوەی سەرجەم پێداویستییەکانی گەلانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا".

حەسەن کۆچەر، جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات ڕایگەیاند؛ شەڕ و ململانێکان لە ناوچەکەدا دەبێتە هۆی شەپۆلێکی کۆچ لە داهاتوودا و بە تایبەتی ئامانجی دەوڵەتی تورک، دروستکردنی ناکۆکی نێوان گەلانە و گۆڕانکاری دیمۆگرافی ناوچەکەیە.

حەسەن کۆچەر لە سەرەتای قسەکانیدا سیاسەتە نەرێنییەکانی دەوڵەتی تورک و وڵاتانی ناوچەکە بەرامبەر بە کۆچبەران هەڵسەنگاندنی کرد و وتی: "هۆکاری ئەوەی دەوڵەتی تورک پرسی کۆچبەرانی سوریای خستۆتە ڕۆژەڤەوە، لەبەر ئەوە نییە کە ڕێبازێکیان لە بەرژەوەندی کۆچبەراندا بێت، بەڵکوو ئامانجی سەرەکییان سیاسەتی بەرژەوەندیخوازانەی خۆیانە کە پەیوەستە بە ئابوورییەوە.

بە نیشتەجێکردنی گەلانی ناوچە جیاجیاکانی سوریا، لەو ناوچانەی داگیریان کردووە، بەتایبەت لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هەم لە هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیا و هەمیش دروستکردنی ململانێی نێوان گەلانی سوریایە، ئامانجی سەرەکی دەوڵەتی تورک ئەمەیە. بە تایبەت لەژێر ناوی ڕێکخراوەکانی هاریکاری مرۆیی، لە ڕاستیدا ڕاستەوخۆ لە هەوڵی جێبەجێکردنی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکەن."

حەسەن کۆچەر لە میانەی قسەکانیدا ئاماژە بەوەشدا کە شەڕەکانی ناوچەکە بوونەتە هۆی کۆچبەریەکی زۆر. ئەم شەڕانە لەسەر بنەمای کۆمەڵکوژی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووری دژ بە پێکهاتە و گەلانی ناوچەکە ئەنجام دەدرێت. ئەمەش بێگومان دەبێتە هۆی زیادبوونی ژمارەی کۆچبەران و شەپۆلێکی کۆچکردن بەرەو ئەوروپا دروست دەکات. لە کاتێکدا کە چارەسەر و بەدیل بۆ کێشەکان هەیە، بەڵام چارەسەری ناکەن لەبەر ئەوەی سیاسەتی گۆڕانکاری دیمۆگرافیا و بەرژوەندییە ئابوورییەکان لە سەروی هەموویانەوەیە.

هێرشی زۆر چڕ کرایە سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. بەم هێرشانە ویستیان گەلانی ناوچەکە ڕووبەڕووی کۆچکردن بکەنەوە. بەڵام گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا توانیان بەرەنگاری هێرشەکان ببنەوە. ئەمڕۆ ئەگەر کۆچبەران ڕوو له باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکەن، به هۆی ئەوەیه که ئاسایش و ئارامی لە هەرێمەکە چەسپاوە.

لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کەمپی زۆر هەیە. کەسانێک زۆر لە کەمپی سەردەم لە شەهبا دەمێننەوە. هەروەها کەمپی سەرێکانی و کەمپی تل سەمین لە ڕەقە هەیە. ئاوارەکان بە دابینکردنی پێداویستییەکانیانەوە لەم کەمپانەدا دەمێننەوە.

ئێمە وەک ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوام وتوومانە و دەڵێین: "هەموو ئەو دەرفەتانەی لە دەستمان بێت، لەگەڵ هەموو گەلانی سوریادا هاوبەشی دەکەین. هیچ کەسێک ناتوانێت لەم بابەتەدا نەتەوایەتی بوونی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بخاتە ژێر پرسیارەوە. ئێمە لە دابینکردنی پێداویستی و داکۆکیکردن لە مافەکانی هەموو ئەو کەسانەی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەژین درێغی ناکەین. هەروەها هەرکەسێک ڕووبکاتە ئەم ناوچەیە، ئێمە هەمان ڕێباز بەکار دێنین."

حەسەن کۆچەر لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە پێویستە حکومەتی دیمەشق لە گەڕانەوەی پەنابەرە سوورییەکان بەشداری بکات. ئێمە لەسەر ئەو بنەمایە پێشوازیمان لە پەنابەرە سوورییەکانی لوبنان کردووە. بۆ یارمەتیدانی کۆچبەران لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کۆمیسیۆنمان دامەزراندووە، هەروەها کەمپەکانمان ئامادە کردووە. تا ئێستا نزیکەی ٢٠ هەزار کۆچبەر جێگیر کراون و ئەم ژمارەیە ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە، سەبارەت بە پێداویستییەکانی کۆچبەران بانگەوازمان لە زۆرێک لە ڕێکخراوە مرۆییە نێونەتەوەییەکان کردووە.

لەوباوەڕەداین لەم بارودۆخەی ئێستادا چارەسەرێک بۆ کێشەی کۆچبەران لە ئارادا نییە. بە پێچەوانەوە پێدەچێت ئەم دۆخە لە داهاتوودا ببێتە قەیرانێکی زۆر مەترسیدارتر لە ناوچەکە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت ئەوروپاش بگرێتەوە. چونکە درێژە بە شەڕ دەدرێت. بۆیە پێویستە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی پەیوەندیدار بەم بوارە پشتیوانی بکەن. حکومەتی دیمەشق دەبێت ئەرکەکانی خۆی بەرامبەر بە گەلی سوریا جێبەجێ بکات. هەرچەندە تا ئێستا هیچ پلانێکی دیار نییە بە تایبەت لە گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی سووریا، کە ملیۆنان کەس لە وڵاتەکەوە کۆچیان کردووە.