تەژەئا: دژی زمانی پیاوانە تێدەکۆشین

تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) ناڕەزایەتی خۆی پیشاندا سەبارەت بەو هێرشەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکرێتە سەر هاوسەرۆکی هەدەپە، پەروین بوڵدان، دووپاتی کردەوە دژی زمانی پیاوانە تێدەکۆشن.

تەژەئا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دووپاتی دەکاتەوە ژنی کورد بە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" درێژە بە تێکۆشان دەدەن.

هەروەها ئاماژە بەوە دەکات سیستەمی هاوسەرۆکایەتی ڕێگەیەکی نوێی کردەوە بۆ ژن لە گۆڕپانی سیاسەتی دیموکراتیکدا، لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە:

"پاش هەڵبژاردنەکان ڕووبەڕووی چەندین هێرش بووینەوە و خەریکە دەگاتە ئاستی کوشتن. بێگومان دەزانین هێرشەکان ڕێکخراون و ئامانجیان لەپشتە. نابێت زمان و شێوازێکی ناشیرین لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبێتەوە. هەر لە سەرەتاوە هەڤاڵی تێکۆشەر پەروین بوڵدان لەنێو هەلومەرجێکی دژواردا بەشداریکرد لە گۆڕەپانی سیاسەت و مافی ژنان، ڕۆڵی پێشەنگی گێڕا و ڕەنجی کێشا. ڕێگە نادەین زمان و زیهنیەتی پیاوانە هێرش بکاتە سەر ژن. بە پێداگرییەوە دەڵێین، ئەمجارەش وەک هەموو جارێک دژی زمانی پیاوانە تێدەکۆشین. لەسەر ئەم بناغەیە، داوا لە هەموو ژنان دەکەین تێکۆشانی ئازادی ژنان بەگوڕتر بکەن".